Heman Hussein Yaseen
25 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2023
هەولێر - AA
حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە داهاتی نەوت لەدەست هەرێمی کوردستان نەماوە و حکوومەتی عێراقیش بە بەرپرس دەزانێت لە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، هاوکات پەیامێک ئاراستەی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان دەکات کە بەرپرسیارانە بەرامبەر خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانیان بجووڵێنەوە و مامەڵە بکەن.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشەوا هەورامانی لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە "داھاتی نەوت بە رێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی عێراقی لەدەست ھەرێمی کوردستان نەماوە".
لە راگەیاندراوەکەی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشەوا هەورامانی دا هاتووە: "ئێستا کە داھاتی نەوت بە رێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی عێراقی لەدەست ھەرێمی کوردستان نەماوە، حکوومەتی عێراق بە بەرپرس دەزانین لە دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی ھاونیشتمانیانی ھەرێمی کوردستان بە پێی یاسای بوودجە، لەم پرسەدا ئێمە ھەموو ئەرکێکی سەرشانی خۆمان جێبەجێکردووە و پابەندییەکی تەواوی یاساییمان بە جێگەیاندووە و تا ئەمڕۆش سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدا بووە بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق ھەرچی زووە مووچەی مووچەخۆران بنێرێت و لەمە زیاتر ئەم پرسە دوا نەکەوێت".
لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەدا هاتووە: "پەیامی ئێمە بۆ بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان و خەڵکانێکە کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا بە ھیچ جۆرێک گوێیان بە پێگەی یاسایی و دەستووری ھەرێمی کوردستان نەداوە و وەک ھاونیشتمانییەکی خەمخۆری خەڵکی کوردستان رەفتاریان نەکردووە، لەمە زیاتر لە پێگەی ھەرێمی کوردستان نەدەن و بۆ جارێکیش بێت بەرپرسیارانە بەرامبەر خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانیان بجووڵێنەوە و مامەڵە بکەن، ئەم پرسە پەیوەندیی راستەوخۆی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە ھەیە و بابەتی موزایەدە و بانگەشەی ھەڵبژاردن نییە و پێویستە نەکرێتە ئامرازێک بۆ لێدان لە پێگەی یاسایی و دەستووریی ھەرێمی کوردستان".