Zana Natık Kerem
25 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2023
ھەولێر – AA
رۆژی ١٠ی تەممووزی ٢٠٢٣ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی چوار گرێبەستیان لە بواری وزەدا واژوو کرد کە بەھاکەی ٢٧ ملیار دۆلارە.
لەچوارچێوەی گرێبەستەکاندا، چوار پرۆژەی گەورە لەلایەن کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی لە بوارەکانی بەرھەمھێنانی نەوت، غاز و کارەبا لە عێراق ئەنجام دەدرێن و لە قۆناغی یەکەم و دووەمی پرۆژەکاندا، وەبەرھێنان لە غازی ھاوەڵ دەکرێت بە توانای ٦٠٠ ملیۆن پێی سێجا لە رۆژێکدا.
عێراق ساڵانە، بە بەھای چوار ملیار دۆلار لەسووتاندنی غازی ھاوەڵ بەھەدەر دەدات، ئەمە جگە لەوەی عێراق لەساڵی ٢٠٢٠دا، بووە دووەم خراپترین وڵات لەسەر ئاستی جیھان لەڕووی سووتاندنی غازی ھاوەڵ کە بڕەکەی گەیشتووەتە ١٨ ملیار مەتر سێجا.
- وردەکاری گریبەستەکانی نێوان عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی
لەچوارچێوەی واژووکردنی گرێبەستەکاندا، چوار پرۆژەی گرنگ لە وەبەرھێنان لە کەرتەکانی نەوت، غاز و کارەبا لە عێراق جێبەجێ دەکرێن.
پرۆژەی یەکەم تایبەت دەبێت بە بەکارھێنانی دەریا بۆ ھەناردەکردنی نەوت و لەچوارچێوەی پرۆژەی دووەمدا، وەبەرھێنان لە غازی ھاوەڵ دەکرێت بە توانای ٦٠٠ ملیۆن پێی سێجا لە رۆژێکدا.
پرۆژەی سێیەم، پەرەپێدان بە کێڵگەی نەوتی ئەرتاوی لە پارێزگای بەسرە لەخۆدەگرێت، بە جۆرێک بەرھەمھێنان لەو کێڵگەیە بۆ ٢١٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد دەکرێت.
پڕۆژەی چوارەم، تایبەت دەبێت بە دامەزراندنی وێستگەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبا لەڕێگای تیشکی خۆرەوە بە توانای ھەزار میگاوات کە دەبێت بە یەکێک لە گەورەترین پرۆژەکانی وزە لە ناوچەکە.
ھەروەھا سەدا ٣٠ی پشکی پڕۆژەکان بۆ عێراق دەبێت و سەدا ٤٥ی بۆ کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی و سەدا ٢٥یش بۆ کۆمپانیایەکی قەتەری دەبێت کە لە جێبەجێکردنی پرۆژەکاندا بەشدار دەبێت.
- عێراق دەوێت تا ساڵی ٢٠٢٩ دەستبەرداری ھاوردەکردنی غاز و کارەبا بێت لە ئێران
عێراق ساڵانێکی زۆرە بۆ دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت، بەڵام ناوە ناوە ئێران بە بیانووی جیاجیا ھەناردەکردنی غاز بۆ عێراق کەم دەکاتەوە یان رادەگرێت.
بەردەوام ئێران لە وەرزی ھاویندا کارتی غاز و کارەبا لە دژی عێراق بەکار دەھێنێت و بە چەندین ھۆکار ھەناردەکردنی غاز بۆ عێراق کەم دەکاتەوە کە ئەوەیش کاریگەری لەسەر کەمکبوونەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا دروست دەکات.
لە ساڵانی رابردوودا، عێراق لە پاڵ ھاوردەکردنی غاز بۆ وەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا، ھەروەھا ھەزار و ٢٠٠ میگاوات کارەبای ھاوردە کردووە.
ئێستا حکوومەتی عێراق لەڕێگای یەکێک لەو پرۆژانەی کە کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی جێبەجێی دەکات، وەبەرھێنان لە غازی ھاوەڵ بکات بە توانای ٦٠٠ ملیۆن پێی سێجا لە رۆژێکدا بۆ ئەو وێستگانەی کە کارەبا بەرھەم دەھێنن، ئەوەیش بە ئامانجی زیادکردنی بەرھەمھێنانی کارەبا، بۆ ئەوەی بتوانێت بەو رێگایە قەیرانی کارەبای پێ چارەسەر بکات.
حکوومەتی عێراق بەو ھەنگاوە دەیەوێت، دەستبەرداری ھاوردەکردنی غاز بێت لە ئێران و پشت بە توانای خۆی ببەستێت لە دابین کردنی غاز بۆ ئەو وێستگانەی کە کارەبا بەرھەم دەھێنن.
- بەجێبەجێ کردنی گرێبەستەکان، عێراق دەبێت بە ناوەندێکی گرنگ لە بازاڕی غاز
حکوومەتی عێراق لەڕێگای جێبەجێکردنی گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی، ھەوڵ بۆ ئەوە دەدات کە لە ساڵانی داھاتوودا، وڵاتەکەی بکات بە ناوەندێکی گرنگی وزە لە جیھاندا.
پێشتر محەمەد شیاع سوودانی لە میانی ٦٠ھەمین ساڵیادی دامەزراندنی رێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت "ئۆپێک" رایگەیاندبوو کە ساڵانە، چوار ملیار دۆلاریان بۆ کڕینی غاز بەفیڕۆ دەڕوات، بەڵام ئێستا ھەوڵی چارەسەرکردنی سووتاندنی غازی ھاوڵ دەدەن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەیشدابوو، ساڵانێکی زۆرە عێراق پشتی بە نەوت بەستووە، وەک سەرچاوەیەکی بنەڕەتی بۆ ئابووریی وڵات، بەڵام لەبەرامبەردا بەرھەمھێنانی غازی پشتگوێ خستەوە، ئەمەش وایکردووە چەندین دەرفەتی گەشەپێدان لەدەست بدرێت.
محەمەد شیاع سوودانی ئاشکراشی کردبوو کە بەجێبەجێکردنی گرێبەستانەی کە لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی واژوویان کردووە، وەبەرھێنانی زیاتر لە کەرتی وزە دەکەن، بۆ ئەوەی لە چەند ساڵی داھاتوودا، عێراق بکەن بە ناوەندێکی گرنگ لە بازاڕی غازدا.
بە گوتەی بەرپرسانی عێراق، بە تەواوکردنی ئەو پرۆژانەی کە لەچوارچێوەی گرێبەستەکاندا لەلایەن کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی-یەوە جێبەجێ دەکرێن، عێراق لەڕووی داھاتەوە، ٩٥ ملیار دۆلاری دەست دەکەوێت.