Zana Natık Kerem
05 تشرینی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 07 تشرینی دووەم 2024
ھەولێر ــ AA
حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند کە ١٦ دۆلار بۆ بەرھەمھێنانی یەک بەرمیل نەوتی ھەرێم خەرج دەکات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیراندا کە ئەمڕۆ سێشەممە بەسەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سوودانی ئەنجامدراوە، بڕیاریداوە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ قەرەبووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان-عێراق لە خەرجییە سیادییەکان بۆ تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوت بکاتەوە، بۆ ئەو بڕە نەوتەی لە ھەرێم بەرھەمدەھێندرێت و ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) دەکرێت، ھەروەھا بەشێوەیەکی دادپەروەریش خەرجی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوت دیاری دەکرێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لایەنێکی ڕاوێژکاری تەکنیکی نێودەوڵەتی کە وەزارەتی نەوتی عێراق بە ھاوکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێم دەست نیشانی دەکەن لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا خەرجی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوتی ھەرێم دیاری دەکات، ئەگەر لەو ماوەیەدا دەست نیشان کردنی لایەنەکە جێبەجێ نەکرا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەو لایەنە ڕاوێژکارییە نێودەوڵەتییە دەست نیشان دەکات.
ڕاشیگەیاندووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە کە دەستبەجێ نەوتی بەرھەمھێنراوی ھەرێمی کوردستان ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت، تا مەزەندی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوتی ھەرێمیش لەلایەن ئەو لایەنە ڕاوێژکارییە نێودەوڵەتییە تەواو دەکرێت، لەم قۆناغەدا وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ بەرھەمھێنان و گواستنەوەی ھەر بەرمیلێک نەوتی ھەریم، ١٦ دۆلار خەرج دەکات.