Çiğdem Münibe Alyanak
12 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2022
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: ''٢٠ ساڵ لەمەوبەر ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی لەبواری پیشەسازی بەرگرییدا کاریان دەکرد ٥٦ بوو، ئەمڕۆ زیاتر لەهەزار و ٦٠٠ کۆمپانیا لە هەمان بواردا کار دەکەن''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی پاڵەوانێتی هەفتەی داهێنانی تورکیا "ئینۆڤالیگ" کە لەلایەن ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا لە ناوەندی کۆنگرەی هالیچ سازکرا، گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا لە گوتارەکەیدا، پیرۆزبایی لەو کەسایەتی و دامەزراوانە کرد کە شایستەی بردنەوەی خەڵاتەکان بوون و سوپاسی ئەو کۆمپانیا تورکیانەی کرد کە لە پێناو داهاتووی تورکیا کار دەکەن، بیردەکەنەوە، بەرهەمدەهێنن و بە بیرۆکەکانیان زەمینەسازی دەکەن.
ئەردۆغان باسی لە توانای پیشەسازی تورکیا کرد لە رووی هەناردەکردنی بەرهەمەکانییەوە و گوتی: ''لە کاتێکدا پیشەسازی بەرگریی بە تێکرا ٢٤٨ ملیۆن دۆلار هەناردە ئەنجام دەدات، پشتیوان بەخوا ئەمساڵ چوار ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت''.
گوتیشی: ''بوودجەی پرۆژە بەرگرییەکانمان لە نزیکەی ٥،٥ ملیار دۆلارەوە گەیاندووەتە سەرو ٧٥ ملیار دۆلار''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە پلانی داهاتوویان لە بواری بەرهەمی ناوخۆیی نەوتدا، رایگەیاند: ''پلانمان وایە لە ساڵی داهاتوودا بەرهەمی نەوتی ناوخۆیی بگەیەنینە ١٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها سەبارەت بە بەرهەمی ناوخۆیی ئۆتۆمبێل، گوتی: ''پشتیوان بەخوا لە ماوەی چەند مانگێکدا، ئۆتۆمبێلی تورکی TOGG لە رێگاوبانەکاندا دەبینن کە جێگەی شانازی تورکیا و پیشەسازی تورکیایە''.
گوتیشی: ''ئۆپۆزسیۆن کە نەهات بۆ کردنەوەی کارگەی TOGG، بەڵام ١٠ هەزار کیلۆمەتری بڕی بۆ خواردنی هەمبەرگر، جێدەهێڵم بۆ نەزانی خۆی''.
ئەردۆغان سەبارەت بە دۆخی بازاڕ لە جیهان و تورکیادا رایگەیاند: ''بابەتی گرانی کە گەورەترین سەرچاوەی کێشەیە بۆ هەموو جیهان بە ئەورووپا و ئەمریکاشەوە، هەنگاو بە هەنگاوە بەرەو چارەسەرکردنی دەگەین''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەو هەوڵەکانی بەرزکردنەوەی ئابووریی وڵات کرد و رایگەیاند: ''پێداگرانە بەردەوام دەبین لەسەر خەباتەکەمان تا ئەو کاتەی تورکیا دەخەینە نێو ١٠ گەورەترین ئابووریی جیهانەوە''.