Haydar Şahin
09 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2023
تاران - AA
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ناوچە ئابوورییە ئازاد و تایبەتەکان لە ئێران، حوجەتوڵلا عەبدولمەلەکی ئاماژەی بەوە کرد کە ناوچەی هاوبەشی بازرگانیی ئازاد لەنێوان ئێران و تورکیادا دروست دەکرێت.
حوجەتوڵلا عەبدولمەلەکی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە پێشانگای هەناردەکاری ئێران (IRAN EXPO 2023) لە تارانی پایتەخت سازی کرد، باسی لەوە کرد کە لەگەڵ ١٨ وڵات گفتوگۆیان کردووە سەبارەت بە دامەزراندنی ناوچەی بازرگانیی ئازاد.
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ناوچە ئابوورییە ئازاد و تایبەتەکان لە ئێران ئاماژەی بەوەیش کرد کە لەو بارەیەوە گفتوگۆیان لەگەڵ تورکیا کردووە و گوتی: ''لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، پسپۆڕانمان لەگەڵ موخاتەبەکانیاندا بەگشتیی بەشێوەی ئۆنلاین دانوستانیان کردووە''.
حوجەتوڵلا عەبدولمەلەکی هەروەها باسی لەوە کرد کە دەقی رێککەوتن لەبارەی دامەزراندنی ناوچەی هاوبەشی بازرگانیی ئازاد ئامادە کراوە و لە ماوەی یەک دوو مانگدا واژوو دەکرێت.
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ناوچە ئابوورییە ئازاد و تایبەتەکان لە ئێران ئەوەشی خستەڕوو کە لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا، لەسەر ئاستی پەرلەمان گفتوگۆیان لەگەڵ تورکیا ئەنجام داوە و سەردانی دوو ناوچەی بازرگانیی ئازادی تورکیایان کردووە.
گوتیشی: ''گرنگیمان بە گواستنەوەی تەکنەلۆجیای پێویست داوە بەمەبەستی باش بەڕێوەبردنی ناوچەی بازرگانیی ئازاد. چاوەڕوانی واژووکردنی رێککەوتنەکەین لە دوای واژووکردنەکە بابەتە یاسایی و تەکنیکییەکان و جوگرافیا تاوتوێ دەکەین و دەست بە چالاکییەکانی ناوچەی بازرگانیی ئازاد دەکەین''.