جيهان, ئابووری

ئێران: "ئامادەین هاوکاری ئەو رێڕەوە بکەین کە لە دەریای رەشدا بۆ گواستنەوەی دانەوێڵە دروست دەکرێت"

وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ئاشکرای کرد کە ئامادەن هاوکاری ئەو رێڕەوە بکەن کە بڕیارە لە دەریای رەشدا بۆ گواستنەوەی دانەوێڵە دروست بکرێت.

Ahmet Dursun  | 01.07.2022 - نوێکردنەوە : 03.07.2022
ئێران: "ئامادەین هاوکاری ئەو رێڕەوە بکەین کە لە دەریای رەشدا بۆ گواستنەوەی دانەوێڵە دروست دەکرێت"

Ankara

ئەنقەرە- AA

وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ئاشکرای کرد کە ئامادەن هاوکاری ئەو رێڕەوە بکەن کە بڕیارە لە دەریای رەشدا بۆ گواستنەوەی دانەوێڵە دروست بکرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەبدوڵڵاهیان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ هاوتا ئۆکراینییەکەی، دمیترۆ کولێبا، ئەنجامداوە و تیایدا لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بەرەوپێشچوونە نێودەوڵەتییەکانەوە دواون.

لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە گفتوگۆی نێوان سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین کردووە کە لە ٢٩ی حوزەیراندا ئەنجامدراوە و هەڵوێستی حکوومەتی تارانیشی دژبە جەنگ لە ئۆکراینا، دووپات کردووەتەوە.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان جەختی لەوەش کردووەتەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە هەموو پشتیوانییەکی هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپڵۆماتی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئۆکراینا بکات و رایگەیاندووە: "هەر لە سەرەتای قەیرانەکەوە دژبە هەڵگیرساندنی جەنگ بووین و جەنگمان وەک چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەکان، نەبینیووە".

لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، دمیترۆ کولێبا سوپاسی هەڵوێستی ئێرانی بەرامبەر بە وڵاتەکەی کردووە و ئاماژەی بەوەشداوە کە حکوومەتی کیێڤ لەپێناو کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئامادەی وەرگرتنی هەرجۆرە هاوکارییەکە.

وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا ئاماژەی بەوەشداوە کە وڵاتەکی ئامادەیە پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بدات بە کەرتی کشتوکاڵ و دانەوێڵەشەوە. بۆ ئەمەش جەختی لە گرنگی بەردەوامیدان بە گفتوگۆی نێوان تاران و کیێڤ، کردووەتەوە.

جێی ئاماژەیە رووسیا و ئۆکراینا، دوو گەورەترین بەرهەمهێنەری دانەوێڵەن لە جیهاندا، بەهۆی ئەوەی کە لە ئێستادا جەنگ کەوتووەتە نێوان ئەو دوو وڵاتەوە، جیهان لەبەردەم مەترسی قەیرانێکی گەورەی دانەوێڵەدایە، بۆ رێگرییکردن لەم قەیرانەش بە هەماهەنگی نێوان نەتەوەیەکگرتووەکان، رووسیا، ئۆکراینا و تورکیا، پلانیان وایە ملیۆنان تۆن دانەوێڵە لەو دوو وڵاتەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکرێن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın