عێراق

پەرلەمانی کوردستان.. کرداری پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ و قسەی پەرلەمانتارێکی یەکێتی کاردانەوەی لێکەوتەوە

- "بە دەنگی ٧٣ پەرلەمانتار بڕیاردرا هەتاوەکو سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، کازم فاروق داوای لێبوردن لە پەرلەمانی کوردستان نەکات، ناتوانێت بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمان و کۆبوونەوە و چالاکی لیژنەکانی پەرلەمانیش بکات".

Hawkar Yaseen  | 31.03.2021 - نوێکردنەوە : 31.03.2021
 پەرلەمانی کوردستان.. کرداری پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ و قسەی پەرلەمانتارێکی یەکێتی کاردانەوەی لێکەوتەوە

Arbil

هەولێر AA

لە دانیشتنی ژمارە پێنجی ئاسایی خولی بەهارەی پەرلەمانی کوردستاندا بەهۆی دوو رووداوی نێو دانیشتنەکە، پشێوی کەوتە نێو هۆڵی پەرلەمانی کوردستانەوە و کاردانەوەی توندی لایەنەکانی نێو پەرلەمانی لێکەوتەوە.

رووداوەکانی نێو دانیشتنەکەی ئەمڕۆ، بەم جۆرە بوون؛ لە سەرەتای دانیشتنەکەدا پەرلەمانتاری یەکێتی، هاوڕێ مەلا ستار کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە حکوومەتێکی مێینە ناوزەند کرد، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ-یش، کازم فاروق پیڵاوەکانی گرتە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و خۆی و ئەندامانی فراکسیۆنەکە دانیشتنی پەرلەمانیان بەجێهیشت.

دواتر دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان پێشنیازی ئەوەی خستە دەنگدانەوە کە دەبێت بۆ گەڕانەوە بۆ نێو دانیشتنەکان، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، کازم فاروق داوای لێبوردن لە پەرلەمانی کوردستان بکات لەبەرامبەر ئەو کردەوەیەی ئەنجامیدا، ئەگەر نەشیکات بۆی نەبێت بەشداری دانیشتنەکان بکات، پاش پرۆسەی دەنگدانەکەش ٧٣ پەرلەمانتار دەستیان هەڵبڕی و بڕیاردرا کازم فاروق هەتاوەکو داوای لێبوردن نەکات لە پەرلەمانی کوردستان، ناتوانێت بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان و کۆبوونەوەی لیژنەکانی پەرلەمانیش بکات.

ئەم دوو رووداوە کاردانەوەی توندی لایەنەکانی نێو پەرلەمانی لێکەوتەوە، هەرچەندە فراکسیۆنی یەکێتی قسەی پەرلەمانتارەکەیان بە رای کەسی خۆی ناوزەندکرد و رایانگەیاند گوزارشت ناکات لە بۆچوونی فەرمی فراکسیۆنەکە و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش.

فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پەرلەمانى کوردستان دەربارەی هەردوو رووداوەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان رێکخست.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، زانا مەلا خالید لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند" ئەمڕۆ لە دانیشتنى پەرلەمانى کوردستان دوو حاڵەتى نەخوازراو روویدا، یەکێکیان ناوهێنانى کابینەى حکوومەتى هەرێم بە حکوومەتى مێینە، ئەوە نەشیاوى و ڕێز نەگرتنە لە نیوەى توێژى هەرێمى کوردستان و ئەوەش سووکایەتییە بە تیمى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە کابینەى نۆیەمدا، چونکە کابینەکە متمانەپێدراوى پەرلەمانى کوردستانیشە، بۆیە ئەو دەستەواژەیە ئەگەر بە سووکایەتى بێت ئەوە سەرەتا سووکایەتییە بە ئافرەتانى کوردستان و دواتریش سیاسەتى کارکردنى حکوومەتى هەرێمى کوردستان".

گوتیشی: "ئەوەی کە فراکسیۆنی یەکێتی داوای لێبوردنی لە قسەی پەرلەمانتارەکەیان کرد و بە رای فراکسیۆنی یەکێتی و خودی حزبەکەشیان نەزانی بەڕێزەوە وەردەگرین و قبوڵی داوای لێبوردنەکە دەکەین".

دەربارەی رووداوی دووەمیش کە لە دانیشتنی پەرلەمان روویدا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، زانا مەلا خالید رایگەیاند "پەرلەمانتارێک دوور لە هەر ئەتەکێتێک، پێڵاوى گرتۆتە سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان کە ئەوە هەم وەک تاوان ئەژماردەکرێت، هەمیش ئەوە سووکایەتییە بە خودى خۆی وەک پەرلەمانتار، چونکە ناتوانێت بەرگری لە مافى خەڵک بکەن بۆیە ئەو کردەوانە ئەنجام دەدەن، ئەمە دیاردەیەکە لەم خولەدا چەندجارێک لەلایەن ئەم پەرلەمانتارانەوە دووبارە بووەتەوە، نابێت خەڵکی کوردستان و دەنگدەرەکانی خۆیان لێیان قبوڵ بکەن".

گوتیشی: "کاری ئۆپۆزسیۆن ئەوە نییە کە ئەمانە دەیکەن، کاری ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە کە هەڵە و کەموکوڕییەکان دەستنیشان بکەن و پرۆژەیان هەبێت بۆ چارەسەر".

دەربارەی هەڵوێستی پارتی لەسەر ئەو کردەوەیەش، زانا مەلا خالید رایگەیاند "ئێمە بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو کردەوەیە و ئەو پەرلەمانتارەدا دەکەین، یاسا ئەوەی رێکخستووە و نابێت رێگە بدرێت بە سووکایەتی، پەرلەمانتار پارێزبەندی هەیە، بەڵام پارێزبەندی بۆ ئەوە نییە لەنێو هۆڵی پەرلەماندا پێڵاو بگریتە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، بۆیە دەبێت پارێزبەندی لەسەر هەڵبگیرێت و بە یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەپێی مادەکانی ٢٢٦ و ٢٢٩ و ٢٣٠ی یاسای سزادانی عێراقی، ئەو رەفتارەی کازم فاروق نواندی سزای یاسایی لەسەرە".

دواتریش فراکسیۆنی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا هەڵوێستی خۆیان لەسەر هەردوو رووداوەکە خستەروو.

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، لوقمان وەردی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند "ئێمە داکۆکیکاری سەرسەختی ژنان بوین و لەسەر دەستی سەرۆکی کۆچکردومان مام جەلال نەریتی داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان داهێنراوە و هەمیشە پشتیوانێکی بەهێزی ژنان بووین، ئێمە وەک یەکێتی و وەک فراکسیۆنی یەکێتی نەک پاشەکشە لەو پڕەنسیپانەمان ناکەین، بەڵکو پێمان وایە ژنان کۆمەڵەکەیەکی هەرەگرنگی پایەکانی کۆمەڵگان".

گوتیشی: "ئێمە بە شانازییەوە یەکێک لە پۆستە باڵاکانی هەرێمی کوردستانمان لایە ژنێکی تێکۆشەر کە ئەندامی سەرکردایەتییە لەو پۆستەدایە، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمدا یەک ژنی تێدایە ئەویش نوێنەرێکی یەکێتتییە لەو کابینەیەدا بۆیە ئەوەی روویدا گوزارشت ناکات لە رای فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان".

دەربارەی کردەوەکەی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ-یش، لوقمان وەردی رایگەیاند "ئەو هەڵسوکەتە بەدووری دەبینین لە رەوشتی پەرلەمان و پەرلەمانتار، چونکە کاردانەوەیەکی وای بەرامبەر نەکرا ببێتە هۆی ئەوەی کە پێڵاو بگرێتە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، بۆیە ئەم هەوڵە کارێکی ناڕاست و ترسنۆکانەیە و هەوڵێکە بە ئاراستەی بانگەشەکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت لە سۆشیال میدیا".

لە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستاندا، پاش ئەوەی بە دەنگدان کازم فاروق ناچارکرا بۆ گەڕانەوە بۆ نێو دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەبێت داوای لێبوردن بکات، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق لەسەر رووداوەکە قسەی کرد و رایگەیاند "با لای هەموو لایەک روونبێت، کازم فاروق پیڵاوە ئامادەکراوەکانی نەک ئەو پێڵاوانەی لەپێیدا بوو بەڵکو ئەوە پێڵاوێک بوو لەگەڵ خۆی بۆ ئەو کردەوەیە هێنابوویان فڕێیدایە بەردەمی مێزەکەی خۆی نەک بیگرێتە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، بەڵکو فڕێیدایە مەنەسەکەی بەردەمی خۆی، بۆئەوەی خۆی پێ نەکات بە پاڵەوان".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın