Istanbul
ئیستانبوڵ - AA
یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا، گواستنەوەی یارییەکانی کۆتایی پاڵەوانێتی لیگی بۆ پرتوگال راگەیاند، کە بڕیاربوو لە ٢٩ی ئایاردا لە یاریگای ئۆڵۆمپی ئەتاتورک لە ئیستانبوڵ بەڕێوەبچن.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپاوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە ئەو هاندەرانەی دەیانەوێت تەماشای یاری نێوان یانەکانی مانچێستەر سیتی و چێڵسی بەریتانی بکەن، بە هۆی رێکارییەکانی حکوومەتی بەریتانیاوە بەرامبەر پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ناتوانن گەشت بۆ تورکیا بکەن.
باس لەوە کرا کە یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا بیری لەوە کردبووەوە یاریەکە لە بەریتانیا ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی پەیڕەوکردنی کەرەنتینە لە بەریتانیا بڕیاردراوە یاریەکە لە یاریگای دراگاۆ لە شاری پۆرتۆ-ی پرتوگال ئەنجام بدرێت.
هەروەها ئاماژە بەوە کرا کە شەش هەزار هاندەر بۆ هەر یانەیەک لەو یاریەدا ئامادەبن.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە بەرپرسانی تورکیا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا هەوڵیانداوە بۆ بەڕێوەچوونی یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی لیگ بەشێوەیەکی سەرکەوتوو لە وڵاتەکەیاندا و، یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا سوپاسی ئەو هەوڵانە دەکات.
سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا، ئەلێکساندەر سیفرین، ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا لە رابردوودا بە سەرکەوتووی میوانداریی یارییەکی زۆری کردووە و، رایگەیاند: ''ئومێدەوارم لە داهاتوویەکی نزیکدا یاری کۆتایی لیگ و زۆر چالاکی دیکە لە ئیستانبوڵ و تورکیا بێت''.