سياسەت, جيهان

یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی G7 کودەتاکەی میانماریان ئیدانە کرد

یەکێتیی ئەورووپا و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی G7 لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا کودەتاکەی میانمار-یان ئیدانە کرد.

Cüneyt Karadağ  | 03.02.2021 - نوێکردنەوە : 03.02.2021
یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی G7 کودەتاکەی میانماریان ئیدانە کرد

Berlin

بەرلین- AA

یەکێتیی ئەورووپا و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی G7 لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا کودەتاکەی میانمار-یان ئیدانە کرد.

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەستگیرکردنی سەرۆکی میانمار، وین مینت و سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەت و وەزیری دەرەوە، ئونگ سان سو چی و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی لەو وڵاتە مایەی نیگەرانییە.

هەروەها داوا لە سوپای میانمار کراوە بەزووترین کات باری نائاسایی هەڵبگرێت و حکوومەتی هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات.

نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی G7 کە لە کەنەدا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەمریکا پێکدێن لە راگەیەندراوەکەیاندا ئاماژەیان بەوە داوە کە پێویستە رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ بگیردرێت و رێگە بدرێت هاوکارییە مرۆییەکان بگەنە لێقەوماوانی میانمار.

وەزیرانی دەرەوەی G7 پشتیوانی خۆیان بۆ سەرخستنی ئاشتی و گۆڕانکاری دیموکراسیانە لە میانمار دووپاتکردوەتەوە و داواشیان کردوە ئەو کەسانە سزا بدرێن کە مافەکانی مرۆڤیان پێشێلکردووە.

لە چەند هەفتەی رابردوودا لە میانمار بەشێوەیەکی بەرچاو دەنگۆی ئەوە بڵاوبووبووەوە کە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی هەشتی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ دا کراوە.

لە یەکی شوباتدا هەریەکە لە سەرۆکی میانمار، وین مینت و سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەت و وەزیری دەرەوە، ئونگ سان سو چی لەلایەن سوپاوە دەستبەسەرکران و باری نائاسایی لەو وڵاتە راگەیەندرا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın