تەندروستی, عێراق, کۆڤید- ١٩

یارمەتییە پزیشكییەكانی توركیا گەیشتە عێراق

ـ میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە، ئەو فڕۆكەیەی توركیا كە یارمەتییە پزیشكییەكانی هەڵگرتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتووەتە عێراق و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا نشتووەتەوە.

01.07.2020 - نوێکردنەوە : 01.07.2020
یارمەتییە پزیشكییەكانی توركیا گەیشتە عێراق

Arbil

بەغدا ــ AA

میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە، ئەو فڕۆكەیەی توركیا كە یارمەتییە پزیشكییەكانی هەڵگرتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتووەتە عێراق.

ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق بڵاوی كردەوە، ئەو یارمەتییە پزیشكییانەی كە لەلایەن توركیاوە راوەنەی عێراق كراوە لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ ((COVID-19) بەكار دەهێندرێت.

لای خۆیەوە گوتەبێژی ئەميندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، حەیدەر مەجید رایگەیاند كە فڕۆكەكەی توركیا لە بنكەی ئاسمانی شەهید محەمەد عەلا نشتووەتەوە.

حەیدەر مەجید لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، ئەو یارمەتییە پزیشكییانەی كە توركیا رەوانەی عێراقی كردووە، بریتیین لە ئامێری هەناسەدانی دەستكرد و ژمارەیەك ئامێری پزیشكیی تایبەت بە پشكنین و خۆپارێزیی كە دواتر وەزارەتی تەندروستیی عێراق رادەستی فەرمانگە تەندروستییەكان لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكەی دەكات.

گوتەبێژی ئەميندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، حەیدەر مەجید گوتیشی: "ناردنی ئەو یارمەتییە پزیشكییانە لەلایەن توركیاوە بۆ عێراق، قۆڵبوونەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان حكوومەت و گەلی هەردوو وڵات دەردەخات، جگە لەوەیش هەڵوێستی ئەرێنی توركیا بەرامبەر بە گەلی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە دووپات دەكاتەوە، هەروەها عێراق بە دەستپێشخەرییەكی ئەرێنی خۆشحاڵ دەبێت كە ببێتە مایەی پێشكەشكردنی پاڵپشتی پێویست بۆ دامەزراوە تەندروستییەكانی".

راشیگەیاند ئەو یارمەتییە پزیشكییەكانەی كە لەلایەن توركیاوە رەوانە كراوە، بۆ چارەسەركردنی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بەكار دەهێندرێت.

پێشتر باڵیۆزی توركیا لە بەغدا، فاتح یڵدز رایگەیاندبوو ئەو یارمەتییە پزیشكییانەی كە لەسەر فەرمانی سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئامادەكراون بەم زوووانە دەگەن بە عێراق بۆ ئەوەی لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بەكار بهێندرێن.

بەپێی دوایین ئامارەكان تا ئێستا 49 هەزار و 109 كەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەیش هەزار و 943 كەس گیانیان لەدەستداوە و 24 هەزار و 760ی دیكەیش چاكبوونەتەوە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın