ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی دۆسییە ھاوبەشەکانی ھەولێر و بەغدای تاوتوێ کرد
ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت بە ئامادەبوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە و لەبارەی دۆسییە ھاوبەشەکانی ھەولێر و بەغدا و چۆنییەتی چارەسەرکردنیان وەک ئەوەی لە دەستووردا ھاتووە، گفتوگۆیان کردووە.
Arbil
ھەولێر ــ AA
ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت ڕایگەیاند، کێشەکانی نێوانی هەولێر و بەغدایان بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی تاوتوێ کردووە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بە ئامادەبوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی میوانداری کۆبوونەوەی ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت'ی کرد.
دوای کۆتاییھاتنی کۆبوونەوەکە، ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، ژمارەیەک دۆسیەی پەیوەندیدار بە دۆخی سیاسی، ئەمنی و ئابووری عێراق تاوتوێ کراون، ھەروەھا باس لە ڕێکارەکانی باشترکردنی دۆخی ئابووری و بژێوی ھاووڵاتییان لە سەرتاسەری عێراق کراوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ھاتووە: "لە کۆبوونەوەکەدا، سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و شاندی یاوەری بۆ ئەمریکا و ئەو دۆسیە و تەوەرانەی گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، خراونەتە بەرباس".
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرکردەکانی ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت پاڵپشتی خۆیان بۆ محەمەد شیاع سوودانی و حکوومەتەکەی دووپات کردووەتەوە کە وەک لە ڕاگەیەندراوکەدا هاتووە، بۆ ئەوەی لە خزمەت بەرژەوەندی عێراق و سەقامگیری و ئاسایش و گەشەپێدانی بەردەوامدا بێت.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت، "لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی گفتوگۆکراوە لەبارەی دۆسییە ھاوبەشەکانی ھەولێر و بەغدا و چۆنییەتی چارەسەرکردنیان وەک ئەوەی لە دەستووردا ھاتووە، ھاوکات داواش کراوە کە ھەوڵە ھاوبەشەکان و پێکەوە کارکردنی نێوان ھەردوولا بەردەوامبن کە خزمەت بە سەقامگیریی و بەرژەوەندییەکانی تەواوی خەڵکی عێراق و پێکھاتەکانی بکات".