لە دەزگا, عێراق

گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم بەشداری لە هەڵبژاردنی وێنەی ساڵی ئاژانسی ئانادۆڵو کرد

گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم، دلشاد شەهاب سەیری ١٤٧ وێنەی کرد کە لە بەشەکانی (بوومەلەرزە' ئومێد)، (غەززە' بەڵگە)، ( ژینگە و ژیان)، (هەواڵ)، (وەرزش) دا کۆکراوەتەوە و لەهەر بەشێک دەنگی بە وێنەیەک دا کە سەرنجی ڕاکێشابوو.

Heman Hussein Yaseen  | 11.01.2024 - نوێکردنەوە : 26.01.2024
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم بەشداری لە هەڵبژاردنی وێنەی ساڵی ئاژانسی ئانادۆڵو کرد

Arbil

هەولێر - AA

گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان-عێراق، دلشاد شەهاب بەشداری لە دەنگدانی "وێنەی ساڵ" کرد کە ساڵانە لەلایەن ئاژانسی ئانادۆڵووەوە ساز دەکرێت.

دلشاد شەهاب سەیری ١٤٧ وێنەی کرد کە لە بەشەکانی (بوومەلەرزە' ئومێد)، (غەززە' بەڵگە)، ( ژینگە و ژیان)، (هەواڵ)،( وەرزش) دا کۆکراوەتەوە و لەهەر بەشێک دەنگی بە وێنەیەک دا کە سەرنجی ڕاکێشابوو.

لە بەشی بوومەلەرزە'ئومێد دا، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم، دەنگی بە وێنەیەکدا کە بریتییە لە ڕزگارکردنی دایک و کوڕە پێنج ساڵانەکەی لە ڕووداوی بوومەلەرزەکەی قەهرەمانمەڕەش کە لە ٦ی شوباتی ساڵی ڕابردوودا ڕوویدا، وەک لە وێنەکە دەردەکەوێت ئەم دایک و کوڕە دوای ٦٨ کاتژمێر لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکەدا لە ٩ی شوبات ڕزگار دەکرێن، وێنەکەش لەلایەن کامێرامان مستەفا سەڤین چرکێنراوە.

لەبارەی هەڵبژاردنی وێنەکە گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، دلشاد شەهاب گوتی: "کارەساتەکە بە گشتی جێگای سەرنجە، لەبیرمانە کە لە نزیک ئێمە ڕوویدا و ئەوکات جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی شوێنەکەی کرد کە منیش یاوەرییان بووم لەو سەردانەدا، کارەساتەکەمان بە چاوی خۆمان بینی، بێگومان هەموو ڕزگارکردنێک مانایەکی بەرزی مرۆڤایەتی هەیە، بەڵام ئەوەی لەم وێنانەدا سەرنجی منی ڕاکێشا، ڕزگارکردنی دایکێک و منداڵەکەی بوون، چونکە دایک و منداڵ هەردووکیان سەرنجڕاکێشترین دیمەنن لە کارەساتدا، بۆیە ئەم وێنەیە پڕ ماناترینیان بوو کە دەنگم پێیدا".

گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم، لە بەشی غەززە'بەڵگە دا، دەنگی بە وێنەیەکدا کە دیمەنەکە لە ئاسمانەوە گیراوە و بریتییە لە ناشتنی تەرمی ١١١ فەڵەستینی کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە ببوونە قوربانی، تەرمەکان لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا لە شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە نێژران و، وێنەکەش لەلایەن کامێرامان محەمەد فایق چرکێنراوە.

لەبارەی هەڵبژاردنی ئەم وێنەیە، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دلشاد شەهاب گوتی: "بەداخەوە سەرجەم وێنەکان گوزارشت لە وێرانکاری و جەنگ دەکەن، هەموویان یەک مانایان هەیە و ئەوە دەگەیەنن کە شەڕ بەهەر هۆکارێک بێت وێرانکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئێمە وەکو میللەتێک کە زۆر ناخۆشیمان چەشتووە بەهۆی جەنگ و دەربەدەرییەوە و باشتر لەوە تێدەگەین، لەم دیمەنانەشدا ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکیشام ناشتنی ١١١ تەرمە لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا، ئەمەش کاریگەری گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کوردە لەسەر من، وەکو کەسێک کە ئەنفالم بە چاوی خۆم بینیووە و هەر گۆڕێکی بە کۆمەڵ دەبینم، ئەو یادەوەرییە ناخۆشە دێتەوە بیرم".

لە بەشی ژینگە و ژیان، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم دەنگی بە وێنەیەکدا کە لەلایەن کامێرامان ئەحمەد عەبد کاوەیی چرکێنراوە و بریتییە لە نیشاندانی دیمەنێکی کێڵگەیەک کە وزەی خۆری لێ بەرهەم دێت و لەسەر ڕووبەری ١٣ ملیۆن مەتر چوارگۆشە لە پارێزگای زاهیرە لە عومان کە پێکھاتووە لە ٥٠٠ هەزار پانڵێی خۆر و وەک گەورەترین پڕۆژەی وزەی پاک کاردەکات.

لەبارەی وێنەکەوە، دلشاد شەهاب گوتی: "ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام، تەکنەلۆژیایەکی پاکە کە پارێزگاری لەسەر ژینگە هەیە و بەرپرسیاریەتییەکی ئەخلاقییە، ئامادەکردنی چەندین ملیۆن مەتر بۆ دانانی وزەی خۆر، هەم دیمەنەکە سەرنجڕاکێشە و هەم بیرۆکەیەکی جوانیشە".

لە بەشی هەواڵ دا، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم، دەنگی بە وێنەیەکدا کە تیاییدا دەرکەوتووە چەند کۆچبەرێک هەوڵدەدەن سنووری مەکسیک ببڕن و بگەنە ئەمریکا، وێنەکە لە ٤ی ئابی ٢٠٢٣ لەلایەن کامێرامان داود پینادۆ چرکێنراوە.

لەبارەی هۆکاری هەڵبژاردنی وێنەکەش، دلشاد شەهاب گوتی: "پەڕینەوەی ئەو پەنابەرانەی بە پێچەوانەی شەپۆلی رووبار دەپەڕنەوە، ئەمە چەند مانایەکی تێدایە، ئەمە ئاڵگارییە و ڕووبەڕووبوونەوەی شەپۆلە، هاوکات ئەو موعاناتەیە کە مرۆڤ بەسەر یەکتری دەهێنن و هەموو ئەوانەی کۆچ دەکەن بە ناچاری کۆچ دەکەن، لەلایەکی دیکەوەش ئەو شوێنانەی کە خەڵک کۆچی بۆ دەکات ئەوا مانای وایە خەڵکێکی بەرزی تیادایە، بۆیەش وێنەکە سەرنجی ڕاکێشام".

لە دوا بەشی وێنەکان، کە بریتییە لە بەشی وەرزش، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم دەنگی بە وێنەیەکدا کە لەلایەن کامێرامان ئانیکا ھامەرشلاگ چرکێنراوە و وێنەکە نیشاندانی دیمەنێکە لە وڵاتی گینیا ڕۆژئاوای ئەفەریقا کە تیاییدا منداڵان لە زەوییەکی بە زبڵ دەوردراو یاری تۆپی پێ دەکەن، ئەم وڵاتە دەوڵەمەندە بە سامانی سرووشتی بەڵام لە ڕووی بژێوی ژیانەوە لە هەژارترین وڵاتانی جیهانە و وێنەکەش لە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ چرکێنراوە.

لەبارەی بۆچوونیان لەسەر وێنەکە، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم، دلشاد شەهاب گوتی: "وێنەی ئەو منداڵانەی لە ناو شوێنێکی زبڵ فڕێدان لە نزیک کەناراوەکانی گینیا سەرنجی ڕاکێشام، گینیا وەک وڵاتێک کە سەروەتێکی زۆری هەیە بەڵام بەهۆی بارودخی وڵاتەکەیان تووشی ئەم هەژارییە بوونەتەوە، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە ئەگەر سەروەت و سامانی وڵات هەرچەندە زۆربێت، ئەگەر نەخرێتە خزمەتی خەڵکەوە، دواجار گەنجی ئەم وڵاتە لەناو شوێنێکی زبڵفڕێدان یاری دەکەن لەبری ئەوەی لە یاریگایەکی پاکدا یاری بکەن".

دلشاد شەهاب گوتیشی: "بە دیووێکی دیکە وەرزش حەزێکە هیچ شتێک ڕێگریی لێ ناکات، ئەم دیمەنە شتێکی هێنایەوە بیرم، کاتێک ئێمە لە ئۆردوگا زۆرەملێیەکان بووین، تەنەیەکی ڕوونی ڕاعی هەبوو کە شێوەی لوولەیی بوو نەک بازنەیی، بەڵام هەندێک نایلۆنمان دەخستە ناو تەنەکەکە بۆ ئەوەی بتوانین یاری پێبکەین لە بری تۆپ، کەواتا ئەو حەز و ئارەزووەی لە ناخی منداڵدا هەیە، هیچ شتێک ڕایناگرێت''.

بۆ ئەمساڵ دەنگدەران دەتوانن لە ڕێگای دەنگدانەوە "وێنەی ساڵ" لەنێو ١٤٧ وێنەدا کە لەنێوان ملیۆنەھا وێنە کە بەدرێژایی ساڵی ٢٠٢٣دا، لەلایەن وێنەگرانی ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی پرسە جیاوازەکان لە سەرانسەری جیھاندا گیراون، ھەڵبژێرن.

لەو ١٤٧ وێنەیەدا، ٤٥ وێنە تایبەتە بە ژینگە و ژیان، ٣٠ وێنە تایبەتە بە ھەواڵ، ٢٥ وێنە تایبەتە بە وەرزش، ٢٥ وێنە تایبەتە بە غەززە هەروەها ٢٢ وێنەش تایبەتە بە کارەساتی بوومەلەرزەکەی قەهرەمانمەڕەش کە لە شەشی شوباتی ٢٠٢٣ لە ١١ پارێزگای تورکیا ڕوویدابوو.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın