توركيا, سياسەت, ئابووری, عێراق

کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەولێر رایگەیاند کە کۆمپانیا تورکییەکان رۆلێکی بەرچاویان لە گەشەسەندنی هەرێمی کوردستاندا گێڕاوە

"هیوادارین بەزووترین کات رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت و کۆتایی بە بوونی رێکخراوە تیرۆریستییەکان بهێنرێت"

26.11.2022 - نوێکردنەوە : 27.11.2022
کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەولێر رایگەیاند کە کۆمپانیا تورکییەکان رۆلێکی بەرچاویان لە گەشەسەندنی هەرێمی کوردستاندا گێڕاوە

هەولێر-AA

کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەولێر، مەولود یاقوت رایگەیاند، تورکیا بووەتە دەروازەی عێراق کە بەڕووی خۆرئاوادا کراوەتەوە و ناوەندێکی گرنگە لە بوارەکانی وەک گەشتیاری، پەروەردە و تەندروستی.

محەمەد مەولود یاقوت پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پرسە ئەمنییەکانی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو هەڵسەنگاند.

کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەولێر، بە ئاماژەدان بەوەی کە تورکیا پەیوەندییەکی مێژوویی و کولتووری قووڵ و فرەڕەهەندی لەگەڵ عێراقدا هەیە، ئاماژەی بەوە دا کە عێراق وڵاتێکی گرنگە لە ناوچەکەدا.

یاقوت گوتی: "بوونی ژینگەیەکی سەقامگیر، ئارام و بەرقەرار لە عێراق بۆ تورکیا زۆر گرنگە".

کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەولێر جەختی لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە ئەمە پێشهاتێکی دڵخۆشکەر بوو، گوتی: "ئاواتەخوازین حکوومەتی نوێ توانای هەنگاونانی بۆ جێبەجێکردنی چاوەڕوانییەکانی خەڵک هەبێت سەبارەت بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان".

- "پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و هەولێر فرەلایەنە"

کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە ھەولێر، محەمەد مەولود یاقوت ئاماژەی بەوە دا کە لەئێستادا، پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و هەولێر لە ئاستێکی باشدایە و گوتی: "پەیوەندییەکانمان فرەلایەنە. بازرگانی رەهەندێکی گرنگە. کۆمپانیا تورکییەکان رۆلێکی بەرچاویان لە گەشەسەندنی هەرێمی کوردستاندا گێڕاوە".

مەولود یاقوت بە ئاماژەدان بەوەی کە پێشووەچوونی خێرا لە پەیوەندییە بازرگانییەکانی تورکیا و عێراقدا بەدیهاتووە، جەختی لەوە کردەوە کە لە ساڵی ٢٠٢١دا، قەبارەی بازرگانی ٢٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و پێشبینیش دەکەن کە ئەمساڵ قەبارەکە زیاتر بەرزبێتەوە.

- "ئاسایشی سنوور بەشێکی گرنگە لە پەیوەندییەکان"

کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەولێر، بە ئاماژەدان بەوەی کە ئاسایشی سنوورەکان بەشێکی گرنگی پەیوەندییەکانیانە لەگەڵ هەردوو حکوومەتی ناوەندیی و حکوومەتی هەرێمدا، گوتی: "لێرەشدا دەمانەوێت گفتوگۆکانمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و رێزگرتن لە هەستیارییەکانی یەکتر پێشبخەین. ئەمە بەشێکی گرنگی گفتوگۆکانمانە لەگەڵ هەولێر. بە واتایەکی دیکە چاوەڕێی ئەوە دەکەین لە عێراق کۆتایی بە بوونی پەکەکە و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکەی وەک فەتۆ بهێنریت. هیوادارین حکوومەتی نوێی بەغداش هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت".

یاقوت بە ئاماژەدان بەوەی کە کێشە ئەمنییەکانی عێراق راستەوخۆ کاریگەری لەسەر تورکیا هەیە، گوتی: "رایدەگەیەنین کە ئامادەین پاڵپشتیی پێویست پێشکەش بە عێراق بکەین لەو هەنگاوانەی کە دەیگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی رێکخراوە تیرۆریستییەکان".

- "هیوادارین بەزووترین کات رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت"

کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەولێر، محەمەد مەولود یاقوت ئاماژەی بەوە دا، بوونی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە عێراق زیانی بە پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق گەیاندووە و تاقیکردنەوەیەکی گرنگ بوو بۆ گەلی عێراق و حکوومەتی هەرێم.

گوتیشی: "بەداخەوە ئێزیدییەکان ئاوارەبوون (لە شنگال)، دوای داعش رووبەڕووی هەڕەشەی پەکەکە دەبنەوە. خەڵکی ناوچەکە لە کەمپەکانی حکوومەتی هەرێم دان و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

بۆیە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال گرنگە. هیوادارین بەزووترین کات لەم بارەیەوە هەنگاو بنرێت. زانیاری هەیە کە حکوومەتی نوێ لە بەرنامەیدایە بەو ئاراستەیە هەنگاو بنێت. هیوادارین بەزووترین کات رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت و کۆتایی بە بوونی رێکخراوە تیرۆریستییەکان بهێنرێت".

یاقوت تیشکی خستەسەر ئەوەی کە تورکیا بووەتە دەروازەی عێراق کە بەڕووی خۆرئاوادا کراوەتەوە و ناوەندێکی گرنگە لە بوارەکانی وەک گەشتیاری، پەروەردە و تەندروستی و گوتی: "زۆر دڵخۆشم بەم پێشکەوتنانە. لە راستیدا بەشێکی بەرچاو لەو ئەکادیمیستانەی کە لە دامەزراوە پەروەردەییەکانی حکوومەتی هەرێمدا کار دەکەن، خوێندنیان لە تورکیا تەواو کردووە. ئەمەش هێزی نەرمی وڵاتەکەمان نیشان دەدات".

- "ئێمە یەکێکین لەو نوێنەرایەتییانەی تورکیا کە زۆرترین داواکاری ڤیزە وەردەگرین"

کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەولێر، محەمەد مەولود یاقوت ئاماژەی بەو خزمەتگوزارییانە دا کە لە دامەزراوە تەندروستییەکاندا پێشکەش بەو کەسانە دەکرێت کە سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن و سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە ژمارەی ئەو کەسانەی کە بۆ چارەسەریی پزیشکی سەردانی تورکیا دەکەن، گوتیشی: "ئێمە یەکێکین لەو نوێنەرایەتییانەی تورکیا کە زۆرترین داواکاری ڤیزە وەردەگرین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın