عێراق

کڵێسای تاھیرەی گەورەی قەرەقۆش بۆ سەردانیکردنی پاپا ئامادەیە

- کڵێسای تاھیرەی گەورە کە ١٥٠ ساڵ لەمەوبەر بونیاد نراوە، تایبەت بە مەسیحییەکانی کاسۆلیک و دەکەوێتە شاری قەرەقۆش باشووری رۆژھەڵاتی شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگاری نەینەوا و لە ئێستادا بۆ پێشوازیکردن لە رابەری کاسۆلیکەکانی جیهان ئامادەیە.

Ismael Adnan Yaqoob  | 05.03.2021 - نوێکردنەوە : 07.03.2021
کڵێسای تاھیرەی گەورەی قەرەقۆش بۆ سەردانیکردنی پاپا ئامادەیە

Ninawa

ھەولێر ــ AA

کڵێسای تاھیرەی گەورە تایبەت بە مەسیحییەکانی کاسۆلیک کە وابڕیارە پاپای ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس لە حەوتی ئەم مانگەدا سەردانی بکات و نوێژی تیایدا ئەنجام بدات، ١٥٠ ساڵ لەمەوبەر بنیاتنراوە.

کڵێسای تاھیرەی گەورە بە یەکێک لە کڵێسا گەورە و گرنگەکانی مەسیحییەکانی شاری مووسڵ دادەندرێت کە لە ساڵانی رابردوودا لە میانی داگیرکردنی شارەکە لەلایەن داعشەوە کرابووە دادگا و دواتر وێرانکرا و سووتێندرا.

کڵێساکە لە حوەزیرانی ساڵی ٢٠٢٠دا و لە چوارچێوەی ھەوڵەکان بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی شاری مووسڵ، لەلایەن رێکخراوی یونیسکۆ، دەست بە دووبارە بنیاتنانەوەی کرابوو.

چاوەڕوان دەکرێت پاپای ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ عێراق، سەردانی ھەرێمی کوردستان، شاری مووسڵ و شاری قەرەقۆش بکات.

پاپا فرەنسیس لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ قەرەقۆش، سەردانی کڵێسای تاھیرەی گەورە دەکات و لە میانیدا نوێژی تیایدا ئەنجام دەدات.

پێشتر لیژنەی رێکخستن و ئامادەکارییەکان تایبەت بە سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق رایگەیاندبوو کە سەرجەم ئامادەکارییەکانی تایبەت بە پێشوازیکردن لە پاپای ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس تەواوکراون و ئاماژەی بەوەیشدابوو کە خۆشحاڵێیەکی بەرفراوان بۆ سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس بۆ عێراق ھەیە.

مەسیحییەکان لە عێراق لەبارەی سەردانەکەی پاپا رایانگەیاند کە سەردانەکە ئومێدبەخش دەبێت لە گەڕانەوەی ئاوارە مەسیحییەکان بۆ زێدی خۆیان، ھەروەھا دەبێتە ھەنگاوێکی گرنگ لە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی شاری مووسڵ کە بەھۆی ھێرشەکانی داعشەوە، وێرانکراوە.

لەمبارەیەوە ئەندازیار و سەرپەرشیاری دووبارە بنیاتنانەوەی کڵێسای تاھیرەی گەورە لە رێکخراوی یونیسکۆ، ئەنس زیاد بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە کڵێساکە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ بۆردومانکراوە، دوای کۆتایی ھاتنی ئۆپەراسیۆنەکان، رێکخراوی یونیسکۆ پڕۆسەی بنیاتنانەوەی کڵێساکەی دەستپێکردبوو و گوتی:

"قۆناغی یەکەمی پڕۆسەی بنیاتنانەوەی کڵێسای تاھیرەی گەورە تەواوکراوە و لەئێستادا دەستمان بە قۆناغی دووەمی پڕۆسەکە کردووە کە بەرلە سەردانەکەی پاپا، تەواو دەبێت".

ئەنس زیاد گوتیشی: "کڵێسای تاھیرەی گەورە وەک دیزانی پێشوو، بنیاتنراوەتەوە".

ئەو راشیگەیاند "ئومێد دەکەین سەردانەکەی پاپا بۆ کڵێسای تاھیرەی گەورە، ببێت بە پاڵشتییەکی مەعنەوەی بۆ برایانی مەسیحیی تا لە زێدی خۆیان بمێننەوە و ھاندانێک بێت بۆ گەڕانەوەی میسحییە ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و وەک رابردوو لەگەڵ موسڵمانان لە ناوچەکەدا بژین و یارمەتیدەرمانبن لە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی مووسڵ".

ھاووڵاتییەکی مەسیحی نیشتەجێی شاری مووسڵ بە ناوی نەبیل حەننا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق بە گشتیی و بۆ مووسڵ بە تایبەتیی، پەیامێکی گرنگە بۆ ئێمە و ئومێد دەکەین ئەم سەردانە پەیامێک بێت بۆ ئەو مەسیحییانەی کە بۆ دەرەوەی عێراق کۆچیان کردووە تا بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".

نەبیل حەننا گوتیشی: "ئومێد دەکەین سەردانەکەی پاپا، سەردانی خێر و بەرەکەت بێت بۆ عێراق بە گشتیی و مەسیحییەکان بەتایبەتی، چونکە تا ئێستا ژمارەیەکی کەمی ئاوارە مەسیحییەکان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان".

چاوەڕوان دەکرێت پاپا فرەنسیس لە پێنجی ئەم مانگە سەردانێکی مێژوویی بۆ عێراق ئەنجامبدات و لە میانیدا سەردانی ھەرێمی کوردستان و شاری مووسڵ و شاری قەرەقۆش بکات.

کڵێسای تاھیرەی گەورەی قەرەقۆش بۆ سەردانیکردنی پاپا ئامادەیە

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın