توركيا

کوبا لە دوای رێکاری ئاسانکاری لە بازرگانی دەرەکی چاوەڕێی پیاوانی کاری تورکیا دەکات

باڵیۆزی کوبا لە شاری ئەنقەرە پایتەختی تورکیا، لویس ئاڵبێرتۆ ئامۆرۆس نونێژ رایگەیاند، بەمەبەستی ئاسانکاری لە بازرگانیکردنی دەرەکی، زنجیرە رێکارێکی نوێیان گرتووەتەبەر و راشیگەیاند کە دەیانەوێت وەبەرھێنەری زیاتر لە تورکیاوە روو لە وڵاتەکەیان بکات.

Ekip  | 18.07.2020 - نوێکردنەوە : 19.07.2020
کوبا لە دوای رێکاری ئاسانکاری لە بازرگانی دەرەکی چاوەڕێی پیاوانی کاری تورکیا دەکات

Ankara

ئەنقەرە - AA

باڵیۆزی کوبا لە شاری ئەنقەرە پایتەختی تورکیا، لویس ئاڵبێرتۆ ئامۆرۆس نونێز رایگەیاند، بەمەبەستی ئاسانکاری لە بازرگانیکردنی دەرەکی، زنجیرە رێکارێکی نوێیان گرتووەتەبەر و راشیگەیاند کە دەیانەوێت وەبەرھێنەری زیاتر لە تورکیاوە روو لە وڵاتەکەیان بکات.

لویس ئاڵبێرتۆ ئامۆرۆس نونێز پێشوازی لە جێگری بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری گشتی پەخشی ئاژانسی ئانادۆڵو، مەتین موتانئۆغڵو کرد.

لە پێشوازییەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و کوبا و چالاکییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو کرا.

نونێز بەھۆی ناساندنی کوبا لە تورکیا بە تایبەتی بڵاوکردنەوەی سەرکەوتنە نێودەوڵەتییەکانی کوبا لە بواری بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سوپاسی ئاژانسی ئانادۆڵوی کرد.

نونێز ئەوەشی راگەیاند کە ئەوان لە نزیکەوە چاودێری پەخشی بەشەکانی تورکی، ئینگلیزی و ئیسپانی ئاژانسی ئانادۆڵو دەکەن و ئەوەشی خستەڕوو کە تورکیا خاوەنی وێنەیەکی بەھێزە لە وڵاتەکەیدا.

نونێز ئاشکراشی کرد کە ئەمریکا بەھۆی گەمارۆدانی وڵاتەکەی، ھەوڵدەدات پەیوەندییەکانی وڵاتان لەگەڵ کوبا سنووردار بکات، بۆیە دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا بەرەو پێش ببەن.

ناوبراو گوتیشی: "ھەنگاوی نوێمان ناوە لەپێناو ئاسانکاری لە بازرگانی دەرەکی و چالاکی ئابووری. دەمانەوێ پەیوەندی بازرگانییمان لەگەڵ تورکیا بەرەوپێش ببەین. ئامادەین ئاسانکاری زیاتر بۆ پیاوانی کاری تورکیا بکەین. لە بواری وەبەرھێنان و ھەر بوارێکی دیکەدا چاوەڕێی ئەوانین. بە تایبەتی دەرەفەتی گرنگ ھەیە لە بوارەکانی کشتوکاڵ و خۆراک کە تورکیا تێدا سەرکەوتووە".

نونێز ئاماژەی بەوەشدا کە تورکیا خاوەنی ھەڵوێستە لە بەرامبەر کوبا و فەڵەستین و ئەوەشی بەبیرھێنایەوە کە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە سەردانەکەیدا بۆ کوبا لەساڵی ٢٠١٥، دیدی زۆر ئەرێنی لە وڵاتەکەی جێھێشتووە.

نونێز جەختیشی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی سەرکەوتنی گەورەی بەدەستھێناوە لە پرسی رێگاکانی چارەسەرکردن لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و پزیشکانی وڵاتەکەی لە زۆربەی شوێنەکانی جیھان خزمەت دەکەن.

- ئاژانسی ئانادۆڵو بە شێوەیەکی بەھێز بەردەوام دەبێت لە گواستنەوەی پێشھاتەکانی پەیوەندیدار بەم وڵاتە

لەلای خۆیەوە، جێگری بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری گشتی پەخشی ئاژانسی ئانادۆڵو، مەتین موتانئۆغڵو لەبارەی پێکھاتەی ئاژانسی ئانادۆڵو و پەخشکردنی ھەواڵە جیھانییەکان بە چەندین زمانی جیاواز زانیاری بە نونێز دا.

موتانئۆغڵو ئاماژەی بەوەشدا کە کوبا لە زۆر رووەوە، یەکێکە لە وڵاتە سەرنجراکێشەکان و رای گشتی تورکیاش بە پەرۆشەوە چاودێری ھەواڵەکانی پەیوەندیدار بە کوبا دەکات.

موتانئۆغڵو ئەوەشی خستەڕوو کە ئاژانسی ئانادۆڵو لە چوارچێوەی ھەماھەنگی لەگەڵ Prensa Latina News Agency کە ئاژانسی فەرمی کوبایە، بە شێوەیەکی بەھێز بەردەوام دەبێت لە گواستنەوەی پێشھاتەکانی پەیوەندیدار بەم وڵاتە. راشیگەیاند کە ئاژانسی ئانادۆڵو بەردەوام دەبێت لە ھاوکاریکردنی بەھێزکردنی پەیوەندی نێوان ھەردوو وڵات.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın