جيهان

ڕێپێوانی ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا بۆ دیمەشق، کە شۆڕشی لێکەوتەوە، ساڵێک لەمەوبەر ئەمڕۆ دەستیپێکرد

- دوای ئەوەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەشتی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤دا دەستیان گرت بەسەر دیمەشقدا، دەسەڵاتی خوێناوی ٦١ ساڵەی ڕژێمی بەعسی سووریا کۆتایی هات.

Mehmet Burak Karacaoğlu  | 27.11.2025 - نوێکردنەوە : 28.11.2025
ڕێپێوانی ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا بۆ دیمەشق، کە شۆڕشی لێکەوتەوە، ساڵێک لەمەوبەر ئەمڕۆ دەستیپێکرد

Damascus

دیمەشق - AA

ساڵێکی تەواو بەسەر دەستپێکی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا تێپەڕی، کە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئەسەد دەستیان پێکرد.

هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا کە لە شاری ئیدلبی باکووری ولاتەکە گیریان خواردبوو، بە سەرۆکایەتی هەيئەت تەحریری شام، لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤دا لە پارێزگای ئیدلیبەوە بەرەو باشوور پێشڕەوییان کرد و، ئۆپەراسیۆنیان بۆ سەر پارێزگای حەلەب دەستپێکرد، کە لە ژێر دەستی ڕژێمی بەشار ئەسەددا بوو.

ئەو هێزانەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، کە لە گوندەوارەکانی ڕۆژئاوای ئیدلیب و حەلەب لەگەڵ هێزەکانی ڕژێمی ئەسەد لە شەڕدا بوون، دەیان ناوچەی نیشتەجێبوونیان کۆنترۆڵ کرد و، لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤دا چوونە ناوەندی حەلەب.

گرووپە دژبەرەکانی ڕژێم، لە چوار ڕۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەیاندا، کۆنترۆڵی لانیکەم هەزار کیلۆمەتر دووجایان لە پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلب کرد و، گورزێکی قورسیان لە دەسەڵاتی ئەسەد وەشاند.

هاوکات لەگەڵ پێشڕەوییەکاندا، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا قەزای سه‌راقیبیان کۆنترۆڵ کرد، کە یەکێکە لە خاڵە ستراتیجییەکان و خاڵی یەکگرتنی ڕێگا سەرەکییەکانی M4 و M5ە، پاشان بەرەو پارێزگای حەما بەڕێکەوتن.

سوپای نیشتمانیی سووریا بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ڕژێمی ئەسەد کرد و، ئەم ئۆپەراسیۆنەیان ناونا "سپێدەی ئازادی".

سەرەڕای هێرشە ئاسمانییە چڕەکانی ڕووسیا و ڕژێمی بەشار ئەسەد، کە کوژران و برینداربوونی سەدان هاووڵاتی مەدەنی لێکەوتەوە، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن درێژەیان بە پێشڕەوییەکانیان دا.

هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، لە پێنجی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ گەیشتنە ناوەندی پارێزگای حەما، پاشان بەرەو پارێزگای حومس پێشڕەویان کرد و، لە شەشی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤دا ناوەندی شاری حومسیان کۆنترۆڵ کرد.

لە هەمان کاتدا لە باشووری سووریا، گرووپە خۆجێییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە پارێزگاکانی سوەیدا، دەرعا و قونەیترە لە حەوتی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤دا بە تەواوی کۆنترۆڵی پارێزگاکانیان لە دەستی هێزەکانی ڕژێم دەرکرد.

لە ئەنجامی ئەم پێشڕەوییە خێرایانەدا، لە هەشتی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤دا، ڕژێمی ئەسەد کۆنترۆڵی پایتەخت دیمەشقی لەدەستدا. هێزەکانیئۆپۆزسیۆن چوونە ناو دیمەشق و هێرشیان کردە سەر گرتووخانەی سیدنایا و تەواوی زیندانییەکانیان ئازاد کرد.

بەم شێوەیە دەسەڵاتی خوێناوی ٦١ ساڵەی ڕژێمی بەعس لە سووریا، کە لە ساڵی ١٩٦٣ەوە لە دەسەڵاتدا بوو، ڕووخا و دیمەشق بە تەواوی کەوتە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن. بەشار ئەسەد، کە بەرپرسیارە لە کوشتنی سەدان هەزار هاوولاتی سووری کە داوای ئازادییان دەکرد، وڵاتەکەی جێهێشت و هەڵات بۆ ڕووسیا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın