تەندروستی, کۆڤید- ١٩

چاکبوویەکی کۆرۆنا: "دژ بە ڤایرۆسەکە لە رووی دەروونییەوە خۆم لە تەلەڤیزیۆن و تۆڕی کۆمەڵایەتی دوورخستەوە"

چاکبووەوەیەکی کۆرۆنای نوێ هاوکار رەشید: "بۆ ئەوەی بەرگری لەشم دانەبەزێ خۆم لە تەلەڤیزیۆن و تۆڕی کۆمەڵایەتی دوورخستەوە. هیچ دەرمانێکم بەکارنەهێنا بۆ تەندروستیم، تەنیا خواردنی سەوزە و میوە و هەندێک گیراوە رزگاریان کردم".

Rewa Mahmood Hasan  | 20.06.2020 - نوێکردنەوە : 31.07.2020
چاکبوویەکی کۆرۆنا: "دژ بە ڤایرۆسەکە لە رووی دەروونییەوە خۆم لە تەلەڤیزیۆن و تۆڕی کۆمەڵایەتی دوورخستەوە"

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA رەوا حاجی

تەنها دوو رۆژ تێپەڕی بوو بەسەر چاکبوونەوە و دەرچوونی ئەنجامی پشکنینی کۆتاییدا کە نێگەتیڤ بوو، ئەو بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ ماوەی ١٢ رۆژ خۆی دەخاتە ژوورێکەوە و تەنیا بۆ نان خواردن دەچێتە چێشتخانەی ماڵەکەی، تەنانەت منداڵە ٤ ساڵانەکەشی بەحەسرەتەوە دەبێت بۆ لەباوشگرتنێکی باوکی، بەڵام تەنیا لە دوورەوە بۆی هەبوو سڵاوێکی ساردی لێبکات. ١٠ رۆژ تەنیا سەرقاڵی سەیر کردنی فیلمی بیانی و ناوخۆیی دەبێت، خۆی و لاپتۆپەکەی بەتەواوی لە جیهانی دەرەوە خۆیان دادەبڕێنن، تا چاک دەبێتەوە.

تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو سەردانی هاوکار رەشید ٣٧ ساڵی کرد کە ئەزموونی هەیە لە تێپەڕاندنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێدا و ئێستا بە دڵخۆشییەوە چاوەڕێی ١٥ رۆژی دیاریکراو دەکات بۆ ئەوەی پلازمای خوێنەکەی ببەخشێت بەوانەی تووشی پەتاکە بوون.

هاوکار رەشید کە یەکێکە لەو گەنجە چالاکوانانەی لە کاتی قەدەغەی هاتوچۆدا لەگەڵ کۆمەڵێک هاوەڵیدا سەرقاڵی ئەنجامدانی کاری خێرخوازی بوون بۆ دابەشکردنی یارمەتی و هاوکاری بەسەر لێقەوماواندا، بەتایبەت لەو ماوەیەدا کە هەندێک لە هاووڵاتیان بەهۆی داخستنی بازاڕ و دووکانەکانەوە بێکارمابوونەوە و نانی رۆژانەیان بە ئەستەم دەستدەکەوت.

هەر لە سەرەتای بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسەکە لە شاری وهانی چین، ئەم گەنجە دەست دەکات بە بڵاو کردنەوەی زانیاری لەسەر ڤایرۆسەکە و ئەو راپۆرتە جیهانیانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە هەژمارەکەی خۆی بڵاو دەکاتەوە و رێنماییە تەندروستییە جیهانییەکانی وەردەگێڕایە سەر زمانی کوردی و بڵاوی دەکردنەوە.

هاوکار وەک خۆی دەڵێت رۆژێک پۆستێکی کردووەو داوای کردووە کە هەموو خەڵک خۆیان بپارێزن چونکە ئەو ڤایرۆسە بگاتە هەرێمی کوردستان ئەوا ئەم دووهەم کەس دەبێت دەیگرێت.

٤ مانگ بەسەر ئەو پۆستەی فەیسبووکیدا تێپەڕ دەبێت، درەنگانێکی شەو هاوکار هەست دەکات قورگی دەکزێتەوە و لوتی دەخورێت، گومان دەکات کە تووشی پەتاکەبووبێت، دەستبەجێ تەلەفۆن دەکات بۆ هاوەڵێکی و تێستی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بۆ خۆی ئەنجام دەدات.

بۆ سبەی شەو لە ١ی حوزەیراندا ئەنجامەکەی دێتەوەو دەردەچێت کە پۆزەتیڤە و تووشی پەتای جیهانی کۆرۆنای نوێ بووە.

ئێستا زیاتر لە ٢ هەفتە بەسەر تووشبوونی هاوکاردا تێپەڕیوە، ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ گواستنەوەی چیرۆکی توشبوونەکەی هاوکار و چۆنیەتی چاکبوونەوەی، سەردانی ناوبراوی کرد لە ماڵەکەی خۆی لەگەڕەکی ئاشتی شاری سلێمانی.


-هەر کە زانیم تووشی بووم تەلەفۆنم بۆ هاوسەرکەم کرد و داوام لێکرد ژوورێکم بۆ جیابکاتەوە

هاوکار خاوەنی ژن و منداڵێکی ٤ ساڵانەیە، ئەو کاتەی کە دەزانێت تووشی پەتاکەبووە راستەوخۆ تەلەفۆن بۆ هاوسەرکەی دەکات و داوا دەکات کە ژوورێکی لەنێوماڵەکەیدا بۆ جیابکاتەوە.

هاوکات بەم چەشنە باسی سەرەتاکانی توشبوونی خۆی بە ڤایرۆسەکە دەکات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت، "ئەو شەوە سەعات ١٠ بوو کە ئەنجامەکەیان پێگووتم و زانیم توشبووم، یەکسەر تەلەفۆنم کرد بۆ ماڵەوەو پێمگووتن ژوورێکم بۆ ئامادە بکەن، کە هاتمە ماڵەوە بە دەمامک و دەستکێشەوە یەکسەر هاتمە ژوورەکەم لاپتۆپم هێناو هێڵی ئینتەرنێتم هەبوو، ئیتر بەدرێژایی ئەو ماوەیە سەرقاڵی سەیرکردنی فیلم و کتێب خوێندنەوە بووم بەبەردەوامی".

هاوکار باس لە ژیانی رۆژانەی خۆی دەکات لە کونجی ژوورێکداو دەڵێت، "ناوبەناو پەنجەرەی ژوورەکەم دەکردەوە و سەیرێکی دەرەوەم دەکرد و هەواگۆڕکێی ژوورەکەم دەکرد. بۆ نان خواردن دەهاتمە مەتبەخ و لەوێ لە قاپ و کەوچکی جیاکراوەدا نانەکەم دەخوارد و دواتر سەرجەمیان بە ئامێری شوشتنی قاپ و قاچاخ پاکژ دەکرانەوە چونکە پلەی گەرماکەی دەگاتە نزیکەی ٧٠ پلەی سەدی و هەر ڤایرۆسێک هەبێت دەیکوژێت".


-هیچ دەرمانێکم بەکارنەهێنا بۆ تەندروستیم، تەنیا خواردنی سەوزەو میوەو هەندێک گیراوە رزگاریان کردم

هاوکات بەدرێژایی ئەو ماوەیە کە ئامادەنەبووە بچێتە نەخۆشخانە و کونجی ماڵەوەی هەڵبژاردبوو بۆ ئەوەی چاکبێتەوە، بەردەوام لەلایەن چەند دکتۆرێکەوە رێنمایی تەندروستی کراوە لەوانە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی د.سەباح هەورامی و د. هادی عەلی ەوە.

هاوکار سەبارەت بەوەی کە چی جۆرە دەرمانێکی بەکارهێناوە بە، رێنمایی پزیشەکان یاخود بۆ زیاتر باش بوونی رەوشی تێکچووی تەندروستیی دەڵێت، "جگە لە شروبێک و دەستەیەک پاراسیتۆڵ بۆ نەهێشتنی ئازار، هیچ دەرمانێکم بەکارنەهێنا، ئەمیش لەژێر رێنمایی دکتۆر هادیدا بەکارم هێنا، هەر ئەوە بوو. بەردەوام ڤیتامینەکانم بەکاردەهێنا. ڤیتامین سی، دی، بی ٢،١٢ ، جگە لەوانە بەردەوام پرتەقاڵ و لیمۆ و ئاوی نەعنا و زەنجەفیل و سیرم دەکرد بە عەسارەداو گیراوەیەکم لێدروست دەکرد ئێواران و بەیانیان دەمخواردەوە. هاوکات سوپێکی سەوزەم دروست کردبوو خۆم لە زۆرێک لە سەوزەکان کە تێکەڵم کردبوو، خۆم دروست دەکرد و دەمخوارد. هەمو رۆژێک قاپێک دوو قاقم دەخوارد".


- نیشانەکانی نەخۆشیەکەلە مندا جیاوازبوو کۆکەو پژمەی زۆرم نەبوو

سەبارەت بە نیشانەکانی نەخۆشیەکە، هاوکار باس لەوە دەکات کە ئەو پژمەو کۆکەی نەبووە، تەنیا قورگ ئێشە، سەر ئێشە، داهێزرانی جەستەی، ئازاری ماسولکە لە شان و پشتدا، سنگ ئێشە و بۆ ماوەی ٣-٤ رۆژیش هەستی تام و بۆن کردنی لەدەست داوە. بۆ ئەمەش بەردەوام رۆحی نەعنای خستۆتە ناو ئاوی کەتری و گەرمی کردووە و هەڵمەکەی هەڵمژیەوە کە ئەمەش قورگ و سنگی پاک کردۆتەوە و هەستی پێکردووە.


- بۆ ئەوەی بەرگری لەشم دانەبەزێ خۆم لە تەلەڤیزیۆن و تۆڕی کۆمەڵایەتی دوورخستەوە

هاوکار باس لەوە دەکات کە شەڕی ڤایرۆسەکە لەگەڵ مرۆڤدا وەک زۆرانبازی وایە، هەرکاتێک تۆ لاواز بیت ئەو لەوکاتەدا لێت دەدات و دەڵێت، "بۆی هەرشتێک هەستم بکردایە بەرگریم لاواز دەکات راستەوخۆ لێی دوور دەکەوتمەوە، بۆ نموونە ئەو راپۆرتانەی باسیان لە مردنی توشبووانی کۆرۆنا دەکرد، یان باسیان لە مانەوەی کاریگەرییەکانی کۆرۆنا دەکرد لەدوای چاک بوونەوە، هەموو ئەمانە ترسی لا دروست دەکرم و نەخۆشییەکە هەستم دەکرد هێرشی بۆ دەهێنامەوە. بۆیە ناچار هەموو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانم وەلا ناو هەرگیز سەیری کەناڵەکانی راگەیاندنم نەدەکرد، باشتر وایە فەیسبووک و تۆری کۆمەڵایەتی لەو ماوەیەی نەخۆشییەدا وازلێبێنیت چونکە خەڵک بە نەشارەزایی تێدەکەوێت، هەرچی بەر دەستبکەوێت بڵاوی دەکاتەوە، ئەمەش خراپ دەکەوێتەوە لەسەر باری دەروونی و تەندروستی تووشبووان".

- دەبێت هەموو وزەی لەشت بخەیتە خزمەتی سیستەمی بەرگریتەوە تاکو شەڕی ڤایرۆسەکە بکات

هاوکار رەشید باس لەوە دەکات کە نەخۆشیەکە بەردەوام هەوڵی لاواز کردنت دەدات بەڵام ئەگەر بێت و تۆ بڕیارت دابێت لەو بەهێز تربیت ئەوا خاڵی وەرچەرخان دەبێت بۆت و بەردەوام سەردەکەویت بەسەریدا و دەڵێت، "ئەو کاتەی کە هەستدەکەیت ڤایرۆسەکە زاڵە بەسەر دەروونتدا و خەریکە لاوازت دەکات لە رووی دەروینەوە، دەبێت تۆ راستەوخۆ خۆت سەرقاڵ بکەیت بە شتێکی لاوەکییەوە، بۆ ئەوەی بیرت لای نەخۆشیەکە نەمێنێت، لەوانە سەیرکردنی فیلم، کتێب خوێندنەوە. من جاری واهەبووە بێزار بووم لە سەیر کردنی فیلم، بەڵام تەنیا بۆ ئەوەی بیرم نەچێت بەلای نەخۆشیەکەدا بەردەوام دەبووم لە سەیر کردنی فیلمەکە، واتە دەبێت کاری بەرەنگاریی ڤایرۆسەکە بەجێبهێڵیت بۆ سیستەمی بەرگری لەشت و ئەوان خۆیان شەڕی ڤایرۆسەکە بکەن. مێشکم سەرقاڵ نەکەم بەوەی ورەی خۆم دابەزێنم. لە ئەزموونی ئەم ١٠ رۆژەی خۆمەوە بۆم دەرکەوت ئەم ڤایرۆسە بەشێکی هەرە سەرەکی پەیوەستە بە حاڵەتی دەروونیەوە بەڵام دەبێت پشوویەکی دوورو درێژ بدەیت بە جەستەت، واتە هێندە پشوو بدەیت کە هەرچی وزە لە لەشتدا هەیە کۆی بکەیتەوە بۆ خزمەتی سیستەمی بەرگریت تاکو شەڕی ڤایرۆسەکە بکات. من وای لێتێگەیشتم".

هاوکار باس لەوە دەکات کە ئەو بەردەوام شلەمەنی خواردووە بەتایبەت کە ئەو لەماڵەوەبووەو نەچۆتە نەخۆشخانە، تاکو ئاوی بۆ هەڵبواسن، هاوکات بەهۆی سکچوون و تای بەرزەوە ئاو لە جەستەیدا کەم دەکات، بۆیە بەردەوام لەسەر رێنمایی پزیشکان شلەمەنی خواردووە، هەموو رۆژێک دوو ژەم دەچوومە مەتبەخەکە ئاسایی شلەمەنی و سوپ و سەوزەکانم دەخوارد و دەهاتمەوە ژوورەکەم، جارێکی تر خۆم سەرقاڵ دەکردەوە.


- منداڵەکەم بێزاربوو لەماڵ چونکە نەمدەهێشت ئەویش بچێتە دەرەوە

هاوکار رەشید باس لەوە دەکات بە درێژایی ئەو ماوەیە منداڵەکەی رۆژانە دەهاتە نزیک دەرگاکەو دەیگووت باوکە ئاو ناخۆیت، هەستی دەکرد کە دۆخێکی تایبەت هەیەو ناتوانێت نزیک بێتەوە، یەک دوو جار دەهاتە بەردەرگای ژوورەکە و سڵاوێکی لێکردووە و نەیهێشتووە نزیکی بکەوێتەوە، هاوکات رێگری کردووە لەوەی کە ئەویش بچێتە دەر، نەوەک هەڵگری ڤایرۆسەکە بێت و بچێتە دەرەوەو بەهۆی ئەوەوە چەندین کەسی تر توشبێت.

ئەو چاکبووەوەی کۆرۆنا ئاماژە بەوە دەکات مامەڵەی خێزان لەگەڵ توشبووی کۆرۆنادا زۆر گرنگە و یەکێکە لەهۆکارەکانی زوو تێپەڕاندنی دۆخەکەو دەڵێت، "ئەو کەسەی چاودێریت دەکات لەماڵ، جا برایە باوکە دایکە یان هاوسەرتە ئەمە هاوکارە بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە، بۆ نموونە تۆ ئەگەر کێشەیەکت هەبێت و مێشکت جەنجاڵ بێت بەوەوە، ئەوا راستەوخۆ کار دەکاتە سەر تەندروستیت، لەشوێنێکدا لاوازی دەردەخات".


- هەست بە ڤایرۆسەکە دەکەم کە لەجەستەمدا نەماوە

هاوکار باس لەوە دەکات کە لەماوەی ١٠-١٢ رۆژدا هەستم کرد ڤایرۆسەکەم تێپەڕاندووەو دوای ئەوەی چوومەوە بۆ پشکنین سوپاس بۆ خوا نێگەتیڤ دەرچوو، ئێستاش چاوەڕێ دەکەم ١٥ رۆژی تر تێپەڕێت تاکو بتوانم پلازمای خوێنم ببەخشم بەوانەی کە تووشی ڤایرۆسەکە بوون و دۆخیان ناجێگیرە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın