پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ یادی یۆبیلی زێڕینی یەکێتیی نووسەرانی کورد
- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی: "نووسەران و ئەدیبان پرد و ڕایەڵەی پەیوەندیی نێوان گەلانی خۆیان و جیھانن، ئامادەییی ھەر نووسەرێکی کورد لە کتێبخانەکانی دنیادا، ئامادەبوونی ناسنامە و مێژووی گەلێکە.."
Arbil
ھەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند "چاوەڕوانیی ئێمە لە نووسەرانمان، لە نێوخۆدا، بینینی ڕۆڵی کاریگەریانە لە پتەوکردنی بنەماکانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان و یەکسانی و خۆشویستنی ژینگە و کۆمەڵگە و نیشتمان.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە یادی یۆبیلی زێڕێنی یەکێتیی نووسەرانی کورددا، پەیامێکی ئاراستەی رێوڕەسمی یادەکە کرد، ئەمە دەقەکەیەتی:
ئامادەبووانی بەڕێز،
ئاھەنگگێڕانی یادی یۆبیلی زێڕینی یەکێتیی نووسەرانی کورد..
سڵاوتان لێ بێت،
پیرۆزباییی ئەم بۆنە مێژوویییە لە ئێوەی بەڕێز و تەواوی نووسەران و ئەدیبانی کوردستان و دەستخۆشی لە ئامادەکارانی ئەم ڕێوڕەسمە دەکەم.
ئەم یادە، ڕێزگرتنە لە نیو سەدە خەباتی ڕێکخراوێکی سەنگین و بەھەڵوێست، ڕێزگرتنە لە قەڵەم و ھزر و بەرھەم و بەخششی کاروانی پەنجا ساڵەی نووسەرانی کورد کە ھەمیشە لە سەنگەری گەلەکەیدا بوون و یەکێک لە مەتەرێزە خۆڕاگرەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بوو، ھەرواش دەمێنێتەوە.
یەکێتیی نووسەرانی کورد پەنجا ساڵ لەمەوبەر وەک دەستکەوتێکی شۆڕشی ئەیلوول و بەرھەمێکی ڕێکەوتننامەی ئازاری ١٩٧٠ دامەزرا. دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە و کۆڕی زانیاریی کورد، بەڵگەیە کە شۆڕشی کوردستان تەنیا چاوی لە دەستکەوت و مافی سیاسی نەبوو، بەڵکو خزمەتکردن بە کولتوور و زمان و ئەدەب و داھێنان، ھێندەی مافە سیاسییەکان بەلاوە جێی بایەخ بووە.
یەکێتیی نووسەرانی کورد لە پەنجا ساڵەی تەمەنی خۆیدا، سەرباری خزمەتی ئەدەب و کولتوور، لە مەیدانی بەرگری و ھەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەییشدا، نموونەی خۆڕاگری و چاونەترسی و سیمبولی بەرەنگاربوونەوەی ستەم و سەرکوتکاریی ڕژێمە خۆسەپێنەکان بووە.
بەڕێزان..
باوەڕی تەواومان بەوەیە کە وشەی جوان، بیری جوان، مرۆڤی جوان، زادەی ژینگەیەکی ئازادن، ھەموو ھەوڵێکیشمان لە ڕابردوو و ئێستاشدا بۆ ڕەخساندنی ئەو ژینگەیەیە، چونکە ژینگەی دروستی نووسین و داھێنان، ئەوەیە کە تیایدا ئازادیی بیر و بۆچوون و ڕادەربڕین، بەھایەکی بەنرخ بێت، ژیان و جوانی ڕێزلێگیراو بن.
چاوەڕوانیی ئێمە لە نووسەرانمان، لە نێوخۆدا، بینینی ڕۆڵی کاریگەریانە لە پتەوکردنی بنەماکانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان و یەکسانی و خۆشویستنی ژینگە و کۆمەڵگە و نیشتمان.
نووسەران و ئەدیبان پرد و ڕایەڵەی پەیوەندیی نێوان گەلانی خۆیان و جیھانن، ئامادەییی ھەر نووسەرێکی کورد لە کتێبخانەکانی دنیادا، ئامادەبوونی ناسنامە و مێژووی گەلێکە، بۆیە گرنگە نووسەرانمان ھەوڵی جددی بدەن بۆ تێپەڕاندنی سنووری کوردستان و وەرگێڕانی بەرھەمەکانیان بۆ زمانە زیندووەکانی دنیا و نەخشاندنی جێدەستی کوردستان لە جیھانی داھێنان و جوانیدا.
لەم یادە پڕ شکۆیەدا، دروود بۆ گیانی پاکی ئەو نووسەرە شەھیدانەی لە سەنگەری بەرگری و زیندانە تاریکەکاندا گیانی پاکیان بە خاک و گەل و وشە بەخشی. سڵاو و ڕێز بۆ خانەوادە سەربەرزەکانیان. سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم ئەو نووسەرانەی ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی گەشە و پێشکەوتنی گەلی کوردستان بەخشی.
ئەم یادە لە ھەموو نووسەران و ئەدیبانی کوردستان پیرۆز بێت. ھیوای بەردەوامی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و ھەر شاد و سەرفراز بن.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
١٠/٢/٢٠٢٠