پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژی جیھانیی کرێکاران
- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی: "تەواوی پشتیوانیی خۆمان بۆ ماف و داوا یاسایی و سەندیکایییە ڕەواکانیان، گوزەرانی شایستە و ھەلومەرجی لەباری کارکردنی کرێکاران و بەدیھێنانی خۆشگوزەرانی بۆ ئەو چینە زەحمەتکێشە دووپات دەکەینەوە"
Arbil
ھەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بە بۆنەی یادی یەکی ئایار، ڕۆژی جیھانیی کرێکاران پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند گەرمترین پیرۆزبایی لە کرێکارانی کوردستان و سەندیکا و ڕێکخراوەکانیان، ھەروەھا پیرۆزبایی لە تێکڕای کرێکارانی عێراق و جیھان بەگشتی دەکەم.
ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە ، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە: "کرێکارانی کوردستان بازووی ماندوونەناس و کاران و ڕۆڵێکی دیاری بنیادنەرانە لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتدا دەگێڕن کە ھەمیشە بەرچاو و جێی ڕێز و پێزانینە لەم یادە پیرۆزەدا، تەواوی پشتیوانیی خۆمان بۆ ماف و داوا یاسایی و سەندیکایییە ڕەواکانیان، گوزەرانی شایستە و ھەلومەرجی لەباری کارکردنی کرێکاران و بەدیھێنانی خۆشگوزەرانی بۆ ئەو چینە زەحمەتکێشە و تەواوی خەڵکی کوردستان، دووپات دەکەینەوە".
ھەروەھا لە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی - دا ھاتووە: "ھیوادارین وڵاتەکەمان و جیھان ھەرچی زووترە لە قەیران و کێشەکانی دەرھاویشتەی پەتای کۆرۆنا دەرباز ببن کە بەداخەوە کاریگەریی خراپی لەسەر ڕەوشی ژیانی ھەمووان و بەتایبەتی کرێکاران و ڕەنجدەران دروست کردوە، بەو ئومێدەی ساڵی داھاتوو لە دۆخێکی باشتردا ئەم یادە بکەینەوە".