سياسەت, عێراق

"پێشمەرگە و زێرەڤانی لە بەشێک لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا جێگیرکراون"

سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان، فەریق جەمال ئیمنێکی: "هێزەکانمان لە زاخۆ، کانی ماسێ، چیای مەتین و شیلادزێ جێگیرکراون و هەر شوێنێکی دیکەیش بە پێویست بزانین هێزی بۆ دەنێرین".

Hawkar Yaseen  | 08.07.2020 - نوێکردنەوە : 10.07.2020
"پێشمەرگە و زێرەڤانی لە بەشێک لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا جێگیرکراون"

Arbil

هەولێر - AA

بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە و زێرەڤانی کە پێشتر بەهۆی شەڕی داعش لەسەر سنوورەکان کشێندرانەوە، گەڕێندراونەتەوە شوێنەکانی پێشتریان و پارێزگاری لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان، فەریق جەمال ئیمنێکی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "ئەو سنوورانە بە تەنها بە پاسەوانی سنوور کۆنترۆڵ ناکرێت دەبێت هێزی پێشمەرگەیش هاوکارییان بکات، پێشتر پێش شەڕی داعش لە هەموو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان هێزی پێشمەرگە و پاسەوانی سنوور هەبوو، بەڵام لەکاتی شەڕی داعشدا، هێزەکانی زێرەڤانی و پێشمەرگەمان هەمووی هێنا بۆ ناوچەی شەڕەکان و زۆرینەی ناوچە سنوورییەکان چۆڵکران، ئێستایش کە شەڕ نەماوە دەرفەت هەیە بۆ دووبارە گەڕانەوەی هێزەکانمان بۆ سنوورەکان بۆیە هێزی زێرەڤانی و پێشمەرگە گەڕاونەتەوە هەندێک لە ناوچە سنوورییەکان ئەوەیش شتێکی نوێ نییە، پێشتریش لەو سنوورانە هەبوون و ئەو هێزانەش ئێستا گەڕاونەتەوە رەبایە و شوێنەکانی پێشتری خۆیان"

فەریق جەمال ئیمنێکی راشیگەیاند "بەو هۆیەی ئەو رێگایەی رۆژئاوای چیای مەتین کە لە بامەڕنێ-وە دێت و دەچێت بۆلای باتیفا و کانی ماسێ رێگایەکی ستراتیجییە و نزیکی ١٠ بۆ ١٥ گوندی لێیە و بۆئەوەی رێگاکە و ئەو گوندانەش بپارێزین فەوجێکی زێرەڤانیمان بردە ئەو ناوچانە و لەوێ جێگیرمان کردوون لە شوێنەکانی پێشتری خۆیان، چونکە لە پێشتریشدا ئەو ناوچانە هەر پێشمەرگەی لێبووە".

گوتیشی: "جگە لەو رێگایەی رۆژئاوای چیای مەتین لە ناوچەکانی زاخۆ، کانی ماسێ و شیلادزێ هێزی پێشمەرگە و زێرەڤانی هەن و هەر ناوچەیەکیش پێویست بکات هێزی لێ جێگیر دەکەین چونکە ئەو ناوچانە کوردستانن و دەبێت بپارێزرێن"

سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەربارەی ئەوەی هیچ هەماهەنگییەک هەیە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزی پاسەوانی سنوور گوتی: "لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی دەڤەری زاخۆ، لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق و فەرماندەیی هێزی پاسەوانی سنوور هاتنە ناوچەکە و لە نزیکەوە ناوچەکەیان بینی، پێیان باشبوو هەماهەنگییەکی باش هەبێت لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی پاسەوانی سنوور، بۆیە بەڵێ هەماهەنگیمان هەیە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın