هونەر و كلتوور, عێراق

پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە ھەولێر کرایەوە

بەشداربووی پێشانگاکە، بینایی جەبار: "نرخی کتێبەکان زۆر گران نین چونکە خوێنەر کەمە بۆیە نرخەکانیش هەرزانن، ئەمەش پەیوەندی بە بوونی سۆشیالمیدیا هەیە، هەروەها نەبوونی هۆشیاریی و نەبوونی کولتووری خوێندنەوە، هۆکارێکی دیکەیە".

Heman Hussein Yaseen  | 17.04.2024 - نوێکردنەوە : 24.04.2024
پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە ھەولێر کرایەوە

Arbil

هەولێر - AA

بە بەشداری ٣٠٠ دەزگای چاپ و ناوەندی پەخش و بڵاوکردنەوە کە لە ٢٢ وڵاتەوە بەشدارن، ١٦ھەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە ھەولێر کرایەوە و ماوەی ١٠ ڕۆژ دەخایەنێت.

پێشانگاکە بە ئامادەبوونی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی کرایەوە و تیاییدا یەک ملیۆن و نیو ناونیشانی کتێب نمایشکراون و خوێنەرێکی زۆریش لەبەردەم پێشانگاکەدا ئامادەبوون.

پسپۆڕێکی بواری زمان، کە سەردانی پێشانگاکەی کردووە، ئاماژە بەوە دەکات کە بەھۆی ئەوە زمانێکی ستانداردمان نیە، نەمانتوایووە ببینە خاوەنی زمانێکی یەکگرتوو، هاوکات خوێنەریش جەخت لەوە دەکاتەوە کە خوێنەر دەتوانێت هەڵە زمانەوانییەکان دەستنیشان بکات.

سەرۆکی ئینستیتووتی کوردی لە بەرلین، دکتۆر فەریاد فازڵ لەبارەی پێشانگاکە و بۆچوونی لەسەر زمان و ڕێنووسی کوردی گوتی: "ئێمە ئاژاوەیەکی گەورەمان ھەیە، ئەویش ئەوەیە کە ڕێنووسێکی یەکگرتوومان نیە، ھەرکەس بە ئارەزووی خۆی وشەکان دەنووسێت، ئەم نووسینیە سەرگەردانییە و منداڵەکانیشمان کە پێیی پەروەردە دەبن، بە سەرگەردانییەوە پەروەردە دەبن، بەداخەوە کە منداڵ لە تەمەنی منداڵییەوە فێری ڕێگا ڕاستەکە نەبوو، بە گەورەیی ناتوانێت چارەسەری ئەو ھەڵانە بکات کە بە منداڵی فێری بووە، بۆیە ھەر دامودەزگایەک یاسایەکی تایبەت بە خۆی ھەیە و بەو یاسایە ڕێنووسەکەی پەیڕەو کردووە کە ئەمە شتێکی زۆر خراپە".

دکتۆر فەریاد فازیڵ گوتیشی: "ئەوەی من کاری لەسەر دەکەم ئەوەیە کە ڕێکنووسی و پاکنووسییەک بھێنینە نێو ڕێزمانی کوردی و دەستوورێکی یەکگرتووی نووسینیشمان ھەبێت، ئەگەر وەزارەتی پەروەردە و حکوومەتی ھەرێم کار لەسەر ھەوڵەکانمان بکەن، ئەوا لە ماوەی نزیکەی دە ساڵی دیکە، دەتوانین زمانێکی یەکگرتوومان ھەبێت، بەڵام بەداخەوە ئەوە تەنیا خەونێکە. چونکە ئەگەر حکوومەتی ھەرێم کارەکانی ئێمە بکاتە فەرمان و وەزارەتی پەروەردە پەیڕەوی بکات، ئەوکاتە دەگەینە ئەنجام".

هاوکات خاوەنی یەکێک لە کتێبخانەکان کە ئەمساڵ بە ٢٥ ناونیشانی نوێیەوە بەشداری پێشانگاکەی کردووە، ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵک خواستی لەسەر کتێبە ئاینییەکان هەیە و لەبارەی نرخ و توانای ئابووری خوێنەرانیش، جەخت لەوە دەکاتەوە کە نرخەکان زۆر هەرزانن بەهۆی ئەوەی کتێبەکان لە دەرەوە چاپ دەکرێن.

خاوەنی ناوەندی تیشک بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، محەمەد مەعرووف لەبارەی بەشداریکردنییان لە پێشانگاکەدا گوتی: "ئەمە ١٦ھەمین جارە بەشداری ئەم پێشانگایە دەکەم، ئەمساڵ بە ٢٥ ناونیشانی نوێیەوە بەشدارم، خەڵکی ئێمە لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە کتێبدۆستن و بابەتی خوێندنەوە ھەیە لە ناو کۆمەڵگا، بابەتەکانی ئێمەش گشتگیرن و هەموو تەمەنەکان سەردانەمان دەکەن".

لەبارەی هەڵسەنگاندیان بۆ ڕێزمان و ڕێنووسی کوردی، محەمەد مەعرووف گوتی: "پێشتر کاتێک کتێبێک وەرگێڕانی بۆ دەکرا، ڕاستەوخۆ دەنێردرا بۆ چاپکردن، بەڵام ئێستا بەر لە چاپکردن لیژنەیەکی تایبەتمەند پێیدا دەچێتەوە و بە کۆمەڵێک فلتەردا دەڕوات، ئەمەش وایکردووە کەمتر هەڵەی زمانەوانیی لە کتێبەکاندا هەبێت''.

سەبارەت بە نرخی کتێبەکان و دۆخی ئابووری هاووڵاتییان محەمەد مەعرووف گوتی: "زۆرربەی کتێبەکان لە دەرەوە چاپ دەکرێن بە ھۆی ئەوەی دەستی ھێزی کار لەناوخۆدا تێچووی زۆرە و گرانە. چونکە سنووری ئاویمان نیە ئەوا کرێی گواستنەوەش لە وشکانی گرانە، هەروەها بابەتەکانی کاغەز و ڕەنگ گرانە، ئەگەر کتێبێک لەناوخۆ تێچووی حەفت ھەزار دینار بێت، لە دەرەوە بە چوار ھەزار چاپی دەکەین، ئەمەش جیاوازییەکی زۆرە".

لە پێشانگاکەدا، بەشێکی زۆری کتێبخانەکان، تایبەت بوون بە نمایشکردنی کتێبی ئایینی و خوێنەرەکانیش زیاتر ئەوانە بوون کە بەدوای کتێبی ئایینیدا دەگەڕێن، لەمبارەیەوە مامۆستایەکی بەشداربوو پێیوایە کتێبی ئایینی باسی ڕەوشت و ئەخلاق و ئاداب دەکات و ئەم جۆرە کتێبانەیشی بە پێویست زانی بۆ کۆمەڵگا.

بەشداربووی پێشانگاکە، مامۆستا عەلی تاھیر گوتی: "ئەم جۆرە پێشانگایانە گرنگە، چونکە ئەگەر سەیر بکەین گەنجەکانمان زیاتر خەریکی بەکارھێنانی سۆشیالمیدیان، کاتێک پێشانگایەک دەکرێتەوە ئەوا بەبیرھێنانەوەیە کە کتێبخوێندنەوەش گرنگە و ھیچ کاتێک سۆشیالمیدیا جێگای کتێب ناگرێتەوە".

مامۆستا عەلی تاهیر گوتیشی: "بابەتی زۆربوونی کتێبە ئاینییەکان، هۆکارەکەی بۆ ئدەوە دەگەڕێتەوە کە میللەتەکەمان ئاشنایە بە ئایینی ئیسلام، هەروەها ھەموو کەسێک لە تەمەنە جیاوازەکاندا کتێبی ئایینی دەخوێنێتەوە چونکە باسی ڕەوشت و ئەخلاق و ئادابە و ئەمەش هەموو پێویستمان پێیەتی بۆ ئەوەی ڕێگا ڕاستەکە هەڵبژێرین".

بەشداربوویەکی دیکە کە کۆمەڵێک کتێبی فەلسەفە و ڕۆمانی کڕیووە، ئاماژە بەوە دەکات کە ڕۆژانە زیاتر لە دوو کاتژمێر دەخوێنێتەوە و ئەوەش دەخاتەڕوو کە بەهۆی ئەوەی خوێنەری کتێب کەم بووە، بۆیە نرخەکانیش هەرزانن.

بەشداربووی پێشانگاکە، بینایی جەبار بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەموو ساڵێک لەم پێشانگایەدا بەشداربووم، زیاتر بەدوای کتێبەکانی ڕۆمان و فەلسەفە دەگەڕێم، ڕۆژانەش زیاتر لە دوو کاتژمێر دەخوێنمەوە، ئەو کتێبانەی کە وەرگێڕدراون هەندێکجار کێشەی نووسین و ڕێزمانییان هەیە، بەڵام خوێنەر دەتوانێت لە میانی خوێندنەوەدا دەستنیشانی هەڵەکان بکات و بەسەریدا تێپەڕ نەبێت".

لەبارەی نرخەکانیشەوە، بینایی جەبار گوتی: "نرخەکان زۆر گران نین چونکە خوێنەر کەمە بۆیە نرخی کتێبەکانیش هەرزانن، ئەمەش پەیوەندی بە بوونی سۆشیالمیدیا هەیە، هەروەها نەبوونی هۆشیاریی و نەبوونی کولتووری خوێندنەوە، هۆکارێکی دیکەیە".

دەزگای مەدا، ساڵانە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لەھۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر دەکاتەوە و، بۆ ئەمساڵیش سەدا ٢٠ بۆ ٥٠ داشکاندنیان لە نرخەکان کردووە بۆ ئەوەی ڕیکۆردێکی نوێ بۆ فرۆشتن تۆمار بکەن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın