پهرلهمانی كوردستان سێ لیژنهی بۆ جموجۆڵی سهر سنوورهكان پێكهێنا
- لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان، لیژنەی پێشمەرگە، لیژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی له پهرلهمانی كوردستان بەدواداچوون بۆ جموجۆڵەکانی سەر سنوور دەکەن.
Arbil
ههولێر - AA
لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان، لیژنەی پێشمەرگە و لیژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی له پهرلهمانی كوردستان بەدواداچوون بۆ جموجۆڵەکانی سەر سنوور دەکەن و سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستانیش رایدهگهیهنێت دهیانهوێت هۆكارهكانی دروستبوونی ئهم بارودۆخه دهستنیشان بكهن.
ئەمڕۆ سێشەممە، ھەر سێ لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان، لیژنەی پێشمەرگە و لیژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەیش، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان، شاخەوان رەئووف گوتی: ''دوێنێ پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا لیژنەیەکی باڵا پێکبھێندرێت بۆ ئەوەی سەردانی ھەموو ئەو ناوچانە بکرێت کە بەھۆی بۆردومانەوە زیانی بەرکەوتووە، بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکەین''.
شاخەوان رەئووف گوتیشی: ''سێ لیژنەمان لەسەر ئاستی پارێزگاکانی دھۆک، ھەولێر و سلێمانی پێکھێناوە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکەین، چونکە ئەوە جاری یەکەم نییە وڵاتانی دراوسێی وەک تورکیا و ئێران تۆپباران و بۆردومانی ناوچە سنوورییەکان دەکەن و بەم ھۆیەوەش ھاووڵاتییان شەھید و بریندار دەبن و زیان بە ناوچەکە دەگەیەنن''.
ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، شاخەوان رەئووف ئاماژەی بەوەیش کرد کە دەیانەوێت ھۆکارەکانی دروستبوونی ئەم بارودۆخە دەستنیشان بکەن و گوتیشی: ''ئێمە دەمانەوێت ھۆکارەکان نیشان بکەین، چونکە ھاووڵاتییانی ئێمەش دەبنە قوربانی، بۆیە بەدواداچوونی ورد دەکەین، چونکە بەپێی یاسا و دەستوور ئەوە شکاندنی شکۆی ھەرێمی کوردستانە، بۆیە دوای بەدواداچوونەکان ئەنجامی بەدواداچوونەکان رادەگەیەنین''.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، هەروەها سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان، رێبوار بابکەیی گوتی: ''پەرلەمانی کوردستان رژدە لەسەر ئەوەی لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەو جموجۆڵەی سەر سنوورەکان بکات، ھەڵسەنگاندنی مەیدانی بۆ زیانە گیانی و ماددییەکان و ھۆکارەکانی دروستبوونی ئەم بارودۆخە دەکەین، بۆیە دواتریش لەڕێگەی راسپاردەوە داوای ئیمکانیەتی سیاسیی و یاسای حکوومەتی ھەرێم دەکەین، پاشان رۆڵی حکوومەتی عێراق کە چۆن دەتوانن بەھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ئەو پرسە چارەسەر بکەن''.
ھاوکات جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە، عوسمان سێدەری رایگەیاند کە ئەرکی ئەوان بەدواداچوونی خاڵە سنوورییەکان و دیاریکردنی زیان و ھۆکارەکانە لەڕێگەی راپۆرتێک تا حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراقی لێ ئاگادار بکەنەوە.