سياسەت, عێراق

پارتی دیموکراتی کوردستان: "بەشداریی ھەڵبژاردنێک ناکەین کە بە نایاسایی و نادەستووری سەپێندرابێت"

Heman Hussein Yaseen  | 18.03.2024 - نوێکردنەوە : 19.03.2024
پارتی دیموکراتی کوردستان: "بەشداریی ھەڵبژاردنێک ناکەین کە بە نایاسایی و نادەستووری سەپێندرابێت"

Arbil

هەولێر - AA

ئەمڕۆ دووشەممە، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق، بڕیارەکانی دادگای باڵای فێدڕاڵی و چەند پرسێکی دیکە بڵاوکردەوە و تیاییدا ڕایگەیاند کە بەشداری هەڵبژاردنێک ناکەن کە بە نایاسایی و نادەستووریی سەپێنرابێت.

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەیاننامەکەدا بڵاویکردووەتەوە کە، لایەنەکانی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارییەتی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و تەواوی خاڵەکانی ڕێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکھێنانی کابینەی ئێستای حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پڕۆسەی سیاسی دا.

مەکتەبی سیاسی پارتی ڕاشیگەیاندووە: "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارییەتی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و سیستەمی دیموکراسی و فێدڕاڵی عێراق، ھەروەھا ڕەوایی نەدان بە ھەڵبژاردنێکی نا دەستووری و نا دیموکراسی و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکاریانەی دەستوور کە لەلایەن دادگای باڵای فێدڕاڵییەوە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی ئەنجام دەدرێت بەگشتی و، سەپاندنی ھەموارە نادەستووریەکانی یاسای ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بەتایبەتی بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بڕیاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری ھەڵبژاردنێک نەکات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دا ئاماژە بە نەهێشتنی کورسی کۆتاکان کراوە و تیاییدا هاتووە: "بە نەھێشتنی کورسی کۆتای پێکھاتەکان لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، یەکێک لە گەرەنتیە سەرەکییەکانی ھەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد و ھەلی یەکسان و دادپەروەرانە لە ھەرێمی کوردستاندا پێشێلکرا، بڕیارە یەک لە دوای یەکەکانی دادگای باڵای فێدڕاڵی بوونەتە ھۆی پێشێلکردنی پڕەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بەشێوەیەک دادگا خۆی خستووەتە پێگەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و ھەندێک دەسەڵات و تایبەتمەندی بەخۆی داوە کە لە دەستووردا بۆی دیاری نەکراوە".

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بە بڕیارەکانی دادگای باڵای فێدڕاڵی کردووە و بە چەند خاڵێک پێشێلکارییەکانی خستووەتەڕوو و تیاییدا هاتووە: "بریارەکەی دادگا لەسەر یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە وردەکاری زیاتری نادەستووریی بەرامبەر ھەرێم تیادایە و درێژەی ئەو زنجیرە بریارە نادەستووریانەیەتی کە لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوو بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان داویەتی، لەھەمانکاتدا ئەوەی تێبینیمان کرد و لەکاتی خۆیدا ڕای گشتیشمان لێ ئاگادار کردەوە، بریتییە لە پێشێلکاریە زەق و مەترسیدارەکەی دەستوور لە بڕیارەکەی دادگای باڵای فێدڕاڵی بۆ لەباربردنی سیستەمی دیموکراسی ھەرێم و، ھەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ سیستەمی مەرکەزی".

لەبارەی ئەو گەڕاندنەوەی عێراق بۆ سیستەمی مەرکەزی، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە: "دادگای باڵای فێدڕاڵی بە ھەموارکردنەوەی جومگە گرنگەکانی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە ماددەکانی پەیوەست بە دیاریکردنی سیستەمی بازنەکانی ھەڵبژاردن و کۆتای پێکھاتەکان و ژمارەی کورسیەکان و لایەنی سەرپەرشتیار و لایەنی تایبەتمەند بە یەکلاییکردنەوەی تانەکانی ھەڵبژاردن، سەرەڕای ئەوەی پێشێلی ماددەکانی ١١٧ و ١٢١ی دەستووری کردووە کە تایبەتن بە گەرەنتیکردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی یاسادانانی ھەرێم، لەھەمانکاتدا پێشێلکاری زەقی ماددەی ٦ی دەستووریشی کردووە کە جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات بەشێوازێکی دیموکراسیانە و بەپێی ڕێوشوێنە دەستووریەکان دەبێت، لەکاتێکدا ئەو ھەموارکردنانە دەبێتە ھۆی شێواندنی سیستەمی دیموکراسی هەروەها بە نەھێشتنی کورسی کۆتای پێکھاتەکان لەیاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، یەکێک لە گەرەنتیە سەرەکییەکانی ھەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد و ھەلی یەکسان و دادپەروەرانە لەھەرێمدا پێشێلکرا، چونکە سەرەڕای ئەوەی کە ئەوە پێشێلکردنی ویست و ئیرادەی ھاووڵاتیانی ھەرێمە لەمامەڵەکردن لەگەڵ بابەتێکی ھەستیاری وەک پێکەوە ژیان و یەکتر قەبوڵکردندا، کە بووەتە ناسنامەی سەقامگیری و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی ھەرێم، لەلایەکی دیکەشەوە ناکۆکە لەگەڵ ماددەکانی ٤٩/ بڕگەی یەکەم و ١٢٥ی دەستوور و یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و ماددەکانی ٢ و ٢٥ لە پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان کە عێراق لە ساڵی ١٩٧١ پەسندی کردووە و پێوەی پابەندە، کە ھەموویان جەخت دەکەنەوە لەسەر ڕەچاوکردنی نوێنەرایەتیکردنی ھەموو پێکھاتەکانی گەل لە ئەنجوومەنە ھەڵبژێردراوەکاندا و بەشداریکردنیان لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتیدا".

ئاماژە بەوەشکراوە کە، دوورخستنەوەی دەسەڵاتی دادوەریی ھەرێمی کوردستان لە یەکلاییکردنەوەی تانەکانی پەیوەست بە پڕۆسەی ھەڵبژاردنەوە، کە لە ماددەی شەشەم دووبارە/ بڕگەی چوارەمی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دیاریکراوە و سپاردنی ئەو تایبەتمەندییە بە دەستەیەکی دادوەریی سەر بە (مجلس القضاء الاعلی)ی فێدڕاڵی، زێدەڕۆییەکی مەترسیدارە لەسەر دەسەڵاتی دادوەریی ھەرێم، چونکە لەلایەک پێشێلکردنی سەربەخۆیی ھەرێمەکانە، و لەلایەکی دیکەشەوە لادانێکی بێ پاساوی ئەوپیادەکردنە ئاساییەیە کە لەمەوپێش لە بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمدا لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی فێدڕاڵییەوە پەیڕەو دەکرا، بەوەی ھەمیشە دەستەیەکی دادوەریی لە دادگای پێداچوونەوەی ھەرێم، تانەکانی تایبەت بە ھەڵبژاردنەکانی یەکلایی دەکردەوە.

هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە، جگە لەو پێشلکارییە دەستووریانەی لە بڕیارەکانی دادگای باڵای فێدڕاڵی بەرامبەر یاسای ھەڵبژاردن کراون، چەند ڕێکارێکی دیکەی ناتەندروست گیراونەتەبەر کە کۆی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەخەنە ژێر پرسیاری جدییەوە، لەوانە بێبەشکردنی نزیکەی ٤٠٠ھەزار دەنگدەری ھەرێمی کوردستان لەدەنگدان، کە دەکاتە سەدا ٢٠ی کۆی ئەو دەنگدەرانەی بایۆمەترییان کردووە، بەبیانووی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان، ھەروەھا بابەتی نادادپەروەری لە دیارکردنی کورسییەکانی پارێزگای ھەڵەبجەدا.

ڕۆژی ٣ی ئاداری ٢٠٢٤، سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە کە نێچیرڤان بارزانی فەرمانی ھەرێمی بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان-عێراق واژوو کرد.

ئاماژە بەوەشکرابوو کە"پاڵپشت بە بڕگەی (دووەم) لە ماددەی (دەیەم) لە یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ی ھەموارکراو، نێچیرڤان بارزانی بڕیاریداوە بە دیاریکردنی ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ بە وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی گشتی بۆ خوولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن