توركيا

١٠٤ ساڵ لە کاری ڕۆژنامەوانیی ئاژانسی ئانادۆڵو

- ١٠٤ ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئاژانسی ئانادۆڵودا تێدەپەڕێت کە بە فەرمانی مستەفا کەمال ئەتاتورک و لە کاتی جەنگی ڕزگاری تورکیادا بە ئامانجی "گەیاندنی دەنگی ئانادۆڵو بە جیھان" دامەزراوە.

Özcan Yıldırım  | 06.04.2024 - نوێکردنەوە : 07.04.2024
١٠٤ ساڵ لە کاری ڕۆژنامەوانیی ئاژانسی ئانادۆڵو

Ankara

ئەنقەرە - AA

ئاژانسی ئانادۆڵو لە کاتی جەنگی رزگاریدا و بە فەرمانی مستەفا کەمال ئەتاتورک بۆ "گەیاندنی دەنگی ئانادۆڵو بە جیھان" لە ٦ی نیسانی ١٩٢٠دا دامەزرا، خاوەنی سەدەیەک و چوار ساڵ ئەزموونە لە گواستنەوە و ڕووماڵکردنی ھەواڵدا.

ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرەتای قۆناغی خەباتی نیشتمانیدا بە بێلایەنییەکەی لە ناوخۆ و جیھاندا دەنگی دایەوە، بەھۆی ئەنجامدانی ئەم ئەرکە گرنگەشەوە لە مێژووی کۆماردا پێگەیەکی تایبەتی بەدەستھێنا.

بەر لە دامەزراندنی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاژانسی ھاڤاس ڕۆیتەر ڕووماڵی ھەواڵەکانی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی دەکرد کە لە جەنگی جیھانی یەکەمدا شکستی ھێنابوو، لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ١٩١٨دا بەرامبەر کۆمەڵێک مەرجی سەخت ڕێککەوتنی مۆندەرسی واژوو کردبوو.

دوای واژووکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە، ھاوپەیمانان بەشێوەیەکی کرداری ئیستانبوڵیان داگیرکرد و بەپێی ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتەکەی دامات فەریت پاشا، ئیمتیازی ڕاگەیاندن درایە لایەنە بیانییەکان و لەم چوارچێوەیەشدا ئاژانسی ھاڤاس ڕۆیتەر دامەزرا کە ڕووماڵەکانی لە بەرژەوەندی تورکیادا نەبوو.

مستەفا کەمال ئەتاتورک بەتەواوی لە ھەواڵە چەواشەکارانەکانی ئەم ئاژانسە نیگەران بوو، ھەر بۆیە بیری لە دامەزراندنی ئاژانسێک کردەوە کە دەنگی خەباتی نیشتمانیی ئەو ڕۆژگارەی تورکیا بە ھەموو جیھان بگەیەنێت.

دوای داگیرکردنی فەرمی ئیستانبوڵ لە ١٦ی ئاداری ١٩٢٠دا و داخستنی ئەنجوومەنی نێردراوان لە ١٩ی ئاداردا، ئەتاتورک نووسراوێکی ئاراستەی فەرماندەییەکان و شارەکان کرد و لەوە ئاگاداری کردنەوە کە ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە ئەنقەرە ئەنجامدەدرێت. دوای ئەم ھەنگاوەش بەشێک لە ڕۆشنبیران کە ماوەیەک بوو بەدوای سەکۆیەکدا دەگەڕان کە دەنگییان بگەیەنێت، زەمینەسازییان بۆ دامەزراندنی ئاژانسی ئانادۆڵو کرد.

بەم شێوەیە ئاژانسی ئانادۆڵو لە قۆناغێکدا دامەزرا کە بە "خاڵی وەرچەرخانی خەباتی نیشتمانیی" ناودەبرا.

دوای داگیرکردنی ئیستانبوڵ، ڕۆشنبیران یونس نادی (عەبالیئۆغڵو) و خالیدە ئەدیپ (ئادیڤار) بۆ بەشداریکردن لە خەباتی نیشتمانیدا بەرەو ئانادۆڵو بەڕێکەوتن، لەکاتی پشووی ڕێگەدا لە وێستگەی ئاکھیسار گفتوگۆیان لەسەر بیرۆکەی "دامەزراندنی ئاژانسێکی ھەواڵ لە ئەنقەرە" کرد.


- دەرکەوتنی ناوبانگی "ئاژانسی ئانادۆڵو"

لە یاداشتەکانی یونس نادی دا باس لەوەکراوە کە چۆن "ئاژانسی ئانادۆڵو" وەک دەزگایەکی گرنگی تورکی ناوی دەرکردووە.

یونس نادی بەم شێوەیە باسی لەو گفتوگۆیە کردووە کە لە وێستگەی ئاکھیسار لەگەڵ خالیدە ئەدیپ ئەنجامیداوە: "٣١ی ئادار، ساڵی ١٩٢٠ چوارەم ڕۆژ و سێیەم بەیانی گەشتەکەمانە بۆ گەیڤە. ئەمڕۆ لە ڕێگاکەمان بەرەو ئەنقەرە بەردەوام دەبین، چونکە کاروانەکەی خاتوو خالیدە ئەدیپ دوێنێ ئێوارە گەیشتە گەیڤە. لەگەڵ خاتوو خالیدە ئەدیپ تەنھا لە وێستگەی ئاکھیسار و لە کاتی پشووی نێوان ڕێدا ھەلی ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی سەرپێیم بۆ ھەڵکەوت".

لە تۆمارەکاندا گفتوگۆی خالیدە ئەدیپ لەبارەی دامەزراندنی ئاژانسێک کە داوای ڕەوای ئانادۆڵو بە ھەموو جیھان بگەیەنێت بەم شێوەیەی خوارەوە ھاتووە:

- مەرجی یەکەم خانمی بەڕێز. دواتر بێگومان بابەتەکانی دیکە دەبنە پەراوێزی ئەمە، بۆ نموونە لە قۆناغی یەکەمدا بڵاوکراوە، کە لە سەرەتای دامەزراندنی دەزگاکەوە شتێکی پێویستە. دواتر بەشی ڕێکلام و پروپاگەندە....

- بێگومان ھەمووی بەڕیز ئەنجام دەدرێت، بەڵام بەڕای من پێویستە ئاژانس ببێتە ئامانجی سەرەکی. تەنانەت ئەگەر دەتانەوێت با ھەر لێرە لەسەر ناوەکەی ڕێکبکەوین: بۆ نموونە ئاژانسی تورک، ئاژانسی ئەنقەرە یان ئاژانسی ئانادۆڵو...

- بەڕای من "ئاژانسی ئانادۆڵو" گونجاوترین ناوه‌

- منیش ھەمان ڕام ھەیە. ئەوەی سەرەتا خۆی و دواتر ھەموو نیشتمان ڕزگار دەکات ئانادۆڵووە. کەواتە با بڕیاری خۆمان بدەین: ئاژانسی ئانادۆڵو...

- بەڵێ خانمی بەڕێز ئاژانسی ئانادۆڵو...

بەمشێوەیە کاروانی کاری ئاژانسی ھەواڵی ئانادۆڵو لەم گفتوگۆیەی یونس نادی و خالیدە ئەدیپەوە دەستی پێ کرد کە لە وێستگەی ئاکھیسار ئەنجامیان دا.

دواتر کاروانەکە لە یەکی نیسانی ١٩٢٠دا گەیشتە ئەنقەرە، بە گوتەی یونس نادی "لە ئێوارەی ٤ یان ٥ی نیسان"دا دوای خوانی ئێوارە لە مەکۆی تایبەتی کەمال ئەتاتورک، باس لە دامەزراندنی "ئاژانسی ئانادۆڵو" کراوە.

یونس نادی لەبارەی ئەو شەوە مێژووییەوە نووسیوویەتی: "لەبارەی ئاژانسەوە بەم شێوەیە بڕیارمان دا: یەکەم رۆژ، ئەتاتورک ئاژانسی ئانادۆڵوی لە ھەموو وڵاتدا دەناساند. واتە بەم ئامانجانە ئاژانسی ئانادۆڵو لە ئەنقەرە دامەزرا کە دەبوایە 'ھەموو لایەکی وڵات ھەواڵی کێشە و پرسە ھەنوکەییەکانی پێبگات، ھەواڵەکانی ئەم ئاژانسە ھەتا دوورترین گۆشەی تورکیا بڕوات. من و خاتوو خالیدە ئەدیپ بۆ ئامادەکردنی دوو خشتەی ھەواڵی ڕۆژانە دەبوایە ھەوڵە فەرمی، نافەرمی، ناوخۆیی و بیانییەکان کۆبکەینەوە و بیدەینە تەلەگرافخانە".

بەھەمان شێوە خالیدە ئەدیپ لە یادەوەرییەکانیدا بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی دیداری لەگەڵ کەمال ئەتاتورک دەداتەوە: "من کە گفتوگۆکانی ڕێگا و ئەو بابەتانەم بیرکەوتەوە کە بەیانییەکەی لەگەڵ چەند ژنێکدا باسم کردبوون، دەستبەجێ باسی ئەو ئاژانسەم کردەوە کە لەگەڵ بەڕێز یونس نادی لەسەری دوابووین. لەو سەردەمەدا نە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نە لەسەر ئاستی جیھانی لە خەباتی نیشتمانیی گەلەکەمان تێنەگەیشتبوون. ھۆکاری ئەمەش ئەوەبوو کە ڕووماڵی ھەواڵەکانی تایبەت بەم پرسە نەدەکرا. منیش لە دیدارەکەمدا ئەو گفتوگۆیەم باسکرد کە لەگەڵ بەڕێز یونس نادی لەبارەی دامەزراندنی ئاژانسی ئانادۆڵووەوە ئەنجاممان دابوو. داوامان کرد ھەواڵەکانی ئەم ئاژانسە بنێردرێتە ھەر شوێنێک کە تەلەگرافخانەی ھەبێت، لەو شوێنانەشی تەلەگرافخانەی لێ نییە ھەواڵەکان لە مزگەوتەکاندا ھەڵبواسرێن. جگە لەوەش بۆ تێگەیشتن لە شێوازی بیرکردنەوەی جیھان ھێنانی گرنگترین ڕۆژنامە ئینگلیزی و فەڕەنسییەکان بوو لە کاتی خۆیاندا. گرنگترین ئەو ڕۆژنامانەش بریتیبوون لە مانچستەر گاردیان، تایمز و دەیڵی کرۆنیکڵ. دوای ئەوەی لەسەر ئەم خاڵانە ڕێککەوتین مستەفا کەمال ئەتاتورک ئەوەی ئاشکرا کرد دەیەوێت یارمەتی ڕۆژنامەی حاکمییەتی میللییە بدات کە یونس نادی ئامادەکاری بۆ بڵاوکردنەوەی کردبوو. کاتێکیش من گوتم پێویستیمان بە ئامێرێکی چاپە، بەڵێنی ئەوەی پێدام کە بانکی عوسمانی بۆمان دابینی بکات".


- بەیاننامە مێژووییەکە

بەیانی دوای ئەم کۆبوونەوەیە و لە ٦ی نیسانی ١٩٢٠دا ئاژانسی ئانادۆڵو دامەزرا. ئەتاتورک بۆ ڕاگەیاندنی دامەزراندنی ئاژانسەکە دەستبەکاربوو و ئامانجیشی لەم کارە چالاککردنی ئاژانس و دەرخستنی ئەو گرنگییە بوو کە بە کارکردنی ئاژانسی ئانادۆڵوی دەدات. لەم چوارچێوەیەشدا نووسراوێکی کە بە "بەیاننامەی مێژوویی" ناسراوە ئاراستەی سەرجەم دەزگا سەربازیی و شارستانییەکان کرد و لە دامەزراندنی ئاژانسی ئانادۆڵو ئاگاداری کردنەوە. ئەتاتورک لە بەیاننامەکەدا جەختی لە گرنگی ئاگادارکردنەوەی لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە دامەزراندنی ئاژانسەکە کردبووەوە.

ئەو بەیاننامەیەی ئەتاتورک لە ٩ی نیساندا ئاراستەی سەرجەم بەتالیۆن، ویلایەت، دامودەزگاکانی سەربە مودافەعەی حقوق و مودافەعەی میللییەی کرد بەم شێوەیەی لای خوارەوە بوو: "لە سەروبەندی خەباتی پیرۆزی نیشتمانیی کە لە ئەنجامی داگیرکردنی پایتەختی سەڵتەنەتی عوسمانی ناسراو بە شادەماری ئیسلام، لەلایەن دوژمنانەوە و دروستبوونی گەورەترین ھەڕەشە لەسەر گەلەکەمان لە ئانادۆڵو و ڕووماڵی دەستی پێکردووە، ھەروەھا بۆ بەرچاوڕوونی موسڵمانان بەرامبەر گرنگترین رووداو و پێشھاتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، لەلایەن چەند کەسێکی بەتواناوە دەزگایەکی تایبەت دامەزراوە کە ناوی "ئاژانسی ئانادۆڵو"ە.

داواکارین لە سەرجەم دەزگاکانمان بۆ گەیاندنی ھەواڵ و زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو بەخێراترین شێوە، ھەواڵەکان لەو شەقام و مەیدانانە ھەڵبواسرێن و دابەشبکرێن کە لەلایەن ڕێکخراوی مودافەعەی حقوق دیاری دەکرێن، ھەروەھا بۆ گەیاندنی ھەواڵەکان بە ھەموو شوێنێکی وڵات لەڕێی نامەی بەپەلەوە بنێردرێن بۆ گوند و شوێنە دوورە دەستەکان".

جێی ئاماژەیە ئەتاتورک لە بەیاننامەکەدا لەڕێی بەکارھێنانی دەستەواژەی "ئەو ھەواڵانەی ئاژانسی ئانادۆڵو بەخێراترین شێوە بڵاویان دەکاتەوە" نەک بەتەنھا ھەواڵ بەڵکو تیشکی خستووەتە سەر "ڕاستترین جۆری ھەواڵ" بەم شێوەیەش ئاماژەی بە یەکێک لە بنەما گرنگەکانی کارکردنی ئاژانسە جیھانییەکانی ھەواڵ کردووە کە پێویستە بە شێوەی "ڕاست، تەواو، بێلایەن و خێرا" ھەواڵەکان بڵاوبکەنەوە.


- دەستپێکی کارکردنی ئاژانسی ئانادۆڵو

ئاژانسی ئانادۆڵو لەدوای دامەزراندنی بۆ ماوەیەک لە ژوورێکی نووسینگەی زراعات کە مەکۆی تایبەتی ئەتاتورک بوو کارەکانی ئەنجامدا.

خالیدە ئەدیپ لە بیرەوەرییەکانیدا باس لەوە دەکات کە پێنج ڕۆژ دوای ھاتنی بۆ ئەنقەرە، یەکێک لە ژوورە درێژ و تەسکەکانی مەکۆکەیان بۆ ئامادە کردووە. کەلوپەلەکانی ناو ژوورەکەش بریتی بوون لە ڕەفەیەکی تایبەت بە دۆسیە، ئامێرێکی کۆنی چاپ، دوو مێز و کورسی. خالیدە ئەدیپ لەم ژوورەدا کە وەک یەکەم نووسینگەی ئاژانسی ئانادۆڵو ھەژمار دەکرێت. بابەتە سیاسییەکانی ئەو ڕۆژنامە ئینگلیزییانەی پێشتر ئاماژەیان پێدرا وەردەگێڕدرایە سەر زمانی تورکی، ھەروەھا لەنێو ئەو تەلەگرافانەی کاتبەکەی ئەتاتورک دەیھێنان ئەو بەشانەی دەبڕی کە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو یان رۆژنامەی حاکمیەتی میللیە پێویست بوون، جگە لەمەش نووسراوی تایبەت بە ڕاگەیاندراوەکانی ئەتاتورکی ئامادە دەکرد.

ئاژانس لەدوای نووسینگەی زراعات لە نھۆمی ژێرزەمینی بینای پەیمانگای مامۆستایان درێژەی بە کارەکانی دا. دوای گۆڕینی چەند شوێنێک نووسینگەی ئاژانسی ئانادۆڵو چووە بینایەکی دوو نھۆمی سەربەخۆوە.

ھەواڵە ناوخۆیی و جیھانییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ یەکەمجار لە ١٢ی نیسانی ١٩٢٠دا لەژێر ناوی "بڵاوکراوەی ئاژانسی ئانادۆڵو" بڵاوکرایەوە.

لە یەکەمین پەرەگرافی یەکەم ھەواڵدا کە بە ناونیشانی "بانگەوازێک بۆ گەلانی ئانادۆڵو" بڵاوکرابوەوە نووسرابوو: "لەو کاتەی کە پایتەختی دەوڵەتەکەمان کەوتە دەست دوژمنان، ئانادۆڵو و ڕومێلی دەستیان بە خەباتێکی نەبەردانە کرد، لەم سەروبەندەدا بۆ گواستنەوەی ڕاستترین ھەواڵ و زانیاری بۆ ھاونیشتمانیان و ھاوئایینانمان "ئاژانسی ئانادۆڵو" لەمڕۆوە دەست بەکار دەبێت. ئاشکرایە ئەو ھەواڵانەی لەئێستادا بڵاودەکرێنەوە ناگەنە دەستی زۆر کەس. بۆ ئەم مەبەستەش داوا دەکەین لەپێناو خۆشەویستی گەل و خاکدا بەپێی توانا چ لەڕێی تەلەگرافخانەکان و چ لەڕێی تابلۆی ئاگادارییەوە ھەوڵی گەیاندن و بڵاوکردنەوەی ھەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو بدەن، تا بگاتە گوند و شوێنە دوورە دەستەکانیش".

ئاژانسی ئانادۆڵو لەسەرەتای دەستبەکاربوونیدا ڕۆژانە دوو خشتەی ھەواڵی ھەبوو، گەیاندنی ھەواڵەکانی ئاژانسیش بە ھەموو لایەکی تورکیا لەو سەردەمەدا گرنگییەکی گەورەی ھەبوو. لە ٥ی ئاداری ١٩٢٠دا ئەتاتورک بەیاننامەیەکی دیکەی دەرکرد و تیایدا داوای کرد خشتەی ھەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو بگەیەندرێتە ھەموو گۆشەیەکی تورکیا و بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو ھۆکارەکانی پەیوەندیکردن بەکاربھێندرێت، ھەروەھا پۆستەخانە و تەلەگرافخانەکانیش بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو خشتەی ھەواڵانە بکەن کە لەکاتی خۆیاندا ناگەن.

ئاژانسی ئانادۆڵو لە دوای ئەم ڕێککەوتەوە ئامانجی بڵاوکردنەوەی ڕاستترین ھەواڵ بوو لەسەر ئامانج و بەرەوپێشچونەکانی تایبەت بە خەباتی سەربەخۆیی نیشتمانی لە ئانادۆڵو.


- ئاژانسی ئانادۆڵو بووە زمانحاڵی خەباتی نیشتمانیی

دامەزراندنی ئاژانسی ئانادۆڵو جۆشوخرۆشێکی گەورەی لە ئانادۆڵودا دروستکرد کە لە ناخەوە تامەزرۆی بەدەستھێنانی سەربەخۆیی بوو. دوای بەیاننامەکەی ئەتاتورک لە ھەموو لایەکی وڵاتەوە تەلەگرافی پیرۆزبایی دامەزراندنی ئاژانسی ئانادۆڵو ئاراستەی ئەنقەرە کرا. لەو تەلەگرافانەدا ھاووڵاتییان ئامادەیی خۆیان بۆ ھاوکاریکردنی ئاژانسی ئانادۆڵو لە بڵاوکردنەوە و گەیاندنی ھەواڵدا دەربڕیبوو.

بۆ گەیاندنی ھەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو بە ھاووڵاتییان و یەکە سەربازییەکانی بەرەکانی جەنگ ڕێوشوێنی پێویست گیرانەبەر. لەپاڵ ئەمەشدا ئاژانسی ئانادۆڵو لە خشتەی ھەواڵەکانیدا ھانی خۆڕاگری خەڵکی دەدا بەرامبەر فشاری دەوڵەتانی ھاوپەیمان و ھەوڵە داگیرکارییەکان.

لەلایەکی دیکەشەوە بە فەرمانی خودی ئەتاتورک ھەوڵێکی چر درا ھەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو بەشێوەیەکی نھێنی بگەیەندرێتە دانیشتوانی شاری ئیستانبوڵی داگیرکراو و ڕۆژنامەکانی لایەنگری خەباتی نیشتیمانی لەو شارە.

بەم شێوەیە ئاژانسی ئانادۆڵو لە ڕووماڵکردنی ھەواڵەکانی تایبەت بە پەرلەمانی تورکیا و بەرەکانی جەنگ و وەڵامدانەوەی چەواشەکاری ڕاگەیاندنی ھێزە داگیرکەرەکاندا بۆشاییەکی گەورەی پڕکردەوە و بووە دووەمین سەنگەری خەباتی نەتەوەیی.

لەدوای یونس نادی و خالیدە ئەدیپ، حەمدوڵڵا سوبحیش ھاتە ناو کارەکەوە و لە مانگەکانی سەرەتای دامەزراندنی ئاژانسدا ژمارەی کارمەندەکانی گەیشتە ١٠ کارمەند، بەڵام ئاژانس لەڕووی داراییەوە توانای ئەوەی نەبوو لە چاپخانەکاندا و بە تیراژی زۆر ڕۆژنامە چاپ بکات. ھەربۆیە لەڕێی دوو چاپخانەی ئەنقەرەوە کە ئامێرەکانیان تەواو کۆن ببوون ڕۆژنامەکان چاپ دەکران، ناوبەناو ئامێری چاپەکان کێشەیان تێدەکەوت و کارمەندەکانی ئاژانس ناچار دەبوون ئەو بەشەی چاپ نەبووە بەدەست بینووسنەوە و دواتر ڕەوانەی تەلەگرافخانەکانیان بکەن.

ئاژانسی ئانادۆڵو لە قۆناغی شەڕی ڕزگاریدا بە ئامانجی ھۆشیارکردنەوەی گەل لەو درۆ و چەواشەکارییانەی مەترسییان لەسەر یەکڕیزی نیشتمانی دروستکردبوو، ھەروەھا بۆ ئاگادارکردنەوەی ھاووڵاتییان لە بڕیاری بەدەستھێنانی سەربەخۆیی نیشتمانی و ھەوڵەکانی بەجێھێنانی ئەو بڕیارە، دامەزرا و لەڕێی گواستنەوەی ھەواڵی ڕاستەوە دەستی بە کارەکانی کرد، بڕیارەکانی پەرلەمانی تورکیای بە ھاووڵاتییان ڕادەگەیاند و لە دروستبوونی یەکڕیزی گەل و حکوومەتیدا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا.


- ٢٧ بەڕێوبەری گشتیی لە ئاژانسی ئانادۆڵو کارییان کردووە

یەکەم بەڕێوبەری گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو ناوی عەلائەددین بووە و لە ١ی کانوونی دووەمی ١٩٢٦ دەستبەکار بووە و دواتر لە یەکی شوباتی ١٩٣١ پۆستەکەی ڕادەستی موفەق مەنەمەنجیئۆغڵو کردووە. لە دوای ئەویش فایەق ھۆزار لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٤دا بووەتە بەڕێوبەری گشتی و لە ١ی حوزەیرانی ١٩٤٦دا پۆستەکەی ڕادەستی مۆفەق سوناڵ کردووە. دواتر زیا گەڤھەر ئه‌تلی لە ١٩٤٨- ١٩٥١ بەڕێوبەری گشتی ئاژانس بووە. دوای ئەویش ساییم نوری ئورای لە ١٩٥١- ١٩٥٢، شەریف ئارزک لە ١٩٥٣- ١٩٥٩، فیروزان تەکیل لە ١٩٥٩- ١٩٦٠ و جەمال ئایگەن لە ١٩٦٠- ١٩٦١ بەڕێوبەری گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو بوون.
لە ساڵی ١٩٦١ دا ئەردۆغان ئوڵوس نزیکەی ساڵێک لەم پۆستەدا بووە و دواتر پۆستەکەی ڕادەستی نایل موتڵوگیل کردووە. موتڵوگیلیش لە ساڵی ١٩٦٣دا ئەم پۆستەی بۆ مونیر به‌رک جێھێشتووە.
دواتریش ھەریەکە لە ئاتیللا ئۆنوک، عیزەت سەدەس، ئایتەکین یڵدز، جەودەت تانیەلی، حوسامەددین چەلەبی، بەھیچ ئه‌كشی، جەیھان بایتور، تورگای ئوچئۆز، ئەکرەم کارائیسماعیلئۆغڵو، مەھمەت ئاکارجا، مەھمەت گولەر، حیلمی بەنگی، کەمال ئۆزتورک، شەنۆڵ کازانجی و سه‌ردار كاراگۆز وەک بەڕێوبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو کارییان کردووە.


- گواستنەوەی خێرای هەواڵ لە سەرانسەری جیهان

ئاژانسی ئانادوڵو بەو تۆڕە هەواڵنێرییانەی کە لەسەرانسەری جیهاندا هەیەتی، لە هەوڵی بەردەوام دایە بۆ گواستنەوەی خێراترین زانیارییەکان. متمانەکردن بە هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو و هاوکات بەهێزی فۆتۆ و ڤیدیۆکان لەپاڵ زانیارییە متمانەپێکراوەکانی، بووەتە هۆی پێگەی قایمی ئاژانسەکە.

لە ئێستادا ئاژانسی ئانادۆڵو بە ١٣ زمان و زاراوەی جیاجیادا هەوڵی گەیاندنی هەواڵ و زانیارییەکان بە ئابۆنەکانی لەسەرانسەری جیهان دەدات و لە ڕێزی متمانەپێکراوترین ئاژانسەکانی جیهاندایە.
ئاژانسی ئانادۆڵوە بە زمانەکانی تورکی، ئینگلیزی، عەرەبی، رووسی، فەڕەنسی، ئیسپانیایی، فارسی، ئیندۆنێزی، بۆسنایی، ئەلبانی، مەقەدۆنی و هەردوو زاراوەی کرمانجی و سۆرانی وەشانی هەیە.

لەسەر ئاستی جیهاندا، هەفتەی حەوت ڕۆژ و ٢٤ کاتژمێر لە ڕۆژدا هەواڵ، فۆتۆ و ڤیدیۆکانی دەگاتە دەست ئابۆنەکان و لە سەرانسەری تورکیا ٨٥ ئۆفیسی لە ٨١ پارێزگادا هەیە و لەسەر ئاستی جیهانیش لە ١٤٤ وڵاتدا رووماڵی هەیە و خاوەنی ٣٩ ئۆفیسی فەرمییە.

ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی جیهانی زیاتر کاریگەری هەیە، هاوبەشی لەگەڵ هەر یەکە لە ئاژانسەکانی ڕۆیترز، AFP، Getty Images و DPA و زۆر ناوەندی دیکەی میدیایی دەکات و لە بوارەکانی هەواڵ، فۆتۆ و ڤیدیۆدا هاوکارییان هەیە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın