يانەى فەنەرباخچە رێوڕەسمى واژۆكردنى بۆ مەسعود ئۆزیل رێكخست
مەسعود ئۆزیل: "زۆر پەرۆشم بۆ ئەمە. پەنا بە خودا لە نزیکترین کاتدا لە یاریگا دەبم. لەو بڕوایەدام لەگەڵ فەنەرباخچە خۆشی پاڵەوانێتی دەژێین. ئامانجمان نوێنەرایەتی کردنی فەنەرباخچەیە بە جوانترین شێوە لە ئەورووپا".
Istanbul
ئیستانبوڵ - AA
یانەی فەنەرباخچە رێوڕەسمێکی واژۆکردنی بۆ یاریزان مەسعود ئۆزیل، کە لە یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزییەوە گواستییەوە ریزەکانی رێکخست.
رێورەسمەکە، بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دیوان، وەفا کوچوک و سەرۆکی یانەکە عەلی کۆچ و ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی یانەکە و بەڕێوەبەری وەرزشی، ئێمرە بەلەزئۆغڵو و راھێنەری یانەکە، ئیرۆڵ بوڵوت لە دامەزراوە وەرزشییەکانی فاروق ئڵگاز بەڕێوەچوو.
رێورەسمەکە، کە خێزانەکەی مەسعود ئۆزیل-یش ئامادەی بوون، ژمارەیەکی زۆر دامەزراوەی مێدیایی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی رووماڵیان کرد.
مەسعود ئۆزیل لە کاتی واژۆکردنیدا گوتی، "زۆر دڵخۆش و پڕ جۆشم، خەونێک بوو بۆ فەنەرباخچە و خەیاڵێک بوو بۆ من. بۆ ھەردوولا پێکەوەبوونێکی مەزن دەبێت. لەو بڕوایەدام بە بەھرەکانم سوودبەخش دەبم بۆ یانەکەم. ئومێدەوارم وەرزێکی پڕ سەرکەوتن بەڕێوەدەبەین".
مەسعود ئۆزیل ئاماژەی بەوەش کرد کە دەیەوێـت لە نزیکترین کاتدا درێسی یانەکەی بپۆشێت و گوتی، "زۆر پەرۆشم بۆ ئەمە. پەنا بە خودا لە نزیکترین کاتدا لە یاریگا دەبم. لەو بڕوایەدام لەگەڵ فەنەرباخچە خۆشی پاڵەوانێتی دەژێین. ئامانجمان نوێنەرایەتی کردنی فەنەرباخچەیە بە جوانترین شێوە لە ئەورووپا. بۆ ئەم مەبەستە ئەوەی لە دەستماندا بێت دەیکەین. پەنا بەخوا، بە جوانترین شێوە نوێنەرایەتی فەنەرباخچە لە خولی یانە پاڵەوانەکان دەکەین".