پەروەردەیی

وەزیری پەروەدەی هەرێم: "قوتابیان دڵنیابن لەوەی ساڵی خوێندنیان نافەوتێت"

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئالان حمە سەعید رایگەیاند، ئەگەر کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا رێگا بدات، هەموو هەوڵەکانیان بۆ ئەوەیە کە لە ۲ ی ئایاری داهاتوو ناوەندەکانی خوێندن بکەنەوە.

Sarmand Hameed  | 02.04.2020 - نوێکردنەوە : 09.04.2020
وەزیری پەروەدەی هەرێم: "قوتابیان دڵنیابن لەوەی ساڵی خوێندنیان نافەوتێت"

Arbil

هەولێر - AA

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئالان حمە سەعید رایگەیاند، ئەگەر کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا رێگا بدات، هەموو هەوڵەکانیان بۆ ئەوەیە کە لە ۲ ی ئایاری داهاتوو ناوەندەکانی خوێندن بکەنەوە.

ئالان حمە سەعید لە پەیامێکدا کە ئاراستەی قوتابیان و خوێندکارانی هەرێمی کوردستان و خانەوادەکانیان کردووە، تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە کە "پاش ئەوەی لەچوارچێوەی سیاسەتی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجوومەنی وەزیران لەپێناو سەلامەتی بڕیاری پشووی ناوەندەکانی خوێندنی سەربەوەزارەتی پەروەردەی دا، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کورستان، مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی و ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران پاش تاوتوێکردنی پلانەکانی وەزارەتمان بریار دراوە کە قوتابیان دڵنیابن لەوەی ساڵی خوێندنیان نافەوتێت."

وەزیری پەرورەدە وردەکاری ئەو پلانەی ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە، ئەگەر کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا رێگا بدات، هەموو هەوڵەکانیان بۆ ئەوەیە کە لە ۲ ی ئایاری داهاتوو ناوەندەکانی خوێندن بکەنەوە بۆ ئەم مەبەستەش پلان وخشتەی وەزارەتی بڵاوکردووەتەوە کە بەم جۆرە دەبێت:

ـ لە ۱۲ تا ۲۱ ی ئایاری ۲۰۲۰، تاقیکردنەوەی وەرزی دووەمی پۆلی ۱۲ ی ئامادەیی، بە هەموو بەشەکانییەوە،ئەنجام دەدرێت.

- تەنها بۆ ئەم ساڵی خوێندن تاقیکردنەوەی نیشتمانیی قۆناغی ۹ ی بنەڕەتی ئەنجام نادرێت و لەگەڵ پۆلە ناکۆتاکان تاقیکردنەوە دەکەن. بەڵام بەگوێرەی رێنمایی پێویستە بۆردی نمرەی قوتابیان بگەڕێتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی ئەزموونەکانی وەزارەت.

- تاقیکردنەوەی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان، بە قۆناغی ۹ ی بنەڕەتیشەوە، هەروەها پەیمانگاکان و خوێندنی ئیسلامی ، لە ۱ ی حوزەیران دەستپێدەکات تا ۱۰ی حوزەیرانی ۲۰۲۰.

- تاقیکردنەوەی خولی یەکەمی ئەزموونە گشتییەکان (وەزاری) بۆ قۆناغی ۱۲ ی ئامادەیی، بەهەموو بەشەکانییەوە ، لە ۲٨ ی حوزەیران تا ۲۳ ی تەمووزی ۲۰۲۰ ئەنجام دەدرێت، بەشێوازێک کە لە هەفتەیەکدا تەنها دوو تاقیکردنەوە ئەنجام دەدرێت.

- تاقیکردنەوەی خولی دووەمی قۆناغی ۱۲ی ئامادەیی بەهەموو بەشەکانییەوە لە ۱٦ تا ۲٤ ی ئابی۲۰۲۰ ئەنجام دەدرێت.

ئالان حەمە سەعید راشیگەیاندووە کە بۆ هەموو قۆناغەکان تاقیکردنەوەکان تەنها لەو بابەتانە ئەنجام دەدرێت کە خوێندراون یان دەخوێندرێن لەناو قوتابخانە، واتە هیچ بابەتێک بۆ تاقیکردنەوە داخڵ نابێت ئەگەر قوتابیان نەیانخوێندبێت.

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسی لە خوێندنی ئەلیکترۆنی کردووە و رایگەیاندووە "وەزارەتی پەروەردە، پاش رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران، خوێندنی ئەلیکترۆنی وەک پاڵپشتیکار و هاوکار و نا ئیلزامی لە ناوەڕاستی مانگی نیسان بۆ قوتابیان فەراهەم دەکات بۆ ئەوەی دانەبڕێن لە خوێندن، هەموو قوتابخانە و پەیمانگا ناحکوومیەکان دەتوانن بە سستمی ئەلیکترۆنی یان ئۆنلاینی تایبەت بەخۆیان بەهەمان شێوەی قوتابخانە حکوومیەکان ئەو جۆرە لە خوێندن فەراهەم بکەن، و هەر قوتابخانەیەکی ناحکوومی کە بە سستمی وەزارەتی پەروەردە دەخوێنێت، بە کوردی، ئینگلیزی، عەرەبی، دەتوانێت سوود لە پرۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی وەزارەت وەربگرێت.

ئالان حەمە سەعید دڵنیایی داوە بە مامۆستایانی وانەبێژیی قوتابخانە حکوومییەکان کەبەهۆی پشووی خۆپارێزیی ناوەندەکانی خوێندن لە وانە وتنەوە دابڕاون، لەبەرچاو دەگیرن و شایستە داراییەکانیان بەردەوام دەبێت.

وەزیری پەروەردە راشیگەیاندووە کە پێویستە ناوەندەکانی خوێندنی ناحکوومی، لەم دۆخەدا پابەندبن بە گرێبەستەکانیان لەگەڵ مامۆستایانیان و شایستە داراییەکانیان وەک لە گرێبەستەکانیاندا هاتووە، بۆیان خەرج بکەن.

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئالان حەمە سەعید ئەو پلان و خشتەیەی کە ئاماژەی پێدراوە، بۆ حاڵەتێکە ئەگەر توانرا لەو کاتەدا دەوامی ناوەندەکانی خوێندن بکرێتەوە، بۆ هەر ئەگەرێکی دیکە، وەزارەتی پەروەردە پلانی ئامادەکراوی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران خستۆتە روو، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاردەر دەبێت لەو بارەیەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک رێکارێک بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)، رۆژی ٢٦ی شوباتی رابردوو بڕیاریدا بە داخستنی ناوەندەکانی خوێندن بە زانکۆ و پەیمانگاکانیشەوە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın