توركيا

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وەڵامی رەخنەکانی ناوەندێکی ئەمریکای دایەوە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، حامی ئاکسۆی:"راگەیەندراوەکەی کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی ئازادییە ئایینییەکانی ئەمریکا، لەبارەی ئۆپەرسیۆنەکانی چنگ-هەڵۆ و چنگ-پڵنگ بۆسەر حەشارگەکانی تیرۆریستانی پەکەکە لە عێراق، راگەیەندراوێکی نوێی بێ بنەمای کۆمیسیۆنەکەیە"

21.06.2020 - نوێکردنەوە : 21.06.2020
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وەڵامی رەخنەکانی ناوەندێکی ئەمریکای دایەوە

Ankara

ئەنقەرە - AA

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، حامی ئاکسۆی لە راگەیەنراوێکدا، وەڵامی ئەو راگەیاندنەی کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی ئازادییە ئایینییەکانی ئەمریکای داوەتەوە کە تیایدا رەخنەی لە ئۆپەرسیۆنەکانی چنگ-هەڵۆ و چنگ-پڵنگ گرتبوو.

حامی ئاکسۆی نووسیویەتی: "راگەیەندراوەکەی کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی ئازادییە ئایینییەکانی ئەمریکا، لەبارەی ئۆپەرسیۆنەکانی چنگ-هەڵۆ و چنگ-پڵنگ بۆسەر حەشارگەکانی تیرۆریستانی پەکەکە لە عێراق، راگەیەندراوێکی نوێی بێ بنەمای کۆمیسیۆنەکەیە".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، حامی ئاکسۆی جەختی لەوەیش کردووەتەوە کۆمیسیۆنەکە کە بانگەشەی ئەوە دەکات بەرگری لە ئازادییە ئایینییەکان دەکات، بەڵام چاوپۆشی لەو ستەمانە دەکات کە سەرکردایەتی پەکەکە لە عێراق و پەیەدە/یەپەگە لە سووریا لە خەڵکی ئەو ناوچانە و ئەو کوردانەی دەکات کە پشتیوانی سیاسەتەکانیان ناکەن.

حامی ئاکسۆی رەخنەگرتن لە ئۆپەراسیۆنەکانی وڵاتەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بوون بە ئامراز بۆ پرۆپاگەندەکردن بۆ پەکەکەی بە کارێکی شەرمهێنەر ناوبردووە و نووسیویەتی:

"بەهۆی فشارەکانی پەکەکە کە بوونی داعشی کردە پاساو بۆ جێگیر بوون لە شنگال، دەیان هەزار هاووڵاتی ئێزدی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان، ئەوانەیشی کە گەڕاونەتەوە رووبەڕووی ستەمی رێکخراوە تیرۆریستییەکە بوونەتەوە، تەنانەت ئێزدییەکان و بەرپرسە خۆجێیەکانی ئەو ناوچەیەش دانیان بەم راستییەدا ناوە. قوتابخانەکان لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستییەوە داخراون، منداڵان بەزۆر لە خێزانەکانیان دەسێندرێن و چەکدار دەکرێن. بەداخەوە ئەوانەی بانگەشەی پاراستنی مافی مرۆڤ دەکەن چاوپۆشییان لەم راستییانە کردووە کە تا ئێستا رێکخراوە تیرۆریستییەکە ئەنجامیداون".



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن