سياسەت, شیکردنەوە, عێراق

وردە‌كاری گواستنە‌وە‌ی ١٧٦ بەندکراو لە‌ سلێمانییەوە بۆ كە‌ركووك

- گواستنەوەی ١٧٦ بەندکراو لە سلێمانییەوە بۆ کەرکووک، کە دەگوترێت بە ماددەی چواری تیرۆر سزادراون، مشتومڕی لێکەوتووەتەوە و حکوومەتی هەرێم بێ ئاگایی خۆی لەو پرسە راگەیاندووە.

Rewa Mahmood Hasan  | 23.05.2020 - نوێکردنەوە : 24.05.2020
وردە‌كاری گواستنە‌وە‌ی ١٧٦ بەندکراو لە‌ سلێمانییەوە بۆ كە‌ركووك

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

بە‌پێی رێككە‌وتنی نێوان یە‌كێتی نیشتمانی كوردستان و حكوومە‌تی ناوە‌ندی عێراق، ١٧٦ بەندکراو کە دەگوترێ لە نە‌تە‌وە‌ی عە‌رە‌ب و توركمان بوون، لە بەندیخانەکانی سلێمانییەوە بۆ کەرکووک گوستراونەتە‌وە.‌ ئەو بەندکراوانە‌ هەرچەندە بە تەواوی تاوانەکانیان ئاشکرا نەکراوە، لە‌ماوە‌ی ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ لە‌سنووری پارێزگای كە‌ركووك دە‌ستگیركراون كە‌ بە‌شی زۆریان خە‌ڵكی قە‌زای حە‌ویجە، رەشاد، ریاز و عەباسییە و ئەو ناوچانە دەستگیر کراون کە لە ژێر کۆنترۆڵی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا بووە.

بە پێی زانیارییەکان بە‌شێكی زۆری ئەو بەندکراوانە لە‌ سنوورە‌كانی مە‌كتە‌ب خالد و قە‌زای داقوق دە‌ستگیر كراون كە‌ لە‌ سنووری مە‌كتە‌ب خالد ٧٤ كە‌س و لە‌قە‌زای داقوقیش ٣٣ كە‌سبوون.

لەم بارەیەوە لێپرسراوی مە‌ڵبە‌ندی كە‌ركووكی یە‌كێتی نیشتمانی کوردستان محەممەد عوسمان کە وەک لە میدیاکاندا دەردەکەوێت ئەرکی رێکخستنی پڕۆسەی رادەستکردنەوەی بەندکراوانی پێسپێردراوە دەڵێت، "جێبە‌جێكردنی ئە‌م رێككە‌وتنە‌ بۆ فە‌راھە‌مكردنی ئاشتە‌وایی و پێكە‌وە‌ ژیانی نێوان پێكھاتە‌كان بووە"‌.

هەر چەندە بە رێگەی راگەیەندراوێکەوە، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێ ئاگایی خۆی لەو دۆسیەیە راگەیاندووە و جەختی لەوە کردووەتە کە حکوومەتی هەرێم نە ئاگاداری گرتنیان بووە و نە ئاگاداری رادەستکردنەوەیان بە بەغدا، بەڵام محەممەد عوسمان دەڵێت،‌ "رێكە‌وتنە‌كە‌ لە‌نێوان حكوومە‌تی ھە‌رێم و حكوومە‌تی ناوە‌ندی ئە‌نجامدراوە‌".

حکوومەتی هەرێمی رەخنەی لەو پرۆسەیە گرتووە و رایگەیاندووە، "بابەتی هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان رێکار و میکانیزمی خۆی هەیە کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی بە یاسا و رێنمایی رێکخراون و بابەتی رادەستکردنەوەی ئەم تۆمەتبارانە بەدەر لەم میکانیزمانە ئەنجامدراوە".

ئەو لێپرسراوەی مە‌ڵبە‌ندی كە‌ركووكی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەشڵێت، "لە‌سە‌ر رێنمایی ھاوسە‌رۆكانی یە‌كێتی و ئێمە‌ وە‌ك نێوە‌ندگیرییە‌ك لە‌نێوان حكوومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان و حكوومە‌تی ئیتحادی، ھە‌ستاین بە‌و نێوە‌ندگیرییە‌ بۆ پێكە‌وە‌ ژیان و كاركردنی ئایندە‌ بۆ بونیادنانی پە‌یوە‌ندی تە‌ندروست لە‌نێوان پێكھاتە‌كانی كە‌ركووك و‌ خۆشبە‌ختانە‌ دوای مانگ و نیوێك گفتوگۆ متمانە‌ دروستبوو ئە‌و زیندانیانە‌ تە‌سلیمی حكوومە‌تی ئیتحادی بكرێن نە‌ك ئازاد بكرێن، ئە‌وان ئازاد ناكرێن و تە‌نھا رادە‌ستی حكوومە‌تی ئیتحادی دە‌كرێن".

محەممەد عوسمان بێ ئاگایی خۆی لە دادگاییکردن یان نەکردنی ئەو بەندکراوانە لە ماوەی ئەم ساڵانە لە بەندیخانەکانی هەرێم نیشان داوە و دەشێڵێت، "پێشوتریش دووسە‌د زیندانی تر لە‌قۆناغی یە‌كە‌م ئازاد كران ئە‌مجارە‌یش ئە‌وە‌ی مابوو ئازاد كران و بە‌ پێی وتە‌ی وەزارە‌تی پێشمە‌رگە‌ كە‌ بە ‌ئێمە‌یان راگە‌یاندوە ئێستا ھیچ دە‌ستگیركراوێكی پێكھاتە‌كانی سنووری حكوومە‌تی ئیتحادی لە‌لایە‌ن جیھازی ئە‌منی كوردستان نامێنێ".

لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان راشدەگەیەنێت کە "زۆربە‌ی ئە‌م كە‌سانە‌ لە‌سە‌ردە‌می شە‌ڕی داعشدا بە‌شێكیان كاری تە‌قینە‌وە‌یان كردووە‌ و ھە‌ندێكیشیان لە‌شە‌ڕدا گیراون یا خۆیان رادە‌ستی ھێزی پێشمە‌رگە‌ كردووە‌. بەندکراوان جگە‌ لە‌نە‌تە‌وە‌كانی عە‌رە‌ب و توركمان، كوردیشیان تێدا بووە،‌ كە‌ كاری تیرۆریستی كردووە".

هەر لەم بارەیەوە، نوێنە‌ری عە‌رە‌بی سوننە‌ و راوێژكاری سە‌رۆکایەتی كۆماری عێراق، ئیسماعیل حە‌دیدی كە‌ لە‌سە‌رە‌تای گفتوگۆكانە‌وە‌ تا رێككە‌وتن و گواستنە‌وە‌ی زیندانییە‌كان، رۆڵی هەبووە، ئاشکرای دەکات کە پڕۆسەکە لەسەر خواست و داواکاری پێکهاتەکانی کرکووک بووە و حکوومەتی عێراق داوای لە بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کردووەتەوە کە بەندکراوان رادەست بکەنەوە

حەدیدی لەم بارەیەوە دەڵێت، "پاش داواكاری لایە‌ن و نە‌تە‌وە‌كانی كە‌ركووك و داواكاری چە‌ندجارە‌ی حكوومە‌تی ناوە‌ندی، وایكرد بە‌رپرسانی یە‌كێتی ئە‌و زیندانیانە‌ بگوازنە‌وە‌ كە‌ركووك. ئە‌م رێكە‌وتنە‌ لە‌بە‌رامبە‌ر ھیچ دە‌ستكە‌وت و ھیچ شتێک نەبووە".

ئەو داواش دەکات کە هاوشێوەی ئەوە، بەندکراوانی سنوورەکە لە بەندیخانەکانی هەولێریشەوە ئازاد بکرێن و دەڵێت: "زیندانی عە‌رە‌ب و توركمان لەزیندانە‌كانی سلێمانیدا نە‌ماون و تە‌نھا ژمارە‌یە‌ك زیندانی لە‌ھە‌ولێر ماون كە‌ داواكارن ئە‌وانیش ئازاد بكرێن".

ئەو راوێژکارەی سەرۆکایەتی کۆمار دەشڵێت، "بەرپرسانی یەکێتی بۆ ئاسانکاری لە دادگایی کردنیان پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بەندکراوانیشیان هاوپێچ بۆ بەغدا رەوانە کردووە".

بە پێی زانیارییەکان، هەمان داواکاری بەرپرسانی بەغدا ئاراستەی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم لە هەولێریش کراوە و پێیان راگەیەندراوە کە تاوانبارانە بۆ ئەو شوێنانە بگوازنەوە کە تاوانەکەی تێدا ئەنجام دراوە، بەڵام تا ئێستا ئەو خواستەی بەرپرسانی بەغدا لە لایەن هەولێرەوە وەڵام نەدراوەتەوە.







بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın