هونەر و كلتوور

هەنجیری ئاکرێ بە تام و بۆنە جیاوازەکەیەوە هەناردەی ئەورووپا و ئەمریکا دەکرێت

- ئەحیا بەگ، بێناتی، ھەنجیرە رەش، تەفسک زەرد و رەش، ھەنجیرە دێم، ھەنجیرە پاییز و سوورخاڵ، ناوی ئەو جۆرە هەنجیرانەن کە ساڵانە رەوانەی ئەورووپا و ئەمریکا دەکرێت. -.

Heman Hussein Yaseen  | 14.08.2020 - نوێکردنەوە : 14.09.2020
هەنجیری ئاکرێ بە تام و بۆنە جیاوازەکەیەوە هەناردەی ئەورووپا و ئەمریکا دەکرێت

Arbil

هەولێر - AA

ھەنجیری ئاکرێ تام و بۆن و شێوەی لەگەڵ ھەنجیری شوێنەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان و عێراق جیاوازە، ھەر ئەمەیش وای کردووە دانیشتوانی عێراق و گەشتیارانی بیانی ھەنجیری ئاکرێ لەگەڵ خۆیاندا ببەنەوە.

ئەحیا بەگ، بێناتی، ھەنجیرە رەش، تەفسک زەرد و رەش، ھەنجیرە دێم، ھەنجیرە پاییز و سوورخاڵ، ناوی ئەوجۆرە هەنجیرانەن کە ساڵانە رەوانەی ئەورووپا و ئەمریکا دەکرێت

ساڵانە لە مانگی ئاب تا مانگی تشرینی یەکەم وەرزی پێگەیشتنی هەنجیرە لە ئاکرێ و بە گوتەی خاوەن باخێکی هەنجیریش، ساڵانە جۆرەکانی هەنجیر رەوانەی شارەکانی دیکەی عێراق و دەرەوە دەکەن، ئاماژە بەوەیش دەکات کە سەرەڕای بوونی چەندین جۆری هەنجیر، بەڵام جۆری ئەحیا بەگ، یەکێک لە باوترین جۆرەکانی هەنجیرە کە خواستێکی زۆری لەسەرە.

خاوەن باخی هەنجیر و ئەندازیاری کشتوکاڵ، شەهاب فارس ئاماژە بەوە دەکات کە کڕیاریان لە هەموو شوێنەکانی عێراق هەیە و زۆرجاریش هەنجیری باخەکەیان ناردووەتە ئەمریکا و راشیدەگەیەنێت کە بەنیازن ساڵی داهاتوو پەرە بە کارەکەیان بدەن.

شەهاب فارس-ی تەمەن ٦٥ ساڵ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەنجیر لە سەرەتای مانگی ئاب پێ دەگات، بەڵام ئەمساڵ پێش جەژنی قوربان هەنجیر پێگەیی و هۆکارەکەیشی ئەوە بوو کە کەشوهەوا گەرم بوو، ئاویش هەبوو، مانگی ئەیلوول تا مانگی تشرینی یەکەم وەرزی پێگەیشتنی هەنجیرە و بە درێژایی ئەم ماوەیە خەریکی لێکردنەوەی هەنجیر دەبین".

خاوەن باخی هەنجیر، شەهاب فارس سەبەتەیەکی لە دار دروستکراو و گۆچانێکی داری بۆ لێکردنەوەی ھەنجیر بە دەستەوەیە و لە ھەر دارێک چەند ھەنجیرێک دەخاتە ناو سەبەتەکەوە و ئاماژەی بەوەیش دا کە هەموو رۆژ کاتژمێر پێنجی بەیانی ھەنجیرەکانیان دەڕنن و رووبەری باخەکەیش دوو دۆنمە و چەندین دار هەنجیری لەناودایە و دارەکانیش لە چەندین جۆری هەنجیر پێکدێن و لەبارەی جۆرەکانی هەنجیریشەوە دەڵێت "هەنجیر چەند جۆرێکی هەیە لەوانە، ئەحیا بەگ، بێناتی، ھەنجیرە رەش، تەفسک زەرد و رەش، ھەنجیرە دێم، ھەنجیرە پاییز و سوورخاڵ و چەند جۆرێکی دیکەیش، هەنجیر لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەڵام باوترین جۆریان ئەحیا بەگە کە تام و بۆنێکی تایبەتی هەیە، هەروەها پەلکی هەنجیرەکە تەنکترە".

ھەنجیر میوەیەکی خۆشی وەرزی ھاوینە و میوەیەکی پڕ کانزایە، بە تەڕی و بە وشکی دەخورێت و لە خێزانی تووەکانە ، ئەو میوەیە وەکو میوەکانی دیکە نییە لە رووی خواردنەوە، تا بە تەواوی پێ نەگات ناخورێت، خوای گەورە سورەتێکی بە ناوی ھەنجیر دابەزاندووە، سوێند خواردنی خودای گەورە بەم میوەیە، گرنگیدانە بە سوودەکانی ئەو میوەیە و لەبارەی بەشێک لە سوودەکانی هەنجیریش، شەهاب فارس گوتی: "من هەموو رۆژ کاتژمێر پێنجی بەیانی دەست بە لێکردنەوەی هەنجیر دەکەم و لە تەمەنی شەش ساڵییەوە تا ئیستا لەم بوارە کار دەکەم، پێشتر چەند دار هەنجیرێکمان هەبوو، بەڵام ئێستا وەک دەبینین لە ژماردن نایە و لە داهاتووشدا زیاتر پەرە بە بوارەکە دەدەین، لەگەڵ ئەوەیشدا هەنجیر سوودی زۆرە، کانزای مەگنسیۆم و کالیسیۆم و چەندین کانزای دیکەی تیادایە و ئەگەر هەنجیرێک بخەیتە ناو ئاو و بەیانییەکەی ئاوەکەی بخۆیتەوە کاریگەری باشی هەیە بۆ نەخۆشی شەکرە و چەندین نەخۆشی دیکە".

هەنجیر بۆ دروستکردنی مورەبا و سەوک و لەتکە هەنجیر سوودی لێ وەردەگیرێت و لەبارەی کڕیارەکانی هەنجیری باخەکەی، شەهاب فارس دەڵێت "ساڵانە بەقال هەیە لە ئاکرێ هەنجیرەکەمان لێ دەکڕێت و لەوێیەوە دەینرێت بۆ هەولێر، دهۆک، بەغدا و ئەورووپا، تەنانەت بۆ ئەمریکاش دەینێرین، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کەمی کڕیارەوە نرخ دابەزیووە، ساڵانە ئێمە کیلۆی بە پێنج هەزار دەماندا بە بەقالەکان، بەڵام ئەمساڵ نرخەکەی بۆ نیوە دابەزیوە".

بەقالێک کە ماوەی ٢٢ ساڵە لە دوکانەکەی کار دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە حەز بە فرۆشتنی بەرهەمی خۆماڵی دەکات و سماقی ئاکرێ، سرکەی هەنار و چەندین شتی دیکەی خۆماڵی لە دوکانەکەیدا دەبینرێت و رایدەگەیەنێت کە لەئێستادا بەهۆی پێگەیشتنی هەنجیر، کڕیاری تایبەتییان هەیە و بەرەو شارەکانی دیکەی عێراق دەینێرن.

خالید رەشید یاسین کە ماوەی ٢٢ ساڵە لە دوکانەکەیدا کار دەکات، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی ٢٢ ساڵە لێرە کار دەکەم و هەموو بەرهەمی سروشتیی دەفرۆشین، ئێستا وەرزی هەنجیرە و لە مانگی ئاب تا مانگی ١١ فرۆشتنی هەنجیر بەردەوام دەبێت".

خالید رەشید دەشڵێت "ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بازگەکان بەستراون و بەمهۆیەوە خەڵک ناتوانێت بێتە ئاکرێ، ئەگەرنا خەڵک لە هەموو شارەکانی عێراق دەهاتنە ئێرە بۆ کڕینی شتی خۆماڵی، چونکە هەنجیری ئەحیا بەگ تەنها لە خاکی ئاکرێ پێ دەگات، ئەمەیش وای کردووە کە رێژەیەکی زۆر داری هەنجیر لە جۆری ئەحیا بەگ لە ئاکرێ بچێندرێت".

ئەو بەقالە ئاماژە بەوەیش دەکات کە رێژەیەکی زۆر لە فرۆشەکانیان دابەزیووە و گوتی: "پارساڵ کیلۆی هەنجیر بە شەش هەزار دینار بوو، بەڵام ئەمساڵ بە سێ هەزار دینارە و رێژەی کڕین و فرۆشتنی بەرهەمەکان سەدا ٣٠ کەمی کردووە، هۆکارەکەیشی بۆ ئەو دۆخە تەندروستییە دەگەڕێتەوە".

ساڵانە لە دەڤەری ئاکرێ زیاتر لە ٣٠٠ تۆن ھەنجیر بەرھەم دەھێندرێت و زیاتر لە پێنج جۆر ھەنجیریشی ھەیە لەوانە، ئەحیا بەگ، بێناتی، ھەنجیرە رەش، تەفسک زەرد و رەش، ھەنجیرە دێم، ھەنجیرە پاییز و سوورخاڵ، لەگەڵ ئەوەیشدا باخەوانانی ئاکرێ ساڵانە دەیان تۆن ھەنجیر وشک دەکەنەوە بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان لە شەوچەرەی وەرزی زستاناندا سفرەکانیان پێ بڕازێننەوە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın