ئابووری, عێراق

هەرێمی کوردستان.. یاسای چاکسازیی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

- بەپێی بڕیاری پێشوەختەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەئەمڕۆ بەدواوە کار بە بەرنامەی "چاکسازی" دەکرێت کە لە چوارچێوەی یاسایەکدا کۆکراوەتەوە بەناوی (یاسای چاکسازیی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان-عێراق).

Ekip  | 01.07.2020 - نوێکردنەوە : 06.07.2020
هەرێمی کوردستان.. یاسای چاکسازیی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

Arbil

هەولێر - AA

بەپێی بڕیاری پێشوەختەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەئەمڕۆ بەدواوە کار بە بەرنامەی "چاکسازی" دەکرێت کە لە چوارچێوەی یاسایەکدا کۆکراوەتەوە بەناوی (یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان-عێراق).

ئەو یاسایەی کە پێشتر لە ساڵی ٢٠١٨ەوە کاری لەسەر دەکرێت و دەیان کۆبوونەوەی لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان و حکوومەتی لەسەر کرا و چەندین جاریش گۆڕانکاری لە بەند و ماددەکانیدا کرا تاوەکو گەیشتووەتە ئەم قۆناغەی ئێستا کە پەرلەمان و حکوومەتیش دەنگیان پێداوە و پەسەندیان کرد.

سەرئەنجام لە ١١ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، پڕۆژە یاسای چاکسازی پەسەندکرد و رەوانەی پەرلەمانی کرد و لە ١٦ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠دا، یاساکە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند کرا.

لە ٤ی شوباتی ٢٠٢٠یش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، یاساکەی واژوو کرد و بە بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی وەقایعدا، یاسای چاکسازی بە فەرمی راگەیاندرا و بڕیار درا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەنگاوی یەکەمی خستنە بواری جێبەجێکردنی یاساکە بە واژووی وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئاوات جەناب نوری لە رۆژی ٢٩ حوزەیرانی ٢٠٢٠دا لەسەر رێنماییەکانی ژمارە ١٢ و ١٣ی ساڵی ٢٠٢٠، دەستی پێ کرد کە تایبەتبوون بە (خزمەت، پلەی وەزیفی و خانەنشینی) پاڵپشت بە ماددەکانی (٦، ٧، ٨، ٩، ١٠) لە یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەکان و خانەنشینی و ماددەکانی (١٨، ١٩ و٢٠) لە پەیڕەوی یاسای چاکسازیی ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٢٠ وە گشتاندنێک کە ژمارە ١٠ی لەسەرە و ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کراوە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٠ و تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە وەزارەتی دارایی و ئابووریی، ئامادەکاری و هەماهەنگیی تەواوی کردووە لەگەڵ گشت وەزارەتەکان بۆ خێراکردنی گرتنەبەری رێککارەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشین لە هەرێمی کوردستان.

بەپێی واژووکردن و گشتاندنی ئەم رێنماییانە لە یاسای چاکسازیی هەر پلەیەک بەدەر لە یاسا درابێتە فەرمانبەرێک هەڵدەوەشێتەوە و پلەی شایستەی خۆی پێدەدرێت بەپێی ساڵی خزمەت و بڕوانامە، هیچ خزمەتێکیش بۆ مووچەخۆران هەژمارناکرێت ئەگەر بە نایاسایی و لە دەرەوەی رێنماییەکان درابێتە فەرمانبەرێک و بەپێی یاسا کارپێکراوەکان رێکدەخرێنەوە.

بەپێی رێنماییەکان هەموو وەزارەتەکان و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت پابەندکراون کە پێداچوونەوە و رێکخستنەوە بۆ مووچە و پلە و ناونیشانی هەموو فەرمانبەر و مووچەخۆرەکانیان بکەن و رێکخستنەوەکانیش بەپێی ساڵی خزمەتی راستەقینە و بڕوانامە و ئەو خزمەتە بێت کە بەپیی یاسا بەرکارەکان هەژمارکراوە
ئەم رێکخستنەوەیەش هەموو مووچەخۆرانی حکوومەت لە بوارەکانی (شارستانی و پێشمەرگایەتی و هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ) دەگرێتەوە و بێ جیاوازی لەسەر هەموویان جێبەجێ دەکرێت.

دەربارەی ئەو فەرمانبەرانەی کە خزمەتی فەرمانبەرایەتی (پێشمەرگایەتی، ئاوارەیی یان کەرتی تایبەتیان) بۆ هەژمارکراوە، سەرجەمیان هەڵدەوەشێتەوە و راستکردنەوەی مووچە و ناونیشانیان بۆ دەکرێتەوە بەپێی ساڵانی خزمەت و بڕوانامە و تەمەن.

یاسای چاکسازیی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان لە چەند بڕگە و بەشێکی جیاواز پێکدێت کە سەرەکیترینیان ئەمانەن:

بڕینی مووچە نایاساییەکان و یەکخستنی پلە وەزیفیەکان و لەسەر کارلادانی ئەو فەرمانبەرانەی کە دەوام ناکەن و بە (بندیوارەکان) ناو دەبرێن.

بەپێی یاساکە، لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکان و کەمئەندامانی سەنگەر و چاودێری کۆمەڵایەتیی پێداچوونەوەی تیادا دەکرێت و هەموو ئەو مووچانە دەبڕن کە ناشایستەن و لیستی مووچەخۆران لە کەسانی ناشایستە پاکدەکرێتەوە و لە هەنگاوی یەکەمیشدا هەموو پلە وەزیفیەکان رێکدەخرێتەوە و هەموو ئەو پلانە هەڵدەوەشێندرێتەوە کە بە نایاسایی دراون بە فەرمانبەران.

دەرفەتی گێڕانەوەی پەرلەمانتارانی خانەنشینیش بۆسەر کاری پێشوویان و هەژمارکردنی ساڵانی پەرلەمانتاری وەک خزمەت بۆیان بەشێکی یاساکەیە.

لە یاساکەدا سوودمەندبوونی زیاتر لە جارێک لە بوودجەی گشتیی بنەبڕ دەکات و نایهێڵێت، هەموو ئەو بەخشین و ئیمتیازاتە داراییانە بەدەر لە یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان دراون دەبڕدێت، بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانیش پێداچوونەوە بەبڕ و جۆری هاوکاریەکانیاندا دەکرێت و بەپێی راپۆرتی پزیشکی راستێندراو پێداچوونەوەی تێدادەکرێت.

ئەو خاوەن پێداویستیانەی فەرمانبەرن مووچەی هاوکاری کەمئەندامییەکەیان دەبڕدرێت، بەڵام دەرماڵەی (لەبری پەککەوتەیی) پێدەدرێت بەڕێژەیەک لە مووچەی بنەڕەتییان و رێژەکەش ئەنجوومەنی وەزیران دیاری دەکات.

کارکردن بە سەرجەم ئەو یاسا و بڕیار و پەیڕەو رێنماییانە رادەگیرێت کە رێگەیانداوە بە وەرگرتنی زیاتر لە مووچەیەک بۆ هەموو مووچەخۆرانی شارستانی و سەربازیی و هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش و چاودێری کۆمەڵایەتیی جگە لە ئیمتیازە داراییەکانی میراتگرانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسیی و سوودمەندان بەپێی یاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٥ (یاسای ماف و ئیمتیازی تاقانەکانی جینۆساید لە هەرێمی کوردستان).

دەربارەی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ یاساکە ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە سەرجەم یەکەکانی ژمێریاری لە گشت یەکەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان رێکخراو و رێکنەخراو لە چوارچێوەی هەیکەلی وەزارەتی پیشمەرگە لە یەک یەکەی ژمێریاریدا یەکبخرێن، پێویستە ئەو یەکەیەش لەژێر چاودێری وردی دیوانی چاودێری داراییدا بێت.

وەزیری دارایی دەبێت دەسەڵاتی تەواو بدات بە فەرمانگەی چاودێری دارایی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە وردبینی تەواو لە لیستی پێشمەرگەدا بکات و دۆسیەی کەسی بۆ هەر یەکێکیان بکرێتەوە.

ژمارەی پاسەوانی بەرپرسان و حزبەکان هەموویان رێکدەخرێنەوە بەپێی پەیرەوێک کە ئەنجوومەنی وەزیران دەریدەکات و سەرجەمیشیان دەگوازرێنەوە بۆ سەر میلاکی هێزەکانی یەکەی پاسەوانی لە وەزارەتی ناوخۆ.

دەربارەی دەرماڵەکان، یاساکە ئاماژەی بەوەداوە کە پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران گشت دەرماڵەکان لەبەر رۆشنایی یاسا بەرکارەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە رێکبخاتەوە.

یاساکە خانەنشینی پەرلەمانتارانی کردووەتە ئارەزوومەندانە و پەرلەمانتار ئەگەر بیەوێت خانەنشینی پەرلەمانتاری رەتبکاتەوە ئەوا دەبێت لە ماوەی ٣٠ رۆژدا لە رۆژی بەرکاربوونی یاساکەوە داواکاری پێشکەش بە دیوانی پەرلەمانی کوردستان بکات بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست.

ئەو پەرلەمانتارانەش کە دەیانەوێت ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە سەر کاری پێشتریان لە ئەرکی گشتییدا ئەوا ماوەی خزمەتی پەرلەمانیان بۆ هەژماردەکرێت بۆ هەموو مەبەستەکانی سەرمووچە و بەرزکردنەوەی پلە و خانەنشینی.

هەموو ئەو پێشمەرگانەی بەرلە ٥ی ئاداری ١٩٩١ەوە واتە بەر لە راپەڕێن لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا بوون و بە پلەکانی (وەزیر و بریکاری وەزارەت و راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی) یان هەر پلەیەکی دیکەی تایبەت خانەنشین کراون، هەڵدەوەشێتەوە و لەبری ئەوە دوای دڵنیابوونەوە لە هەبوونی مەرج و پێداویستییەکان و وردبینیکردن و پاککردنەوەی لیستی ئەو پێشمەرگانە لە کەسانی نا شایستە، بەپێی یاسایەکی بەرکار ئیمتیازێکی دارایی شایستەیان بۆ دابین دەکرێت.

مووچەی هەموو ئەو کەسانەش هەڵدەوەشێندرێتەوە کە بە نایاسایی خانەنشین کراون و رێککردنەوەش بۆ هەرکەسێک دەکرێت کە پلەیەکی زیاتر لە پلەی شایستەی خۆی پێدرابێت.

هەموو بەندەکانی ئەم یاسایە لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردن و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێت جێبەجێ بکرێت و دیوانی چاودێری دارایی پابەندە بە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی و دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتیی پابەندن بە گرتنەبەری رێکاری یاسایی دژی هەر کەس و بەرپرسێک کە ئاستەنگ بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانی ئەم یاسایە دروست بکات.


- جێبەجێکردنی یاساکە برە پارەیەکی زۆر بۆ خەزێنەی حکوومەت دەگەڕێنێتەوە

یەکێک لە هۆکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، گەڕاندنەوەی برە پارەیەکی زۆرە بۆ خەزێنەی حکوومەت.

قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت و هاوکات ناکۆکییەکانی بەغدا و هەرێم بووەتە هۆی گرفت لە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەو باوەڕەدان، بە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، توانای حکوومەتی هەرێم بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران و کۆی گشتی مووچەخۆران زیاتر دەبێت.

لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ٢٥٥ هەزار و ٢٧٣ کەس مووچە لە حکوومەتی هەرێم وەردەگرن کە زیاد لە ٧٥٢ هەزاریان فەرمانبەرن و ٥٠٢ هەزار کەسیش بە ناوی خانەنشینی، کۆمەڵایەتی و شەهیدانە، مووچەیان پێدەدرێت.

٨٩٨ ملیار دینار مانگانە بووجەی تایبەت بە مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستانە کە پێشبینی دەکرێت بە هۆی جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە، رێژەی بەرچاوی بوودجە بۆ حکوومەت بگەڕێتەوە.

تا ئێستا نازانرێت کە لە دەرئەنجامی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەدا چ برە پارەیەک بۆ خەزێنەی حکوومەت دەگەڕێنێتەوە بەڵام پێشبینی دەکرێت جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە مانگانە ١٢٠ بۆ ١٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە.

لەم بارەیەوە پەرلەمانتاری گۆڕان عەلی حەمە ساڵح بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت، "داهاتێکی زۆری بەهەدەردراو دەگەڕێتەوە و ئەگەر یاساکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، دوای ئەوە ژمارەکانمان بۆ دەردەکەوێت".

عەلی حەمە ساڵح دەشڵێێت، "ئێستا هیچ خەمڵاندنێک ناتوانین بکەین بۆئەوەی چەند بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە چونکە هەزاران مووچەخۆری نایاسایی هەیە هەزاران بندیوار و دوو مووچە و سێ مووچە هەیە لە لیستی شەهیدان، هەزاران ناوی ناشایستە هەیە و رێکخستەوەی دەرماڵەکانیش داهاتێکی زۆری بەهەدەردراو دەگەڕێنێتەوە، تاوەکو ئەمانە وەک خۆی جێبەجێ نەکرێت و رێککردنەوەی تێدا نەکرێت نازانین چەند دەدڕێتەوە و لەدوای تەنفیز و ئەو چاکسازیانە ژمارەیەک دەردەکەوێت".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın