پەروەردەیی, کۆڤید- ١٩

هەرێمی کوردستان.. سبەی پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل دەست پێدەکاتەوە

- بڕیاردراوە بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل لە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٦/ ٥ /٢٠٢١ بەشێوازی بەنۆرە (تناوب)، بۆ قۆناغی یەکەمی بنەڕەتی تا یازدەیەمی ئامادەیی حکوومی - ناحکوومی.

Sarmand Hameed  | 15.05.2021 - نوێکردنەوە : 16.05.2021
هەرێمی کوردستان.. سبەی پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل دەست پێدەکاتەوە

Arbil

هەولێر - AA

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٦/ ٥ /٢٠٢١ پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل بەشێوازی بەنۆرە بۆ قۆناغی یەکەمی بنەڕەتی تا یازدەیەمی ئامادەی لە قوتابخانەکانی حکوومی ناحکوومی دەست پێدەکاتەوە.

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کردووە کە، دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، بڕیاریانداوە بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل لە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٦/ ٥ /٢٠٢١ بەشێوازی بەنۆرە (تناوب)، بۆ قۆناغی (یەکەمی بنەڕەتی تا یازدەیەمی ئامادەیی)(حکوومی - ناحکوومی) و، ئەو قوتابخانانەی گوندەکان، کە پێشتر سێ رۆژ لە هەفتەیەکدا دەوامیان کردووە لەسەر یەک، بەهەمان شێواز بەردەوام دەبن.

لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا جەخت لە پێویستی پابەندبوونی هەموولایەک بە رێنماییە تەندروستییەکان کراوەتەوە، هاوکات دەسەڵاتی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان، جگە لە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان و تیمی تەندروستی، دراوە بە بەڕێوەبەرانی پەروەردەی قەزا و سەرپەرشتیاریی، کە پێویستە چاودێرییەکی وردی جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان بکەن.

ئاماژە بەوەشدراوە کە لە حاڵەتی تووشبوون و چارەسەرکردنی کۆرۆنا لە ناوەندەکانی خوێندن بە هەماهەنگی نێوان تەندروستی و پەروەردەی پارێزگاکان، بەسەرپەرشتی پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت.

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو کە، بەخێوکاری قوتابیان و خوێندکاران، ئەگەر ئارەزوویان بێت منداڵەکەیان لە ناوپۆل نەخوێنێت، دەتوانن لە هەفتەی یەکەمی دەستپێکردنەوەی خوێندن، فۆرمی بەڵێننامە پڕبکەنەوە، کە بە خوێندنی ئەلیکترۆنی و پاڵپشتی ماڵەوە بەردەوام دەبن، بەڵام تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ لە ناوپۆل جێبەجێ دەکرێن.

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، وێڕای سوپاسی بۆ هەموو بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و ئەو مامۆستایانەی کە رۆڵیان هەبووە لە خوێندنی ئەلیکترۆنی و دروستکردنی گرووپەکانی تێلیگرام و ڤایبەر و تۆڕەکانی دیکە، لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە وا پێویست دەکات بەردەوام بن لە کارەکانیان و لیژنەی خوێندنی ئەلیکترۆنی لە قوتابخانەکان بە کارایی بمێنێتەوە، لە رێگای ئەو شێوازی پەیوەندیکردنانەی، کە بەکارهێنراون. دەتوانرێت ئەو سێ رۆژەی قوتابی لە ناوپۆل نییە، ئەرکی ماڵەوەی زیاتر پێبدرێت و پەرە بە تواناکانی فێربوونی بدرێت، تەنیا لەو بابەتانە کە پێویستە تاقیکردنەوەیان لێبکرێت، لەگەڵ خشتەی بەشەوانەکان، کە لە گشتاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکانی وەزارەتدا هاتووە و پێشتر رایانگەیاندوە و بۆ دامەزراوەکانی وەزارەت ناردراون، لەم روانگەیەوە کاری لیژنەی خوێندنی ئەلیکترۆنی بەردەوام دەبێت.

جێی ئاماژەیە، بەهۆی رێککارەکانی خۆپارێزی و وەک هەنگاوێک بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان ١٠ی ئاداری رابردووەوە راگیرابوو.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın