تەندروستی

هەرێمی کوردستان.. "حکوومەت بوودجەیەکی کراوەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا تەرخانکردووە"

- وەزیری تەندروستی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر سامان بەرزنجی: "تەرخانکراوێکی تایبەتە و لە دەرەوەی بوودجەی خۆمانە، بەپێی دەرخستەکانی ئێمە دەبێت و وەزارەتی دارایی ئێمەی سەرپشککردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە".

Heman Hussein Yaseen  | 20.02.2020 - نوێکردنەوە : 22.02.2020
هەرێمی کوردستان.. "حکوومەت بوودجەیەکی کراوەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا تەرخانکردووە"

Arbil

هەولێر - AA

وەزیری تەندروستی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر سامان بەرزنجی رایگەیاند کە بڕە بوودجەکە بەپێی داواکاریی و دەرخستەکانی وەزارەتی تەندروستی دەبێت، ئاشکرایشی دەکات کە وەزارەتی دارایی، وەزارەتی تەندروستی سەرپشککردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە.

دکتۆر سامان بەرزنجی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوودجەیەکی فریاگوزاری تەرخانکردووە بۆ پێداویستییەکانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕی بوودجەکە بەپێی پێداویستی ئێمە دەبێت، تەرخانکراوێکی تایبەتە لە دەرەوەی بوودجەی خۆمانە، بەپێی دەرخستەکانی ئێمە دەبێت و وەزارەتی دارایی، ئێمەی سەرپشککردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە".

وەزیری تەندروستی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەشکردەوە کە لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان ئامێری پشکنین بۆ گەشتیاران دانراوە بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە و گوتی: "بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، ئامێری پشکنینمان لە فڕۆکەخانە و سنوورەکان داناوە، خۆشبەختانە تا ئێستاش هیچ نەخۆشێک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستاندا نییە".

وەزیری تەندروستی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر سامان بەرزنجی ئەوەیشی خستەڕوو کە تا ئێستا دەرمانی پێویست لە جیهاندا تایبەت بە چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام چارەسەری پاڵپشت هەیە و دڵنیایی ئەوەیشیدا کە ئامادەکارییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسە کردووە.

دکتۆر سامان بەرزنجی سەبارەت بە هاوردەکردنی کاڵای چینی و مەترسییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان گوتی: "بەپێی راپۆڕتە نێودەوڵەتییەکان، ئەو کاڵایانەی لە چینەوە دێن، جێگای مەترسی نین و ئێمەش بەوردی چاودێری پڕۆسەکە دەکەین و لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە پەیوەندیداین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın