عێراق, کۆڤید- ١٩

هه‌ولێر.. زیاتر له‌ ١٠ هه‌زار ئۆتۆمبێل و شوفێر سزادراوە

ھێمن قادر:''بەھۆی سەرپێچی شوفێرانەوە لە میانی راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆوە، کۆی گشتی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە دەستیان بەسەرداگیراوە یان مۆڵەتی لێخوڕینیان لێ ورگیراوە یان لە رێگای ناردنی کورتە نامەوە سزادراون لە سەرووی ١٠ ھەزار ئۆتۆمبێل و شوفێر سزادراون''

Heman Hussein Yaseen  | 03.04.2020 - نوێکردنەوە : 06.04.2020
هه‌ولێر.. زیاتر له‌ ١٠ هه‌زار ئۆتۆمبێل و شوفێر سزادراوە

Arbil

هه‌ولێر - AA

بەمەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک رێکاری گرتەبەر و رۆژی ١٣ی ئادار، وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لە بەیاننامەکەیدا، چەند بڕیارێکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند و بەپێی بڕیارەکە قەدەغەی ھاتوچۆ لەناو شارەکانی ھەولێر و سلێمانی راگەیاند و دواترش بڕیارەکە شاری دھۆکیشی گرتەوە و لە ئێستادا تا رۆژی ١٠ی نیسان قەدەغەی ھاتوچۆ بەردەوامە.

بەھۆی راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ لەناو شارەکانی ھەرێمی کوردستان و پابەندنەبوون بە رێنماییەکانی حکوومەت، زیاتر لە ١٠ ھەزار ئۆتۆمبێل و مۆڵەتی شوفێری و ساڵیانە لە سنووری پارێزگای ھەولێر دەستی بەسەرداگیراوە.

جێگری پارێزگاری ھەولێر و گوتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر، ھێمن قادر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''بەھۆی سەرپێچی شوفێرانەوە لە میانی راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆوە، کۆی گشتی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە دەستیان بەسەرداگیراوە یان مۆڵەتی لێخوڕینیان لێورگیراوە یان لە رێگای ناردنی کورتە نامەوە سزادراون لە سەرووی ١٠ ھەزار ئۆتۆمبێل و شوفێر سزادراون''.

لەبارەی جۆری سزاکەشیان، جێگری پارێزگاری ھەولێر ھێمن قادر گوتی:''سزاکان بەشێکیان بە ١٠٠ ھەزار بۆ جاری یەکەم و ٣٠٠ ھەزار دینار بۆ جاری دووەم سزا دەدرێت و بەشێکیشیان لە رێگای ناردنی کورتە نامەوە سزاکەیان بۆ نووسراوە''.

ھێمن قادر جەختی لەوەشکردەوەکە ھێزە ئەمنییەکان لە رێگای بڵندگۆوە خەڵک ھۆشیار دەکەنەوە کە لەماڵەکانییان بمێننەوە و مانەوەشیان دەبێتە ھۆی کۆنتڕۆڵکردن و رێگاگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

رۆژی ٢٦ی شوبات، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەک رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی داخست و رۆژی یەکی ئاداریش، یەکەمین حاڵەتی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە شاری سلێمانی تۆمارکرا کە چوار کەس بوون و دوای ئەوەش رێکارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و رۆژی ١٣ی ئادار، وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لە بەیاننامەکەیدا، چەند بڕیارێکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند و بەپێی بڕیارەکە لە کاتژمێر ١٢ـی شەو، بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر، قەدەغەی ھاتوچۆی ناوشاری لە ھەولێر و سلێمانیی راگەیاند، رۆژی ١٥ی ئادار، جارێکی دیکە وەزارەتی ناوخۆ قەدەغەی ھاتوچۆی بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێری دیکە درێژکردەوە.

لە رۆژی ٢٢ی مانگ، وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بۆ جاری سێیەم قەدەغەی ھاتوچۆی تا یەکی نیسان درێژکردەوە و رۆژی دواتر بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ رێبەر ئەحمەد، سەرجەم ھێزە ئەمنییەکان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و جگە لە قەدەغەی ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل، ئەوا قەدەغەی ھاتوچۆی پیادەش راگەیاندرا.

سێشەممەی رابردوو، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، قەدەغەی ھاتوچۆی تا رۆژی ١٠ی نیسان درێژکردەوە و ھاوکات بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆی گشتی تووشبووان لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٢٠٤ کەس و لەو ژمارەیش، ١٠٨ حاڵەت لە سلێمانی، ٦٨ حاڵەت لە ھەولێر، ١٢ حاڵەت لە دھۆک و ١٦ حاڵەتیش لە ھەڵەبجە تۆمارکراون، ھەروەھا لە کۆی ئەو ژمارەیەش ٥١ حاڵەت لە سلێمانی و، ١١ حاڵەتیش لە ھەولێر چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانییان و دوو حاڵەتی گیانلەدەستدانیش ھەیە.




بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın