هه‌ولێر.. باغی شار بووه‌ته په‌ناگه‌یه‌ك بۆ بێنه‌وایان
شه‌وانه ژماره‌یه‌ك هاووڵاتیی بێنه‌وا له بەردەم دوكانه‌كانی باغی شار له هه‌ولێر جێگای خه‌وتن راده‌خه‌ن و له‌م شوێنه ده‌خه‌ون، هه‌ر یه‌ك له‌م هاووڵاتییانه كێشه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه و زۆرینه‌شیان بێ ماڵ و حاڵن و ژن و منداڵیان نییه.
Arbil
هەولێر - AA
شه‌وانه ژماره‌یه‌ك هاووڵاتیی بێنه‌وا له بەردەم دوكانه‌كانی باغی شار له هه‌ولێر جێگای خه‌وتن راده‌خه‌ن و له‌م شوێنه ده‌خه‌ون، هه‌ر یه‌ك له‌م هاووڵاتییانه كێشه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه و زۆرینه‌شیان بێ ماڵ و حاڵن و ژن و منداڵیان نیه.
له دوای كاتژمێر ١٢ی شه‌وه‌وه، هه‌ریه‌ك له‌و بێنه‌وایانه، بۆخۆیان و پێخه‌فی خه‌وتنیان، روو ده‌كه‌نه ژێر دوكانه‌كانی باغی شار و، سه‌ره‌تا بۆ كه‌متر هه‌ست به سه‌رماكردن، كارتۆنێك راده‌خه‌ن و دواتر پێخه‌فی خه‌وتنیان راده‌خه‌ن و تا به‌یانی له بەردەم ئه‌م دوكانانه‌دا ده‌خه‌ون، به‌یانییانیش له چایخانه‌یه‌كی نزیك شوێنه‌كه، بێ به‌رامبه‌ر نانی به‌یانی ده‌خۆن و، بۆ نیوه‌ڕۆش ده‌چنه مزگه‌وتی شێخی چۆلی بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ، كه له سه‌رده‌می شێخی چۆلییه‌وه نیوه‌ڕۆیان خواردن بۆ خه‌ڵكی هه‌ژار و کەمدەرامەت له‌م مزگه‌وته دورست ده‌كرێت.
یه‌كێك له‌و بێنه‌وایانه، عه‌بدولناسڕ مه‌حموود ته‌مه‌ن ٤٦ ساڵ و خه‌ڵكی شاری دهۆكه، ئەو سەر و ریشێکی ماش و برنجی و رووخسارێکی ماندووی هەیە، به‌هۆی كێشه‌ی میراته‌وه له‌گه‌ڵ براكه‌ی، ماڵی به‌جێهێشتووه و ماوه‌ی ساڵێكه له بەردەم دوكانه‌كانی باغی شار ده‌خه‌وێت و له ئێستاشدا جۆره نه‌خۆشییه‌ك له قاچه‌كانی ده‌رچووه و مەترسی تەشەنەکردنی نەخۆشییەکە دەکرێت.
ئەو قەترەیەکی چاو و مەرهەمێک بۆ برینەکانی قاچی، لە ژێر کارتۆنەکە داناوە و وەک خۆی دەڵێت کە پێش ئەوەی سەرگەردان بێت، پیاوێکی بەهێز بووە و ئێستا توانای رۆیشتن و کارکردنی نەماوە و برینەکانی قاچی، تووشی دڵەڕاوکێ و مەترسی کردووە.
عه‌بدولناسڕ مه‌حموود بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوه‌ی ساڵێكه به‌هۆی كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له‌گه‌ڵ برایه‌كم، له‌سه‌ر بابه‌تی میرات، ماڵ و منداڵم له شاری دهۆك به‌جێهێشتووه و له ژێر ئه‌و دوكانانه‌ی باغی شار له هه‌ولێر ده‌خه‌وم".
عه‌بدولناسڕ مه‌حموود گوتیشی: "برایه‌كه‌م رێگا نادات بچمه‌وه ماڵه‌وه، چوار منداڵم هه‌یه، كچێكم شووی كردووه و ئه‌وانی دیكه بچووكن، من ناتوانم بجووڵێم، نه‌خۆشی له قاچه‌كانم هه‌یه و باری ته‌ندروستیم خراپه، ته‌نیا رۆژانی هه‌ینی كار ده‌كه‌م، بۆ كه‌سێك ئاو و پیپسی بۆ ده‌فرۆشم و بڕی ١٥ هه‌زار دینارم پێ ده‌دات".
له‌باره‌ی سكاڵاکردن لە دۆسیەکەی، عه‌بدولناسڕ مه‌حموود گوتی: "هه‌ڵه‌ی خۆم بوو سه‌ره‌تا نه‌چوومه له دادگا سكاڵا بكه‌م و دهۆكم به‌جێهێشت، بۆیه‌ش وازم له مافه‌كه‌ی خۆم هێناوه، ئه‌گه‌رنا له میراته‌كه نزیكه‌ی ٦٠ ملیۆن دینارم به‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام یه‌كێك له برایه‌كانم رازی نییه كه میراته‌كان دابه‌ش بكه‌ین، چونكه ئێمه ٧ براین و ته‌نیا من سه‌رگه‌ردان بووم، ئه‌وانی دیكه هه‌موو كاری خۆیان هه‌یە".
هه‌ر له‌م شوێنه كه‌سێكی دیكه‌ی به ره‌گه‌ز عه‌ره‌ب و خه‌ڵكی شاری به‌غدایە، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت ماوه‌ی ١٢ ساڵ له ئه‌مریكا ژیاوه و دواتر نێردراوه‌ته بۆ عێراق و ماوه‌ی حه‌وت مانگیش ده‌بێت له‌و شوێنە ده‌خه‌وێت.
سه‌ڵاح مه‌حموود ته‌مه‌ن ٥٢ ساڵ و خه‌ڵكی به‌غدا، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوه‌ی ٧ ساڵه لێره‌م، ژن و منداڵم نیه، له ساڵی ١٩٨٩ چوومه ئه‌مریكا و ماوەی ١٢ ساڵ لەوێ نیشتەجێ بووم و دواتر منیان نارده‌وه بۆ عێراق، ماوه‌ی ٧ ساڵیش ده‌بێت لێره‌م، پێشتر كارم ده‌كرد و ئێستاش كار نه‌ماوه، رۆژانه به‌یانییان له چایخانه نانی به‌یانی و له مزگه‌وتی شێخی چۆلیش نانی نیوه‌ڕۆ ده‌خۆم، خه‌ڵك یارمه‌تیمان ده‌دات".
سه‌ڵاح مه‌حموود گوتیشی: "پێویسته حكوومه‌ت هاوكاریمان بكات، له ئه‌مریكا بووم له‌وێ شوێنی تایبه‌تی داڵده‌دان هه‌بوو بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌كه‌ون. پێویسته ئێمه‌ش هاوشێوه‌ی په‌نابه‌ره سوورییه‌كان شوێن و خواردنمان بۆ دابین بكه‌ن، لێره سه‌رما و گه‌رما تینمان بۆ دێنێت و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌ندروستیمان هه‌یه".
هاووڵاتییه‌كی دیكه‌ی خه‌ڵكی كه‌ركووك كه وه‌ك خۆی ده‌ڵێت سی ساڵ پێش ئێستا، رژێمی به‌عس ژن و منداڵه‌كانی له‌ناوبردوون و بۆخۆیشی له زیندان ئازاد بووه و هیچ كه‌سێكی نه‌ماوه، ماوه‌ی دوو ساڵیشه له هه‌ولێر ده‌ژیت و شه‌وانه له‌بەردەم دوكانه‌كانی باغی شار ده‌خه‌وێت.
دەروێش خەلیفەی تەمەن ٦٠ ساڵ، سەر و ریشێکی سپی هەیە و بەهۆی شکانی قاچی راستییەوە، ناچارە بە دارشەق رێ بکات و، کەسێکیش پێخەفی خەوتنی بۆ هەڵبگرێت تا دەگاتە ناو چایخانەکەی باغی شار و لەوێ رۆژ بکاتەوە.
ده‌روێش خه‌لیفه ته‌مه‌ن ٦٠ ساڵ و خه‌ڵكی كه‌ركووك، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "له ساڵی ٢٠١٧ دوای په‌لاماره‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی بۆ كه‌ركووك، من شاره‌كه‌م به‌جێهێشت، رۆژانه له ده‌وروبه‌ری قه‌ڵای هه‌ولێر ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌م، شه‌وانه‌ش له تەنیشت دوكانه‌كانی باغی شار ده‌خه‌وم".
ده‌روێش خه‌لیفه گوتیشی: "له ساڵی ١٩٩٠ رژێمی عێراق ئێمه‌ی گرت و دواتر من ئازاد بووم و ژن و منداڵه‌كانیشی كوشتم، بۆیه من به ته‌نیا ماومه‌ته‌وه، مووچه‌یه‌كی شه‌هیدانه‌ی براكه‌م هه‌بوو كه مانگانه بڕی ٧٥٠ هه‌زار دینار بوو، به‌ڵام مووچه‌كه دابه‌زی و ئێستا دوو مانگ جارێك بڕی ١٥٠ هه‌زار دینار وه‌رده‌گرم، به‌هۆی شكانی قاچه‌كانیشم ناتوانم كار بكه‌ن".
دوو هاووڵاتی دیکە کە خەڵکی شاری هەولێر بوون، ئامادە نەبوون لەبەردەم زوومی کامێرا قسە بکەن، ئەوانیش بە رۆژ خەریکی کرێکارین و بەشەویش لە تەنیشت دوکانەکانی باغی شار دەخەون. هەردووکیان رەتیانکردنەوە کە هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتییان هەبێت، تەنیا ئاماژەیان بەوەکرد کە ژن و منداڵیان نیە و بەرۆژ خەریکی کرێکارین و بەشەویش لەم شوێنە دەخەون.
چاودێرێکی شارەوانی و گەشتوگوزار، کە ماوەیەکی زۆرە لەم شوێنە چاودێری شوێنە گەشتیارییەکان دەکات و، له نزیكه‌وه ئاگاداری ره‌وشی ئه‌و كه‌سانه بووە كه له‌م شوێنه ده‌خه‌ون، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له وه‌رزی هاویندا ژماره‌ی ئه‌و کەسانە زیاد ده‌كات كه له بەردەم دوكانه‌كانی باغی شاردا ده‌خه‌ون.
له‌مباره‌یه‌وه چاودێری شارەوانی و گەشتوگوزار، محه‌مه‌د لوقمان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئه‌وانه ماوه‌یه‌كی زۆره لێره‌ن، هه‌فته‌ی رابردوو نافووره‌كه‌ی باغی شار به‌هۆی سه‌رماوه به‌ستبووی، ئه‌وانه له ژێر نافووركه خه‌وتبوون، جۆره‌ها خه‌ڵك و ته‌مه‌نی تێدایه، نیوه‌ڕۆیان ده‌چنه مزگەوتی شێخی چۆلی بۆ نانخواردن، به‌ڵام خراپه‌ی كه‌سیان نیه و هه‌ر یه‌ك به‌هۆی كێشه‌یه‌كی تایبه‌تییه‌وه ماڵه‌وه‌ی به‌جێهێشتووه و سه‌رگه‌ردان بووه".
محەمەد لوقمان گوتیشی: "لە وەرزی هاوین ژمارەی ئەو کەسانەی لە چوار دەوری ناوفوورەکەی باغی شاردا دەخەون زۆرە و هەندێک جار گەشتیاریش لەم شوێنە دەخەوێت، بەڵام لە وەرزی سەرمادا، ژمارەیان کەمترە".
باغی شار تایبەتکراوە بەخانەنشینان، لە ساڵی ١٩٣٧ بە بڕیاری ئەنجوومەنی شارەوانی هەولێر دروستکراوە، لەساڵی ٢٠٠٨ بە بڕیاری پارێزگاری ھەولێر نۆژەنکرایەوە و لە ئێستاشدا بە رۆژ خانەنشینان کاتەکانییان لێ بەسەر دەبەن و بە شەویش بێنەوایان لێی دەخەون.