سياسەت, جيهان

نوێنەری تایبەتی پوتین بۆ پرسی سووریا: "کوردانی سووریا بوونەتە بارمتەی ئەمریکا"

Dmitri Chirciu  | 24.11.2022 - نوێکردنەوە : 25.11.2022
نوێنەری تایبەتی پوتین بۆ پرسی سووریا: "کوردانی سووریا بوونەتە بارمتەی ئەمریکا"

Astana

ئاستانا - AA

نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ پرسی سووریا، ئالێکساندەر لاڤرێنتیەڤ رایگەیاند: "کوردانی سووریا، بوونەتە بارمتەی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا فشارێکی جیددییان لەسەر کوردانی سووریا دروست کردووە".

لاڤرێنتیەڤ دوابەدوای کۆبوونەوەی وڵاتانی دڵنیاکەر لە پرسی سووریا کە لە هەریەکە لە تورکیا، رووسیا و ئێران پێکدێن لە ئاستانای پایتەختی کازاخستان، لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا.

نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ پرسی سووریا، ئالێکساندەر لاڤرێنتیەڤ باسی لە سیاسەتی ئەمریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کرد و بە سیاسەتێکی "وێرانکەر" ناوی برد.

ئالێکساندەر لاڤرێنتیەڤ ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە مانگی رابردوو، شاندی ئەمریکا لەگەڵ نوێنەری کوردانی سووریا کۆبوونەوەتەوە و گوتیشی: "ئەوان، هۆشدارییان دایە کوردەکان لە بەرامبەر هەنگاو گرتنەبەر بەرامبەر حکوومەتی دیمەشق، هەڕەشەی راگرتنی هاوکارییەکانیان لە کوردەکان کرد. کوردانی سووریا، بارمتەی ئەمریکان. وڵاتانی رۆژئاوا فشاری جیددییان لەسەر کوردانی سووریا دروست کردووە".

نوێنەرەکەی پوتین، باسیشی لە پەلامارە تیرۆریستییەکەی شاری ئیستانبوڵ کرد و گوتی: "وەک هاوپەیمانە تورکەکانمان پێیان راگەیاندین ئەم پەلامارە تیرۆریستییە لەلایەن پەکەکەوە ئەنجام دراوە. پێمانوانییە پەکەکە خۆبەخۆ ئەم پەلامارەی ئەنجامدابێت، بەڵکو لە شوێنێکەوە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکراوە".

نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ پرسی سووریا، ئاماژەی بەوەش دا کە چارەسەرکردنی پرسی کورد، یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیریی ناوچەکە.

- "تورکیا و رووسیا، دەربارەی سووریا لە پەیوەندی نزیکدان"

نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ پرسی سووریا، ئالێکساندەر لاڤرێنتیەڤ لە درێژەی گوتەکانیدا، ئەوەی خستەڕوو کە تورکیا و رووسیا، دەربارەی پرسی سووریا لەسەر ئاستی وەزیرانی بەرگری لە پەیوەندی نزیکدان.

گوتیشی: "ئەمە وا دەکات بتواندرێت رێگری لە زیادبوونی گرژییەکانی سووریا بکرێت، هەروەها پەیوەندی چڕیش لەسەر ئاستی دەزگا هەواڵگرییەکان بەردەوامن، ئەمانەش یارمەتیدەر دەبن بۆ چارەسەرکردنی هەندێک پرسی ناوچەکە".

نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ پرسی سووریا، ئالێکساندەر لاڤرێنتیەڤ ئاماژەی بەوەش دا کە لە میانی کۆبوونەوەکانی ئاستانادا لەگەڵ شاندی تورکیا کۆبوونەتەوە و گوتی: "بێگومان کۆبوونەوەکانی ئاستانامان وەک هەلێک بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ورد لەگەڵ هاوتا تورکەکانمان و رازیکردنیان بە وازهێنان لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی فراوان، بەکارهێنا، چونکە ئەگەر ئەم ئۆپەراسیۆنە دەست پێ بکات، نەک بەتەنها لە سووریا بەڵکو لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توندوتیژی زیاد دەکات، بێگومان پێویستە رێگە بەمە نەدرێت و هیوادارین تێبینییەکانمان لەلایەن ئەنقەرەوە بەهەند وەربگیردرێن و ئەم دۆخەی ئێستا بە رێگای دیکە چارەسەر بکرێت".

نوێنەرەکەی پوتین بۆ پرسی سووریا، جەختی لەوەش کردەووە کە پێویستە هەموو لایەنەکان دوور بکەونەوە لە بەکارهێنانی هێزی لە راددەبەدەر.

- پەیوەندییەکانی سووریا و تورکیا

نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ پرسی سووریا، ئالێکساندەر لاڤرێنتیەڤ باسیشی لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا کرد و هیوای خواست بەشێوەی هەنگاو بە هەنگاو هەردوو وڵات لەیەک نزیک ببنەوە، گوتیشی: "پێموایە ئەو ئاماژانەی تورکیا و سووریا بۆ نزیکبوونەوە لەیەک نیشانی دەدەن، راست و لەجێی خۆیاندان. ئەم کارە رێگری دەکات لە مەرگەساتی گیان لەدەستدانی هاووڵاتییانی مەدەنی".

لاڤرێنتیەڤ دەربارەی ئەگەری کۆبوونەوەی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی رژێمی سووریا، بەشار ئەسەد ئەوەی خستەڕوو کە ئامادەن کۆبوونەوەکە رێکبخەن و بەردەوامیش دەبن لە هەوڵەکانیان بەم ئاڕاستەیەدا.

- "دەمانەوێت بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر خاکی سووریا بوەستن"

نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ پرسی سووریا، ئالێکساندەر لاڤرێنتیەڤ ئاماژەشی بە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆسەر خاکی سووریا کرد و رایگەیاند: "دەمانەوێت ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆسەر سووریا بوەستن. پێویستە حکوومەتی ئیسرائیل هەڵوێستی خۆی لەم بارەیەوە چاک بکات".

ئالێکساندەر لاڤرێنتیەڤ باسیشی لە ئەگەری بەشداریکردنی چین لە دانوستانەکانی ئاستانادا کرد و ئەم هەنگاوەی بە سوودبەخش بۆ پرسی سووریا وەسف کرد.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın