عێراق

مەسرور بارزانی قۆناغی دووەم و سێیەمی شەقامی ١٥٠ مەتری لە ھەولێر کردەوە

مەسرور بارزانی: "ھیوادارم ھاووڵاتییان رەچاوی ئەوە بکەن کە ئەم شەقامانە بۆ خزمەتی ئەوانە و دەبێت ئەوانیش خۆیان لە تیژڕەوی بپارێزن و رێنماییەکانی هاتوچۆ و وەزارەتی ناوخۆ لەبەرچاو بگرن بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان و کەسوکاریان".

Heman Hussein Yaseen  | 23.11.2022 - نوێکردنەوە : 24.11.2022
مەسرور بارزانی قۆناغی دووەم و سێیەمی شەقامی ١٥٠ مەتری لە ھەولێر کردەوە

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی قۆناغی دووەم و سێیەمی شەقامی ١٥٠ مەتری لە ھەولێر کردەوە.

قۆناغی دووەم و سێیەم بریتییە لە بەحرکە-رێگای دھۆک و رێگای شەقڵاوە-کۆیە.

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە میانی رێوڕەسمی کردنەوەی قۆناغی دووەم و سێیەمی شەقامی ١٥٠ مەتری لە ھەولێر، گوتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر ئەنجامدانی خزمەتگوزارییەکان لەلایەک و لەلایەکی دیکەش ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد، هاوکات دڵنیاییشی دایە وڵاتانی دراوسێ کە هەرێمی کوردستان نابێتە مەترسی بۆسەر هیچ لایەک و گوتی:

"جێی شانازی و دەستخۆشییە کە دەبینین پرۆژەیەکی وا بە ستانداردێکی نێودەوڵەتی و بەتوانای ئەندازیارانی ناوخۆ و کۆمپانیایەکی خۆماڵی جێبەجێ دەکرێت. پیرۆزە لە ھەموو خەڵکی کوردستان بە تایبەتی خەڵکی ھەولێر. ھیوادارم بتوانین لە داھاتوودا بەشەکانی دیکەی ئەم شەقامە تەواو بکەین کە ھەموو بازنەکە بە یەکەوە ببەسترێتەوە. بێگومان دروستکردنی ئەم پڕۆژەیە ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ ھاووڵاتییان بەتایبەت ئەوانەی کە لە پارێزگاکانی دیکەی وەک دھۆک و سلێمانی دێن بۆ ھەولێر، بەبێ ئەوەی بڕۆن بۆ ناو شار، دەتوانن ھەر بەم شەقامە سەفەر بکەن و رێگەیان ئاسانتر و خێراتر بێت. ئاسانکارییەکی زۆر بۆ کار و جووڵەی بازرگانی دەکات، ھەروەھا جەنجاڵی و قەرەباڵغی بۆ ھاووڵاتییان کەم دەکاتەوە".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیوایشی خواست کە هاووڵاتییان و شوفێران بەتایبەتی رەچاوی رێنماییەکانی هاتوچۆ بکەن و گوتیشی: "ھیوادارم کە ھاووڵاتییان رەچاوی ئەوە بکەن کە ئەم شەقامانە بۆ خزمەتی ئەوانە و دەبێت ئەوانیش خۆیان لە تیژڕەوی بپارێزن و رێنماییەکانی هاتوچۆ و وەزارەتی ناوخۆ لەبەرچاو بگرن بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان و کەسوکاریان. بەرنامەی کردنەوەی ئەم پڕۆژەیە ماوەیەکە دانراوە، ھەرچەندە لە ماوەی رابردوو بەداخەوە تووشی ھەندێک رووداوی نەخوازراو بووین، بەڵام پێمان باش بوو ئەم بەرنامەیە دوانەکەوێت لەبەر ئەوەی پێشانی ھەموو لایەک بدەین کە ئیرادەی بەھێزی حکوومەتەکەتان بەردەوام دەبێت کە ئێمە ئەو کارە خزمەتگوزارییانە ئەنجام بدەین لە کاتی خۆی و ھیچ شتێک نەتوانێت بمانوەستێنێت. راستە لە زۆر رووەوە ھەوڵی ئەوە دراوە کە رێگریمان لێ بکرێت لەوەی کە بەرنامەی حکوومەت جێبەجێ بکرێت و کارە خزمەتگوزارییەکان وەکو خۆیان جێبەجێ بکەین، ھەندێکی بە ئەنقەست بووە، ھەندێکی رووداوی نەخوازراو بووە، بەڵام سەرەڕای ئەمانە، ئێمە بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی بەرنامەی خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتییان و رووبەڕووی ھەموو قەیرانەکانیش دەبینەوە و پشتمان بەخوای گەورە قایمە".

مەسرور بارزانی هەروەها ئاماژەی بە مووشەکبارانەکەی ئەم دواییەی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "بەداخەوە بینیمان لەماوەی رابردوودا، دیسان کوردستان مووشەکباران کرا و رووبەڕووی ھەندێک ھێرشی ناڕەوا بووینەتەوە. بیانووی جیاجیا دۆزراوەتەوە بۆ ئەوەی پێشێلی سەرەوەی خاک و نیشتمانمان بکرێت کە بێگومان ئەمە چارەسەری کێشەکان ناکات و ھیوادارین ئەم جۆرە پێشلکارییانە بوەستێت و جارێکی دیکە داوا لە حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دەکەین کە سنوورێک بۆ ھێرشەکان دابنرێت بۆ ئەم دەستدرێژییانەی دەخڕیتە سەر وڵاتەکەمان، ئێمە ئەجێندای حکوومەت جێبەجێ دەکەین، جارێکی دیکە ھەموو وڵاتانی دراوسێ دڵنیا دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان شوێنی سەقامگیرییە و نامانەوێت سەقامگیری ھیچ وڵاتێک تێکبچێت، هیوادارین ئەوانیش بە هەمان چاو سەیری ئێمە بکەن، بۆیە ئێمە دەستی دۆستایەتی درێژ دەکەین و ھیوادارین لایەنەکانی دیکەش وەک دۆستێک مامەڵە بکەن".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ئاماژەی بە رووداوەکانی ئەم دواییەی سلێمانی و دهۆک کرد و گوتی: "بەداخەوە دوو رووداوی دڵتەزێن لە سلێمانی و دهۆک روویاندا بەھۆکاری تەقینەوەی گاز و ئەمەش وای کرد چەندین کۆبوونەوە بکەین و بڕیاری پێویست بگرینە بەر، ئەوەی لەسەر حکوومەت بووە بۆ یارمەتیدان کردوویەتی و ھەرچی پێویست بێت ئێمە وەکو حکوومەت دەیکەین، بەڵام بەداخەوە بیستوومە هەندێک لەو رێکارانەی کە خەڵک گرتوویەتییە بەر بەبێ ئەوەی رووخسەت و دەرفەتی کار لە حکوومەت وەربگرێت و لە خۆیانەوە هەندێک کاریان کردووە کە لە ئەنجامدا ژیانی خۆیان و خەڵکیان خستووەتە مەترسییەوە، ئێمە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان قسەمان کردووە و بۆ ئەوە لێکۆڵینەوە لەم بابەتە بکرێت".

مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دووپاتی کردەوە کە شاندێک سەردانی بەغدا دەکات و ئامادەیی خۆیشی دەربڕی بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بکات و گوتی: "دوای پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق هەموو هەوڵێکمانداوە کە پەیوەندییەکی بەهێز دروست بکەین، لەئێستادا لە قۆناغێکداین بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی کە لەنێوانماندا هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دوێنێ جەنابی سەرۆکی هەرێم سەردانی بەغدای کرد بۆ هەمان مەبەست، ئێمەش شاندی وەزارەتی پەیوەندیدار و شاندی تەنکیکی ئامادەن، هەر کاتێک پێویست بێت خۆشم ئامادەم سەردانی بەغدا بکەم".

شەقامی ١٥٠ مەتری دەبێتە شەشەمین شەقامی بازنەیی ھەولێر کە شەقامێکی خێرایە و ھەریەک لە ناحیەکانی بنەسڵاوە، کەسنەزان، دارەتوو، بەحرکە و رێگای گوێر و قۆریتان و سەرکارێز بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

پڕۆژەکە بە پێنج قۆناغ جێبەجێ دەکرێت کە لە قۆناغی یەکەمیدا، رێگای بەحرکەی بە شەقامی شەقڵاوە بەستەوە، لەئێستاشدا هەردوو قۆناغی دووەم و سێیەم کە بریتییە لە بەحرکە-رێگای دھۆک و رێگای شەقڵاوە-کۆیە کرایەوە.

شەقامی ١٥٠ مەتریی بازنەیی خێرا لە ھەولێر یەکێکە لە پڕۆژە گەورەکان و لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە جێبەجێ دەکرێت و درێژییەکەی ٧٠ کیلۆمەترە و هەر ئاراستەیەکی ٢٠ مەتر پانییەکەیەتی.

تەواوی پڕۆژەکە بە گوژمەی ٧٠٠ ملیۆن دۆلار تەواو دەبێت، شەقامەکە بەشێوەیەکی بازنەیی خێرا کە ھیچ وەستانێکی تیادا نییە بە دەوری ھەولێردا دەسوڕێتەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن