عێراق

مەسرور بارزانی: "بە ئیرادەیەکی بەھێزەوە قەیرانەکانمان تێپەڕاند"

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی: "داوا لە وەبەرھێنەران دەکەم وەبەرھێنانی زیاتر لە کەرتی کشتوکاڵ بکەن".

Heman Hussein Yaseen  | 27.09.2021 - نوێکردنەوە : 28.09.2021
مەسرور بارزانی: "بە ئیرادەیەکی بەھێزەوە قەیرانەکانمان تێپەڕاند"

Arbil
هەولێر - AA

​​​​​​​
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ژمارەیەک سایلۆ و کارگەی تایبەت بە پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگای ھەولێر دەکاتەوە.

لەمیانی کردنەوەی پڕۆژەی سایلۆ و کارگەی تایبەت بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی گوتارێکی پێشکەشکرد و تیاییدا رایگەیاند کە بە ئیرادەیەکی بەھێزەوە قەیرانەکانمان تێپەڕاند و، ئەوەیشی خستەڕوو کە کەمتر لە ساڵێک پێش ئێستا بەردی بناغەی پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیارانمانیان کردەوە کە ژماریەک سایلۆ لەخۆدەگرێت و ئێستایش ئەنجامەکەی دەبینن.

لە رێورەسمەکەدا، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی گوتی: "کەمتر لە ساڵێک بەردی بناغەی پڕۆژەی بەبازاڕکردنی جووتیارانمان لێرە دانا، بە سوپاسەوە کۆمپانیای خۆشناو دەستیکرد بەو پڕۆژە گەورە ستراتیجییە، لە خوا بەزیادبێت کەمتر لە ساڵێک ئێستا لێرەین بۆ کردنەوەی ئەو پڕۆژەیە، دەستخۆشیان لێدەکەین، لەکاتێکی زۆر کەم و خێرادا، بەتایبەتی لەو بارودۆخە ناھەموارەی کە رووبەڕووی چەندین قەیرانی ئابووری و تەندروستی بووینەوە، توانیان ئەم پڕۆژەیە جێبەجێبکەن، جێی دەستخۆشییە و مرۆڤ دڵخۆش دەبێت کە دەبینین بەڵێنەکان جێبەجێ دەکرێن و ئەنجامی پڕۆژەکان دەردەکەون و ھەموویان لە خزمەتی خەڵکی کوردستان دەکەونەکار".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە، نابێت ئیتر جووتیاران خەمی ساغکردنەوەی بەرووبوومەکانییان ھەبێت و، لەمبارەیەوە گوتی: "ئەم پڕۆژە ستراتیجییە یارمەتیدەرێکی یەکجار گەورەیە بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک لە ھەرێمی کوردستاندا، توانای وەرگرتنی بەرھەمی جووتیارانیان ھەیە، پێشتریش باسمان کردووە، جووتیاران چیتر نابێت خەمی ساغکردنەوەی بەروبوومەکانیان ھەبێت، ئەمە یەکێکە لەو پڕۆژانە و لە پارێزگاکانی دیکەش پڕۆژەی ھاوشێوە لە بواری جێبەجێکردن دان و دەستیان پێکردووە، ھیوادارین ئەوانیش زوو تەواو ببن و بکەونە خزمەتی جووتیارەکانمان، لە خوای گەورەش دەپاڕێینەوە، بۆ ئەوەی بەرھەمی جووتیارەکانمان زیاد بکات و خێر و بەرەکەتیان پێ ببەخشێت".

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی داوایشی لە وەبەرھێنەران کرد کە وەبەرھێنان لە کەرتی کشتوکاڵ دا بکەن و گوتیشی: "داوا لە وەبەرھێنەرە خۆشەویستەکانی کوردستان دەکەم، بیر لەوە بکەنەوە وەبەر‌ھێنانەکانیان لە کوردستان فراوانتر بکەن، بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵیدا کە کەرتێکی زۆر گرنگ و سەرەکییە بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لەسەر پێی خۆمان بوەستین، وەک بەڵێنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە، کە تەنیا پشت بە سەرچاویەکی داھات نەبەستین، ئێمە خاکێکی بە پیتمان ھەیە، دەتوانین زۆرترین سوود لەو خاکە وەربگرین، ئەگەر بەرنامەی بەجێ و دروستمان ھەبێت".


لە گوتارەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی جەختی لەوەکردەوە کە کردنەوەی ئەم سایلۆیانە دەستپێکی بووژانەوەی ئابووری کوردستانە و راشیگەیاند کە بە ئیرادەیەکی بەھێزەوە قەیرانەکانمان تێپەڕاند و گوتیشی: "ھەروەک باسم کرد، کاتێکی ناخۆش و دۆخێکی ناھەموارمان بەڕێکرد، بەڵام ئەگەر مرۆڤ توانای بیرکردنەوەی دروست و ئیرادەیەکی بەھێزی ھەبێت، دەتوانێت لەم قۆناغانەشدا بەرھەمی ھەبێت، من جارێکی دیکە سوپاسی بەرپرسانی حکوومەت و کەرتی تایبەتیش دەکەم، کە گرنگییەکی زۆریان بە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ داوە، ئەمەش یەکێکە لە نموونانەی کە ئێستا بەرھەمەکەی دەبینین، جگە لەوەی ئەم جۆرە پڕۆژانە دەتوانن پێداویستییەکانی کوردستان دابین دەکەن، ئێمە ئاواتەخوازین بەرووبووم و بەرھەمەکانی ناوخۆی کوردستان ھەناردەی دەرەوە بکەین، بۆ ئەوەش لەگەڵ چەندین وڵات لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی بازاڕی دەرەوە بەڕووی بەروبووم و بەرھەمە ناوخۆییەکانی کوردستان بکرێنەوە، ئەمە جێگەی دڵخۆشییە کە دەبینین حکوومەتی ھەرێم لە سەرەتاوە بەڵێنی خزمەتگوزاری بە خەڵک داوە و ئیستا ئەو بەڵێنانە دێنەدی و بەرھەمەکانی دەبینین، خۆشە مرۆڤ بەڵێنێک بدات و جێبەجێی بکات".
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، ژمارەیەک سایلۆ و کارگەی تایبەت بە پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگای ھەولێر دەکاتەوە.

پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران، لە دروستکردنی ٤٠ سایلۆ و ١١ کارگەی بەرھەمە خۆراکییەکان پێکدێت. لە قۆناغی یەکەمدا ٢٠ سایلۆ و پێنج کارگە تەواو دەکرێن، لە قۆناغی دووەمیشدا بیست سایلۆ و شەش کارگەی دیکە تەواو دەکرێن، ماوەی دوو ساڵیش دیاریکراوە بۆ تەواوبوونی پڕۆژەکە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın