سياسەت, عێراق

"مەترسییەکی گەورە هەیە لەسەر داهاتووی پێکەوەژیان لە شنگال"

Heman Hussein Yaseen  | 06.03.2024 - نوێکردنەوە : 07.03.2024
"مەترسییەکی گەورە هەیە لەسەر داهاتووی پێکەوەژیان لە شنگال"

Arbil

هەولێر - AA

لە چوارچێوەی پڕۆسەی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمیی بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێم بە ھاوبەشی نووسینگەی باڵای پاراستنی مافی ئافرەتان سەر بە یونامی، کۆبوونەوەیەکی سەبارەت بە توندوتیژی ڕەگەزی تایبەت ڕزگاربووانی تاوانەکانی داعش و ڕێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ بە پێی ڕاسپاردەکان ئەنجامدا.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەش، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێم، دیندار زێباری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا تیشکی خستەسەر ئامانجی کۆبوونەوەکە و ئاماژەی بەهەندێک لە بابەتە هەنووکەییەکانی هەرێم و عێراق کرد.

دیندار زێباری لەبارەی ئامانجی کۆبوونەوەکە گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک تەوەر و بابەت باسکران سەبارەت بە توندوتیژی ڕەگەزی تایبەت بە ڕزگاربووانی تاوانەکانی داعش، ئەوانەی لە شەڕ و ململانێکاندا دەبنە قوربانی، دیارە ئێمە وەکو هەرێم ڕیکۆردێکی باشمان لەبەردەستە لەوەی کە حکوومەتی هەرێم لە ماوەی ڕابردوودا لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش و دوای شەڕی داعشیش، هەوڵی جددی هەبووە بۆ پاراستنی پێکهاتەکان و لەناو خودی پێکهاتەکان بەتایبەتی ژن و منداڵ، لە حەوانەوەی ئاوارەکان و پەنابەران بەپێی پڕەنسیپە نیودەوڵەتییەکان هەرێم پشکی شێری بەرکەوتووە کە زیاتر دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئاوارە و پەنابەری هەبووە".

دیندار زێباری گوتیشی: "پێش ماوەیەک جێگری سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان، سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە لەگەڵ سەرۆکوەزیران و حکوومەتی هەرێم باس لە هەندێک پڕۆسە کراوە کە گرنگن سەبارەت بە پاراستنی منداڵ و خێزان لە ململانێی چەکدارییدا، مەرج نییە هەر گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش بن، بەڵکو گرووپی دیکەی چەکداریی هەیە لە عێراق کاران، بۆیە پابەندبوونەکانی ئێمە ئەوەیە کە پلاتفۆڕمێکمان هەبێت کە لایەنەکانی حکوومەت، ڕێکخراوی ناوخۆ، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و کۆنسوڵخانەکان بەشداربن".

لەبارەی تەوەرێکی کۆبوونەوەکەیان کە تیشکخرابووە سەر مەترسی رفاندنی منداڵانی بە تایبەت لەلایەن گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان، دیندار زێباری گوتی: "یەکێک لەو تەوەرانەی کە باسمان لێوەکردن ئەوە بوون کە ماوەیەک پێش ئێستا ژمارەیەک لە منداڵانی ژێر تەمەنی ١١ ساڵی ناونووسکرابوون لە چوارچێوەی گرووپەکانی چەکدار لەسەر ئاستی عێراق، کە ئەمە مەترسییەکی گەورەیە و پێشتریش یوئێن ئەم هۆشدارییەی بە حکوومەتی عێراقداوە بە تایبەت لە ونبوونی بەشێک لە منداڵان لە ناوچە سنوورییەکان لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق، دیارە ئەمەش سەرگێژیەکی دیکەیە سەبارەت بەوەی میکانیزیمی نێودەوڵەتی چەند کارا دەبێت بۆ سەر ئەو گرووپانە، ئەوانەی لە سنوورەکانن و پابەندنین بە یاسا و ڕێساکانی حکوومەت".

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵودا، سەبارەت بە چۆڵبوونی چەندین گوندی هاووڵاتییان بەهۆی بوونی تیرۆریستانی پەکەکە و ڕۆڵی پاسەوانی سنوور لە ناوچە سنوورییەکاندا، دینار زێباری گوتی: "ئەو ناوچانەی لە ساڵی ١٩٩١ەوە لەلایەن گرووپی چەکدارەوە کۆنتڕۆڵ کراون و بەهۆیەوە خەڵکێکی زۆری گوندنشین ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ وحاڵی خۆیان کە ئەمەش زیانێکی زۆری بەر کشتوکاڵ گەیاندووە، بۆیە پاراستنی سنوور ئەرکێکی نیشتمانییە و پێویستە لایەنی پەیوەندار ڕۆڵی خۆی هەبێت".

رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ ڕێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لەنێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق واژوو کرا و یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتننامەکە، بریتییە لە کشانەوەی گرووپە میلیشیاکان لە شنگال، بەڵام تا ئێستا بە ھۆی بوونی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و ھێزە و چەکدارە نایاساییەکان لە ناوچەکەدا، ڕێککەوتننامەکە جێبەجێ نەکراوە و لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا لەبارەی هۆکارەکانی جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتننامەکە، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێم، دیندار زێباری گوتی: "ئێمە وەکو هەرێم، بە هەموو وردەکارییەکانەوە ڕازین، بەڵام ڕێگرییەکان زۆر ڕوونە، ئەویش بریتییە لە بوونی هێزە چەکدارە نایاساییەکان لەو ناوچەیە کە بە ئەجێندای دەرەکی ڕێگرن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە، لەلایەکی دیکەوە چوونی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەو ناوچانە زۆر سەختە، میدیاش ناتوانێت ئازادبێت لەوێ، بۆیە ناوچەیەکی داخراوە سەبارەت بە ئێمە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، هەروەها مەترسییەکی گەورە لەو ناوچانە دەبینرێت وەکو گۆڕینی دیموگرافی و مەترسییەکی گەورەش هەیە لەسەر داهاتووی پێکەوەژیان لەم ناوچانە".

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێم، دیندار زێباری باسی لە منداڵانی ونبووی کیمیابارانی هەڵەبجە کرد و گوتی: "نزیکەی ١٠٠ منداڵ لە کاتی کیمابارانی هەڵەبجە ون بوونە و بەپێی ڕاسپاردە و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەو منداڵانە لە ئێرانن، گرنگە کار لەسەر ئەو دۆسیەیە بکرێت و لەم ڕووەوەش پێویستە میکانیزیمی نێودەوڵەتی هاوکاربێت لەم پڕۆسەیە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın