موقتەدا سەدر داوای رێکخستنی کۆبوونەوەی جەماوەری بۆ پشتیوانیکردنی فەڵەستین دەکات
- رێبەری رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر بەمەبەستی پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین و نیشاندانی ھاوسۆزی بۆیان، بانگھێشت بۆ کۆبوونەوەی جەماوەری دەکات،
Arbil
هەولێر - AA
رێبەری رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر بەمەبەستی پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین و نیشاندانی ھاوسۆزی بۆیان، بانگھێشت بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەی جەماوەری دەکات.
رێبەری رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی رایگەیاند "بەو پێیەی کە قەدەغەی ھاتوچۆ ھەڵگیراوە، با سبەی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە کۆبوونەوەی جەماوەری بەمەبەستی پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین سازبکرێ. تەنھا ئاڵای فەڵەستین لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکان بەرز بکرێتەوە و ئاڵای ئیسرائیلی زایۆنیی و ئەمریکا بسوتێندرێن".
سەدر لەبارەی ئەگەری ھاویشتنی ھەنگاوی "ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل" لەلایەن عێراق و چەند وڵاتێکی دیکەی رەتکردەوە و سوپاسی گەلی ئوردن و لوبنانی کرد بەھۆی پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین لە ناوچە سنوورییەکان.
- رووداوەکانی قودس و کەرتی غەززە
گرژییەکان لە سەرەتای مانگی رەمەزانەوە و بەھۆی پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆسەر گەڕەکی شەیخ جەڕاح و مزگەوتی ئەقسا بەردەوامن و رۆژی حەوتی ئایار بەھۆی بەکارھێنانی گوللەی پلاستیکی و بۆمبی دەنگی بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، گرژییەکان ھەڵکشانیان بەخۆوەبینی.
گرووپە شۆڕشگێڕە فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززە، تا کاتژمیر شەشی ئێوارەی ١٠ی ئایار مۆڵەتیان دابووە ھێزەکانی ئیسرائیل بۆ ئەوەی لە مزگەوتی ئەقسا و گەڕەکی شێخ جەڕاح بکشێنەوە کە دەکەونە رۆژھەڵاتی قودس.
بەھۆی نەکشانەوەی ھێزەکانی ئیسرائیل، گروپە فەڵەستینییەکان ژمارەیەکی زۆر موشەکیان ئاڕاستەی ئیسڕائیل کرد.
دواتر سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی چڕی بۆسەر کەرتی غەززە دەستپێکرد.