مهسرور بارزانی: مەبەستمان ئەوە لەگەڵ حکوومەتی عێراق بگەینە رێکەوتنێک بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانمان
سهرۆكوهزیرانی ههرێمی كوردستان مەسرور بارزانی: "ئابووری دەتوانێ ببێتە کلیلی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان بێت. لە بواری کشتوکاڵیشدا دەتوانین ببینە سەرچاوەیەک بۆ هەموو عێراق. هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی کشتوکاڵییە".
هەولێر - AA
ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکی-عێراقی لە ژووری بازرگانی ئەمریکی بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆنفرانسێکی ئابووری بەڕێوەبرد.
کۆنفرانسەکە لە ژێر ناونیشانی "كاره لە پێشینە ئابوورییەکان له هەرێمی کوردستانی عێراق لە دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا" بوو.
لە کۆنفرانسەکەدا کە بڕیارە دوو رۆژ بخایەنێت و بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت، هەریەکە لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی و جێگری وەزیری وزەی ئەمریکا مارک وێزلی مەنێزیس و کۆمەڵێک لە شارەزایانی ئابووری بەشداریی دەکەن.
سەرەتای کۆنفرانسەکە بە قسەکانی جێگری وەزیری وزەی ئەمریکا مارک وێزلی مەنێزیس، دهستیپێكرد.
مارک وێزلی مەنێزیس وێرای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بە بەشداری لەو کۆنفرانسە، هیوای خواست ئەوە سەرەتایەکی باش بێت بۆ هاوکاری و هەماهەنگی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان لە بواری وزەدا.
مەنێزیس لە سەرەتای قسەکانیدا سەرەخۆشی خۆی بۆ ئەو کارمەندانهی تەندروستیی نارد کە بە هۆی پەتای کۆرۆناوە گیانیان بهختكردووه و دواییش سەرەخۆشی خۆی بۆ کۆچی هەر یەکە لە پارێزگاری پێشووی کەرکووک، نەجمەدین کەریم و پارێزگاری هەولێر، فرسەت سۆفی دەربڕی و جەختیشی لەوە کردەوە کە نەجمەدین کەرم رۆڵ و کاریگەری باش هەبوو لە دروستکردنی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکادا.
جێگری وەزیری وزەی ئەمریکا بەشێکی زۆری قسەکانی تایبەت کرد بە هەرێمی کوردستان و تواناکانی هەرێم لە بازاری وزەدا و لەو بارەیەوە گوتی: "هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی گرنگە لە رووی وزەوه. داوامان لە بەرپرسانی عێراق کردووە کە چاکسازی ریشەیی لە بواری وزەدا بکرێت و ئەوە وا بکات کە وەربەرهێنانی زیاتری ئەمریکی ببینین لە عێراق و هەرێمی کوردستان".
مارک وێزلی مەنێزیس گوتیشی: "هەرێمی کوردستان دەیەوێت ببێتە سەرچاوەکی باش بۆ بازاری وزە و لەگەڵ عێراق دەبێ لەم بوارەدا هەماهەنگی هەبێت. دوای پەتای کۆرۆنا دەمانەوێت پەیوەندییەکەی بەهێز لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق دابمەزرێنین لە بواری وزەدا".
دواتر سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە گوتارێکدا باسی لەو هەنگاوانە کرد کە لە رووی ئابوورییەوە کە سەرەتای کابینەکەی داویانە و جەختی لەوە کردەوە کە دەستیان کردووە بە ئەنجامدانی ریفۆرمێکی سەرانسەری و ئەوە بە هەنگاوێک بۆ پەرەسەندنی ئابووری هەرێمی کوردستان ناوهێنا.
مهسرور بارزانی لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی کە، "وەک هەرێمی کوردستان دەمانەوێ پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەبێت" و رایگەیاند: "ئێوە دەرفەتێکتان رەخساند کە عێراق لە دەستی دیکتاتۆری سەدام حوسێن رزگاری بێت. بەڵام ئێستاش عێراق لە دۆخێکی خراپدایە. خەڵکی عێراق دەیانەوێ دۆخێکی ئابووری باشیان هەبێت. ساڵی ١٩٩١ دەرفەرتمان بۆ رەخسا هەزاران گوندمان ئاوەدان بکەینهوە کە لە لایەن سەدام حسێنەوە وێران کرابوون".
سهرۆكوهزیرانی ههرێمی كوردستان ئاماژەی بە شەڕی داعش دا و گوتی: "هێزەکانی هەرێمی کوردستان شانبەشانی ئەمریکییەکان دژ بە تیرۆر جەنگاون و قوربانی ئەوان وایکردووە کە هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی خۆشگوزەران لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوهڕاستدا بمێنێتەوە".
مەسرور بارزانی گوتی: "دەبینین کە ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیا و وەبەرهێنەری ئەمریکی لە هەرێمی کوردستانن. حکوومەتی ئێمە پابەندە به رەخساندنی زەمینەیەکی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیان بە تایبەتی کۆمپانیا ئەمریکییهكان".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دواتر باسی لە هەنگاوەکانی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "دەستمان بە ریفۆرمێک کردووە لە هەرێی کوردستان. سیستەمێکی دیجیتاڵیمان بۆ کوردستان داناوە و لە بواری باجدا چاکسازیمان کردووە و لە بواری رەخساندنی هەلی کاریش کارمان کردووە و سوپاسی وەربەرههێنەران و شارەزایانی ئەمریکی دەکەین. ئەم هەفتەیە پێشبینی ئەوە دەکەین کە رێکەوتنێکی گەورە واژوو بکەین بۆ بە دیجیتاڵیکردنی حکوومەت بۆ خێراترکردنی کارەکانمان. مەبەستمان ئەوە لەگەڵ حکوومەتی عێراقیش بگەینە رێکەوتنێک بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانمان بۆ ئەوەی پشکی هەرێم لە حکوومەتی فیدراڵی وەربگرین.. دەتوانین بەرەوە داهاتوو هەنگاوی باشتر بنێین. دەبێ ئازادی رادەربڕین و تاکەکەسی پارێزراو بێت. ئەوانەی هەموو یارمەتیدەری ئابوورییەکی باش دەبن".
سهرۆكوهزیرانی ههرێمی كوردستان، جەختی لەوەشکردەوە کە، "ئابووری دەتوانێ ببێتە کلیلی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان بێت. لە بواری کشتوکاڵیشدا دەتوانین ببینە سەرچاوەیەک بۆ هەموو عێراق. هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی کشتوکاڵییە". گوتیشی: "کۆرۆنا کاریگەری گەورەی لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان هەبوو بەڵام هیوادارین لە ٢٠٢١دا کۆتایی پێبێت".
لە کۆتایی قسەکانیدا سهرۆكوهزیرانی ههرێمی كوردستان، مهسرور بارزانی داوای لە کۆمپانیاکان و خاوەنکارانی ئەمریکا کرد کە بێنە هەرێمی کوردستان و سەرمەیەگوزاری بکەن و گوتی: "هانی کۆمپانیا و خاوەنکارانی ئەمریکا دەدەم کە بێنە هەرێمی کوردستان و ناوچەکەمان ببینن و لێرە دەست بە کار بکەن".