ماردین.. فێستیڤاڵی لاوان
- لە چوارچێوەی چالاکییەکانی رۆژی ١٩ی ئایار جەژنی وەرزش و لاوانی تورکیا، فێستیڤاڵی لاوانی ماردین کە سێ رۆژ دەخایەنێت لە پارێزگای ماردین باشووری خۆرھەڵاتی تورکیا دەستی پێ کرد.
ماردین - AA
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی رۆژی ١٩ی ئایار جەژنی وەرزش و لاوانی تورکیا، فێستیڤاڵی لاوانی ماردین کە سێ رۆژ دەخایەنێت لە پارێزگای ماردین باشووری خۆرھەڵاتی تورکیا دەستی پێ کرد.
لە رۆژی یەکەمی فێستیڤاڵەکە کە لەلایەن وەزارەتی وەرزش و لاوانی تورکیا، پارێزگای ماردین و گەورەشارەوانیی شارەکە لە یاریگای ٢١ی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو، کۆمەڵەی ھونەری شانۆیی مەزنورا ھەڵپەرکێی فولکلۆرییان پێشکەش کرد و گرووپی پینھانی کۆنسێرتێکیان سازکرد.
پارێزگار و جێگری سەرۆکی گەورەشارەوانی ماردین، مەحمود دەمیرتاش لە میانی گوتارێکیدا لە فێستیڤاڵەکەدا رایگەیاند ماوەی دوو ساڵە بەھۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەیانتوانیوە بەم شێوەیە کۆببنەوە بەڵام لێرە بەدواوە بەبەردەوامی لەگەڵ لاوان کۆدەبنەوە و چالاکی زیاتر ئەنجامدەدەن.
مەحمود دەمیرتاش پیرۆزبایی رۆژی ١٩ی ئایار جەژنی وەرزش و لاوانی لە گەنجەکان کرد و گوتی: "ھەمووتانمان خۆشدەوێت، بەنرخن لەلامان. لە شاری ئاسوودەیی ماردین، پەنا بەخوا لێرە بەدواوە پەیامی یەکبوون و پێکەوەبوون بە وڵاتەکەمان و جیھان دەدەین. ئەوەندە بەسە کە ھەموومان خاوەندارێتی ئەم یەکبوون و پێکەوەبوونە بکەین".
لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری وەرزش و لاوانی پارێزگاکە، بەیتوڵڵا بیرلیک ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماردین وەبەرھێنانی گەورە بۆ لاوان کراوە و لەگەڵ وەبەرھێنانەکان بەردەوامی بەم جۆرە چالاکییانە دەدەن و گوتی: "ماردین بە مێژوو و کلتوورییەوە شارێکی دێرینە، پەنا بەخوا ئێمەش ئەم شارە دەکەینە شارێکی وەرزشی. گەنجەکانمان شایەنی جوانترینن".
لە پەراوێزی فێستیڤاڵەکەدا چالاکیی ھونەری و کولتووری بەڕێوەدەچێت و وۆرکشۆپ، پێشانگای وەرزشی، پێشانگا و کێبڕکێ ئەنجامدەدرێـت و چەندین ھونەرمەند کۆنسێرت پێشکەش دەکەن.