ئابووری, عێراق, کۆڤید- ١٩

لە کەلار هاووڵاتییان سندوقی هاوکاری بۆ کارمەندانی تەندروستیی دادەنێن

- لە شاری کەلار بەمەبەستی هاوکاریکردنی کارمەندانی تەندروستیی و پزیشکان کە لەڕیزی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادان و لەسەرەتای ئەمساڵەوە تەنها سێ مووچەیان وەرگرتووە، بەمەبەستی هاوکاریکردنیان و پێدانی مووچەکانیان، سندوقێکی هاوکاری دادەنرێت.

Rewa Mahmood Hasan  | 01.07.2020 - نوێکردنەوە : 07.07.2020
لە کەلار هاووڵاتییان سندوقی هاوکاری بۆ کارمەندانی تەندروستیی دادەنێن

As Sulaymaniyah

گەرمیان - AA

لینکی ڤیدیۆ https://www.aa.com.tr/ks

لینکی فۆتۆەکان https://www.aa.com.tr/ks

لە شاری کەلار سەربە ئیدارەی گەرمیان نەخۆشخانەیەک لەسەر ئەرکی خێرخوازان دروست دەکرێت و کارمەندانیشی لەرێی خێرخوازان و ئیدارەی سەربەخۆی شارەکەوە یەکەم مووچەی دەستبەکاربوونیان وەردەگرن.

ناوچەی گەرمیان یەکێکە لەو ناوچانەی کە دانیشتوانەکەی لەدوای ٣١ی ئایارەوە رووبەرووی ھەڵکشانی دووەمی پەتای کۆرۆنا بوونەوە و ئەمەیش زۆربەی فەرمانگە فەرمیەکانی ناوچەکەی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

ھەر لەسەرەتای پەیدابوونی نەخۆشیەکە لە مانگەکانی شوبات و ئازاردا لە شاری کەلار و لەسەر دەستی خێرخوازان بنکەیەکی تەندروستیی تایبەت بە نەخۆشییە گواستراوەکان تایبەت بە کۆرۆنا دروست کراو، ئەمەش وەک یەکەم حاڵەتی ئامادەباشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا، ھاووڵاتییانی گەرمیان و کەلار دووربوون لە ڤایرۆسەکە، خەڵکی ھۆکاری ئەمەیشی بۆ ئەوە دەگەڕاندەوە کە ناوچە پلەکانی گەرمای تیادا بەرزە و ڤایرۆسەکە توانای گەشەکردنی نییە تیایدا، بەڵام پێچەوانەی ھەموو ئەم بۆچوونانە، لەگەڵ ھەڵکشانی دووەمی ڤایرۆسەکە و تووشبووان بە کۆرۆنای نوێ، ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییانی کەلار و ناوچەکانی تری گەرمیان تووشی پەتا جیھانیەکە بوون. 

- ھۆکاری پەرەسەندنی ڤایرۆسەکە تێکەڵیی بازرگانیی لەگەڵ پارێزگای کرماشانی ئێران و تێکەڵی کۆمەڵایەتیی لەگەڵ پارێزگای دیالەی عێراق بوو

وەک بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان، سیروان محەمەد ئاماژەی پێ دەکات، ھۆکاری سەرەکی بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە تێکەڵبوونی خەڵکی ناوچەکەبوو لە مانگی ئایاردا لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە لەگەڵ خەڵکی پارێزگای دیالە و تێکەڵبوونی بازرگانیی لەگەڵ دانیشتوانی پارێزگای کرماشانی ئێران بەھۆی دەروازەی سنووریی پەروێزخان-ەوە.

لەگەڵ بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکەدا بۆ جاری دووەم لە سەرەتای مانگی ئایاردا، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بەجۆرێک لە جۆرەکان خۆی ئامادەکردبوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی، بۆیە تا ئێستا ھیچ کێشەیەکی بەرچاو لە ناوچەکەدا لەڕووی تەندروستییەوە رووی نەداوە.


لە لێدوانکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی گەرمیان، سیروان محەمەد دەڵێت، "ئیدارەی گەرمیان لەسەرەتاوە توانای وەرگرتنی ٥٠ نەخۆشی ھەبووە کە ئەمەیش ژمارەیەکی کەم بوو بۆ ناوچەی گەرمیان، ھاوکات نەخۆشخانەیەکی زۆر کۆنە و سیستەمی ناوەندیی ئۆکسجینی تیادا نییە، گونجا و نەبوو بۆ چاودێریکردنی توشبووانی کۆرۆنا، بۆیە بیر کرایەوە لە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی نوێ بە سیستەمێکی تەواو جیاواز و نوێوە کە لەسەر ئەرکی خێرخوازان دروست کرا".

- بەھۆی قەیرانی داراییەوە کێشەی نەبوونی کارمەندمان بۆ دروست بوو کە لە نەخۆشخانەکە دایبنێین

دوای ئەوەی نەخۆشخانەکە تەواو دەبێت، وەک بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی گەرمیان ئاماژەی پێ دەکات، بەھۆی نەبوونی کارمەندی تەندروستییەوە کە بەشێک لە کارمەندان و پزیشکان لە مانگرتندابوون، کەمی توانای نەخۆشخانەی کەلار بۆ بەرەنگاریی ڤایرۆسەکە و چارەسەرییەکان، وای کرد کە گەرمیان رووبەڕووی کێشەی گەورەی تەندروستیی ببێتەوە و ئەمەیش ناڕەزایەتی خەڵکی ناوچەکەی بەدوای خۆیدا ھێنا.

- بەھۆی نەبوونی کارمەندەوە نەخۆشخانە تازەکەی کۆرۆنا نەکەوتە کار

بینای تازەی نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا لە کەلار تەواو دەبێت، بەڵام بەھۆی نەبوونی کارمەندەوە ناکەوێتە کار و لەگەڵ ھەڵکشانی ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشی کۆرۆنا لە گەرمیان، تا دەھات نەخۆشخانە ٥٠ قەرەوێڵەییەکە توانای بەرەنگاری نەبوو، ئەمەیش ھاووڵاتییانی ناوچەکەی توڕە کرد و لە ھەندێک شوێن ھێرشیان کرد سەر نەخۆشخانەکان بەبیانووی کەمی خزمەتگوزاری تەندروستییەوە.

سیروان محەمەد ئاماژە بەوە دەکات کە بەھۆی دانەمەزراندنی پزیشک و کارمەندەوە لەلایەن وەزارەتەوە، نەتوانراوە نەخۆشخانە تازەکەی تایبەت بە کۆرۆنا لە کەلار بکەوێتە کار و دەڵێت "بەھۆی بایکۆت و پێنەدانی مووچەوە، نەتوانرا نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا لە کەلار بخرێتە کار، بەھۆی ئەوەی دامەزراندن و گرێبەست لە سەرجەم فەرمانگەکانی حکوومەتی ھەرێمدا وەستاوە، نەتوانرا فەرمانبەر بۆ نەخۆشخانەکە دابنێین، ئەوەبوو نەخۆشخانەکە خەریبوو بەبێ سوود بمێنێتەوە بێ ئەوەی ھیچ کەڵکی لێوەبگیرێت، ھاوکات ئەمە نزیک بوو لەوەی پشێوی لە شاری کەلاردا دروست بکات، چونکە نەخۆشخانەکەی پێشووتر توانای دابینکردنی تەواوی خزمەتە تەندروستییەکانی نەخۆشخانی کۆرۆنای نەبوو".

- پزیشکێک بەناوی سەرکەوت کاکەکەیی پرۆژەی خستنەگەڕی نەخۆشخانەی کەلار دەنووسێتەوە

زۆری ژمارەی تووشبووان لە گەرمیان سیستەمی تەندروستیی لە ناوچەکەدا تەنگەتاو دەکات و تا دەھات ناڕەزایەتی ھاووڵاتییانیی لێدەکەوتەوە، ھەر بۆیە پزیشکێک بەناوی سەرکەوت کاکەیی پرۆژەیەک پێشکەش بە ئیدارەی گەرمیان دەکات بۆ جێگیرکردنی کارمەندی کەرتی تایبەتی تەندروستیی لەو نەخۆشخانەیەی کە تازە دروست کراوە بۆ تووشبووانی کۆرۆناو زیاتر لە ٧٠ بێدی نەخۆشی تیادایە کە ١١یان تایبەتن بە ئۆکسجینی دەستکرد.

 لەمبارەیەوە سیروان محەمەد ئاماژە بەوە دەکات کە پرۆژەکە بریتی بوو لەوەی چەند کارمەندێکی خۆبەخش بھێنرێنە نەخۆشخانەکە، دوای ئەوەی کە مووچەیان وەرنەگرتبوو لە حکوومەت لە نەخۆشخانەکە جێگیر بکرێن و لەڕێی سەرمایەداران و خێرخوازانەوە مووچەکانیان بۆ دابین بکرێت، تاکو چیتر پرۆسەی چارەسەریی لە گەرمیان دوانەکەوێت.

دوای ئەوەی پرۆژەکە دەبرێتە ئیدارەی گەرمیان لە پاش کۆبوونەوەی ئیدارەکە لەگەڵ سەرمایەداران و خێرخوازانی ناوچەکە، بە دوو سولفە بڕیار دەدرێت مووچەی دوومانگی کارمەندەکانی ئەو نەخۆشخانەیە دابین بکرێت و نەخۆشخانەکە بخرێتە کار.

- وردەکاری کەوتنە کاری نەخۆشخانەکە و دابینکردنی مووچەی دوو مانگی کارمەندانی نەخۆشخانەکە

 بەڕێوەبەری کاروباری مرۆیی ئیدارەی گەرمیان، بێستوون ژاڵەیی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە دا کە دوای ئەوەی پرۆژەی ئەو دکتۆرە دەھێندرێتە ئیدارەکە، کۆبوونەوەی لەسەر کراوە و دواتر بڕیار دراوە کە ئیدارەی گەرمیان وەک مانگی یەکەم مووچەی کارمەندەکان دابین بکات و بۆ مانگی دووەمیش لەگەڵ چەند سەرمایەدار و خێرخوازێک قسە بکەن تاکو بتوانن گەرمیان لەو دۆخە ناھەموارە رزگار بکەن.

لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان ئاماژە بەوە دەکات کە دوای ئەوەی پرۆژەکە لەلایەن ئەو دکتۆرەوە پێشکەش کراوە، بەمەبەستی دابینکردنی کارمەند و پزیشک لەلایەن کەرتی تایبەتەوە و دابینکردنی مووچەکانیان لەسەر ئەرکی چەند خێرخوازێک و دەڵێت "لە پرۆژەکەدا بیر لەوە کرایەوە کە کارمەندانی دانەمەزراو و گرێبەستەکانی تری نەخۆشخانەکان بنێرینە ئەو نەخۆشخانەیەی تایبەت بە کۆرۆنا، دواتر مووچەکانیان لەڕێگەیەکی تایبەتەوە دابین بکرێت، بەڵام راستەوخۆ لەژێر چاودێری خۆماندا وەک تەندروستیی کارەکانی رادەپەڕێنین".

دوای ئەوەی کە خێرخوازان و سەرمایەدارانی ناوچەکە بەتەنگ داواکەوە دەچن، بڕی ٣٠ ملیۆن دینار دابین دەکرێت بۆ کارمەندان و پزیشکانی نەخۆشخانەکە، بۆ مانگی دووەمی کارکردنیان.

بێستون ژاڵەیی ئاماژە بەوە دەکات کە بری ٦٠ ملیۆن دینار بۆ نەخۆشخانەکە کۆکراوەتەوە بە دوو سولفە، ئەوانیش ٣٠ ملیۆن دینار بۆ مانگی یەکەم، بۆ مانگی دووەم ٣٠ ملیۆن دیناری تر کە لەلایەن خێرخوازان و سەرمایەدارانەوە دابین کردووە.

بێستون ژاڵەیی نەیشاردەوە کە ئێستا رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت ھەڵساون بە دابینکردنی کەلوپەلی و پێداویستی، پاککردنەوە و دابینکردنی خواردەمەنی بۆ نەخۆش و کارمەندانی پزیشکیی لە نەخۆشخانەکە تاکو بەرەنگاریی ئەو قەیران ببنەوە کە ئیدارەکەیانی تێکەوتووە لەڕووی دارایی و تەندروستییەوە بەھۆی ھەڵکشانی تووشبووانی کۆرۆناوە لە گەرمیان.

ھەروەھا سیروان محەمەد ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا نەخۆشخانەی  قەڵا تایبەت بە نەخۆشیە گوازراوەکان بەھەردوو بەشی چاودێری ورد و چاودێری گشتییەوە لەلایەن خێرخوازانی ئیدارەی گەرمیان-ەوە دروست کراوە و خراوەتە کار و سندوقی ھاوکاری بۆ دابین کراوە.

 ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە سەرجەم بیناو کەلوپەلەکانی ناوی لەلایەن خێرخوازانەوە دابین کراوە کە سەرجەمی یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار دۆلار تێچوونەکەی بووە، لەوە تەنھا ١٠٠ ھەزار دۆلاری لەلایەن تەندروستیی گەرمیان-ەوە دابین کراوە.

- داوامان لە وەزارەتی تەندروستیی کردووە کە ھەرچی زووترە ئەو کارمەندانە دابمەزرێنن

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان گازەندەی ئەوە دەکات کە  دوو ھەزار کارمەند و پزیشکی لە کەرتی تەندروستییدا کە لە ٢٠١٤ەوە خانەنشین کراون تا ئێستا ھیچ پزیشک و کارمەندێکی  تەندروستیی لە بریان دانەنراوە کە ئەمەیش کێشەی کەمی پزیشکی پسپۆڕیی بۆ دروست کردوون و دەڵێت "داوا دەکەین ئەگەر بە گرێبەستیش بێت ژمارەیەک کارمەند و پزیشک و فەرمانبەری کارگێڕی بۆ ئەو شوێنە دابمەزرێنرێت، چونکە ئێستا چاودێری تووشبووانی کۆرنای نوێ دەکەن، تەنانەت ئەگەر یەک کارمەند لە نزیک ئامێری ھەناسەدانی دەستکردەکە دووربخەیتەوە ئەگەر ھەیە نەخۆشەکە گیانی لەدەست بدات. لەوێوە ھەوڵ دەدەین، ھیوامان ھەیە بەڵام زۆر بەھێز نییە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın