توركيا

لە تورکیا ٢٨ەمین خولی پەرلەمان دەستیپێکرد

- سەرۆکی کاتی پەرلەمانی تورکیا، دەوڵەت باخچەلی: "بەناوی پەرلەمانەوە لە دڵەوە پیرۆزبایی لە بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەم کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، بە ١٣هەمین سەرکۆمار هەڵبژێردرا و هیوای سەرکەوتنی مەزنی بۆ دەخوازم".

Sinan Uslu  | 02.06.2023 - نوێکردنەوە : 03.06.2023
لە تورکیا ٢٨ەمین خولی پەرلەمان دەستیپێکرد

TBMM

ئەنقەرە - AA

رێورەسمی سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی خولی ٢٨ەمینی پەرلەمانی تورکیا دەستی پێکرد.

ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی کاتی پەرلەمانی تورکیا، دەوڵەت باخچەلی کۆبووەوە.

پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی ئەنقەرە، زەهرانور ئایدەمیر و پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی ئیستانبوڵ، رومەیسا کاداک وەک گەنجترین پەلەمانتار ئامادەی رێوڕەسمەکە بوون.

دوای گوتنەوەی سروودی نیشتمانی، بەر لە دەستپێکرنی سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، سەرۆکی کاتی پەرلەمانی تورکیا، دەوڵەت باخچەلی گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی نەتەوەی مەزنی تورک دەکەم".

باخچەلی هیوای خواست کە خولی نوێی پەرلەمان ببێتە مایەی خێر و دەرگای پێشهاتە گەورەکان لەگەڵ خۆیدا بکاتەوە و گوتی: " بەناوی پەرلەمانەوە لە دڵەوە پیرۆزبایی لە بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەم کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، بە ١٣هەمین سەرکۆمار هەڵبژێردرا و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم".

بە ئاماژەدان بەوەی کە بە خۆشحاڵییەوە یادی ١٠٠ەمین ساڵەی کۆماری تورکیا و ١٠٣هەمین ساڵەی پەرلەمانی تورکیا دەکەنەوە، باخچەلی گوتی: "هاوڕێیانی ئازیز، پەرلەمانتارانی بەڕێز کە لە ٢٨هەمین خولی پەرلەمانی تورکیا دەستبەکار دەبن، بێگومان بەرپرسیارێتییەکی مێژووییتان لە ئەستۆ گرتووە. من باوەڕم وایە ئەم بەرپرسیارێتییە ئامانجەکانی سەدەی تورکیا دەگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی دیکە".

باخچەلی هەروەها گوتی: "پەرلەمانی مەزنمان هاوکات لەگەڵ خەباتی سیاسی و دیبلۆماسی ئیدارەی شەڕەکانی داوە. هیچ گومان لەوەدا نییە کە بناغەی کۆماری تورکیا ئیرادە و پەرۆشی گەلەکەیەتی بۆ سەربەخۆیی. غازی موستەفا کەمال ئەتاتورک، لە گوتاری دەستپێکی خولی یەکەمی پەرلەمانی تورکیا لە ١ی ئاداری ١٩٢٣، رێک بەم شێوەیە گوتی: 'هەموو هێزێک، لەبەردەم گەلدا، لەبەردەم ئەو سەربەخۆییەی کە شایەنیەتی، لەبەردەم ئەو گەشەپێدان و نوێبوونەوەی کە شایستەیەتی، تەنها بە پابەندبوون بە ئیرادە و مەبەستەکانی گەل دەتوانێت بەردەوام بێت. کۆتایی ئەوانەیشی پابەند نین بە ئیرادە و خواستی گەلەوە، لەناوچوون و بێ ئومێدییە'.

باخجەلی گوتیشی: "دەبێت ئەوە بزانین کە پشکی هاوبەشی نێوان هەموومان تورکیایە. بوونی سەربەرزانەی گەلی تورک، ئەرکی پێسپێردراو بە ئێوە هاوڕێیانی بەڕێزم کە لە ژێر ئەم میچە کاردەکەن، دەبێت هەستی جۆشی سەقامگیری ئێمەدا بچەسپێت بۆ ئەوەی شان بە شانی یەکدی لە بەردەم مێژوودا کاری مەزن بکەین. بە پێویستی دەزانم بۆچوونی خۆمتان لەگەڵ بەشکەم بە تایبەتی کە هێزی جیاوازی ئێمە لە رێگەی یەکێتی، هەماهەنگی، برایەتی، سازش و راگۆڕینەوە پتەو دەبێت. دەبێت لە یەک دڵدا بە ئامانجی گۆڕینی ئاراستەی ژیان بە قازانجی گەل کە هەر ساتێک مێژووە و رادەستکردنی تورکیایەکی ئاسوودە، ئاسایش، پێشکەوتوو و خۆشگوزەران بە نەوەی داهاتوو. دەبێت هەموومان پێکەوە خاڵی یەکگرتنمان بەروانگەی تورکیای مەزن پتەو و فراوانتر بکەین".

دەولەت باخچەلی، هیوای رەحمەتی بۆ دامەزرێنەری دەوڵەتەکە، یەکەم سەرۆکی پەرلەمان، یەکەم سەرکۆمار غازی مستەفا کەمال ئاتاتورک و سەرجەم ئەو پەرلەمانتارانە و شەهیدەکان کە کۆچیان کردووە خواست و گوتی: 'لەگەڵ ئەوەی هیوای تەمەنێکی خوشی و تەندروست باش بۆ ئەو پەرلەمانتارانەمان دەخوازم کە لە ژیاندا ماون، هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوە هاورێیان لە پێنج ساڵی داهاتووی کاری یاسادانان دەخوازم".

یەکەم سوێندی یاسایی سەرۆکی کاتیی پەرلەمان و پەرلەمانتاری عوسمانیەی مەهەپە، دەولەت باخچەلی دای. باخچەلی لە شوێنی خۆی لە سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵسایە سەرپێ و سوێندی خوارد.

دواتر، پەرلەمانتاری ئیستانبوڵی ئاک پارتی سەرکان بایرام یەکەم کەس بوو کە سوێندی خوارد و دواتر پەرلەمانتاری ئیستانبوڵی ئاک پارتی یوجەل حاجیئۆغوللاری بە کورسییە تایبەتەکەیەوە هاتە لای سەکۆکە و سوێندی خوارد.

جگە لە سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، هەریەک لە سەرۆکی دادگای دەستووریی تورکیا زوهتو ئارسلان، سەرۆکی دادگای ئیستئناف مەهمەت ئاکارجا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وڵات زەکی یغیت، سەرۆکی دامەزراوەی باڵای ژمێریاری و چاودێری دارایی مەتین یەنەر و نوێنەری وڵاتە بیانییەکان چاودێری رێوڕەسمی سوێند خواردن لە کۆمەڵەی گشتیی پەرلەمانی تورکیا دەکەن.

سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی تورکیا، مستەفا شەنتۆپ و پەرلەمانتاری ئیستانبوڵی پارتی سەرلەنوێ رەفاح، سوات پاموکچو بە سیفەتی ئەوەی بەتەمەنترین پەرلەمانتارە لە شوێنی تایبەتی پیاوانی دەوڵەت لە تەنیشت سەرکۆمار ئەردۆغان دانیشتن.

هەریەک لە سەرۆکانی پێشووتری پەرلەمان مەهمەت عەلی شاهین، بولەنت ئارینچ و حیکمەت چەتین لە بەشێکی تایبەتکراوەوە ئامادەی رێورەسمەکە بوون.

سەرۆکی گشتیی جەهەپە کەماڵ کڵچدارئۆغلو، سەرۆکی گشتیی پارتی دەڤا عەلی باباجان، سەرۆکی گشتیی پارتی سەعادەت تەمەل کارامۆللائۆغڵو لە شوێنی تایبەتەوە چاودێری رێوڕەسمەکەیان کرد.

پێشبینی دەکرێت رێوڕەسمی سوێند خواردنی پەرلەمان نزیکە ١٠ کاتژمێر بخایەنێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن