جيهان

لاڤای گڕکانی کومبرە ڤییەخا لە دوورگەکانی کەناری نزیکبووەتەوە لە دەریا

لە ئەگەری گەیشتنی لاڤای گڕکانەکە بە دەریا تەقینەوەی توند دروست دەبێت و رەنگە ئەو غازەی لە ئەنجامی کارلێکی کیمیایی دروست دەبێت، ببێتە کێشە بۆ دانیشتووانی دوورگەکە.

Şenhan Bolelli  | 28.09.2021 - نوێکردنەوە : 29.09.2021
لاڤای گڕکانی کومبرە ڤییەخا لە دوورگەکانی کەناری نزیکبووەتەوە لە دەریا

Madrid

مەدرید - AA

گڕکانی کومبرە ڤییەخا لە دوورگەی لا پالما کە یەکێکە لە دوورگەکانی کەناری باشووری رۆژئاوای ئیسپانیا و لە ١٩ی ئەیلوولەوە تا ئێستا چالاکە، دەرهاویشتەکانی نزیکبووەتەوە لە دەریا.

لاڤای گڕکانەکەی دوورگەی لا پالما لە زەریای ئەتڵەسی کە تەنیا ٦٠٠ مەتر لە دەریاوە دوورە، بەهۆی وەستانی چالاکیی گڕکانەکە بە درێژایی رۆژ وەستابوو، بەڵام بەهۆی دەست پێ کردنی تەقینەوەکانی خێرایی لاڤاکەیشی زیادی کرد و زیاتر بەرەوپێشچوو.

پسپۆڕانی پەیمانگای زانستی گڕکانی دوورگەکانی کەناری، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە گڕکانی کومبرە ڤییەخا "گڕکانێکی زۆر ترسناکە و پێشبینی نەکراوە کە چۆن هەڵچوونەکان بەردەوام دەبن"، ئەوەشیان خستەڕوو کە ئەو وەستانەی کاتەکانی بەیانی ئەمڕۆ هەبوو، بەواتای ئەوە نایەت کە چالاکبوونی گڕکانەکە لە ماوەیەکی کورتدا کۆتایی دێت.

پسپۆڕان باس لەوە دەکەن کە ئەگەری گەیشتنی لاڤای گڕکانەکە بە دەریا هەر کاتژمێرێک زیاد دەکات و ئەگەر بگات بە دەریا تەقینەوەی توند دروست دەبێت و رەنگە ئەو غازەی لە ئەنجامی کارلێکی کیمیایی دروست دەبێت، ببێتە کێشە بۆ دانیشتووانی دوورگەکە.

لە دۆخی ئێستادا بەرامبەر مەترسی ژەهراویبوون بە غاز، چوار ناوچە کە نزیکەی ٣٠٠ کەسیان تێدا دەژی خراونەتە ژێر پارێزییەوە و داوا لە خەڵک کراوە دەرگا و پەنجەرەکانیان دابخەن.

لە لایەکی دیکەوە، ئەو لاڤایەی کە لە ماوەی هەشت رۆژدا لە گڕکانەکە هاتووەتە دەرەوە، ٢٣٧ هێکتار زەویان سووتاندووە، زیاتر لە ٦٠٠ بینا کە ٥١٣یان خانوو و ئەوانی دیکەیان بۆ ئاژەڵداری و کاری کشتوکاڵی بەکارهێنراون سووتاون.

هەروەها تا ٢٩ی ئەیلوول گەشتە ئاسمانییەکان بۆ دوورگەی لا پالما راگیراون.

زیاتر لە هەزار کەس لە ئەرکدان بۆ یارمەتیدان و کۆنترۆڵکردنی دۆخی دوورگەکە کە سەربازانی سوپاش پشتگیریان دەکەن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın