سياسەت, عێراق

قوباد تاڵەبانی: "لە داهاتوویەکی نزیکدا هیچ بەربەستێک نامێنێت لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسای بوودجەی فیدراڵی"

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی: "حکوومەتی هەرێم نەک هەر بەتەواوی پابەندە بە جێبەجێکردنی یاسای بوودجەوە، بەڵکو گەشبینیشین کە بتوانین هەموو کێشەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەڕێگەی دانوستانەوە چارەسەربکەین".

Hawkar Yaseen  | 03.06.2021 - نوێکردنەوە : 03.06.2021
قوباد تاڵەبانی: "لە داهاتوویەکی نزیکدا هیچ بەربەستێک نامێنێت لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسای بوودجەی فیدراڵی"

Arbil

هەولێر - AA

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لە قەزای کۆیە بەشداری کرد لە رێوڕەسمی دابینکردنی ١٠ گۆڕەر بۆ ١٠ وێستگەی کارەبا.

قوباد تاڵەبانی لە رێورەسمەکەدا وتارێکی پێکەشکرد و رایگەیاند کە لەگەڵ بەغدا لە رێککەوتنی کۆتایی نزیکن و لە داهاتوویەکی نزیکدا هیچ بەربەستێک نامێنێت.

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەربارەی پرۆژەکە رایگەیاند "لە هەرێمی کوردستان کێشەی بەرهەمهێنانی کارەبا نییە، بەڵکو کێشەی سەرەکی کەرتی کارەبا کۆنبوونی تۆڕەکانی گواستنەوەی کارەبا و چۆنییەتی دابەشکردنی کارەبایە، بۆیە حکوومەت پلانی هەیە بە هاوکاری کەرتی تایبەت کاربکەن بۆ نۆژەنکردنەوەی تۆڕەکانی گواستنەوەی کارەبا و پێداچوونەوەش دەکەن بە شێوازی دابەشکردنی کارەبا، رێوشوێنی توندیش دەگیرێتەبەر بەرامبەر بە هەرجۆرە زیادەڕۆییەک لەسەر ئەم کەرتە".

قوباد تاڵەبانی گوتی: "سەرباری هەوڵەکانی وەزارەتی کارەبا، کەچی هێشتا تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا زۆر بەرزە و بۆ چارەسەرکردنی ئەمەش پلانی حکوومەت ئەوەیە بۆ بەرهەمهێنانی لەسەدا ١٠٠ی کارەبا بەتەواوی پشت بە گازی سروشتی ببەستێت".

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند "لە دانوستانەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ هاوتەریب لەگەڵ پرسی بوودجە باسی کێشەی کارەباش دەکەین، هەوڵ هەیە بۆ دروستبوونی هەماهەنگی لەنێوان هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم و بە هەماهەنگی نێوان هەردوو حکوومەت دەکرێت بەشێکی بەرچاوی کێشەی کارەبای عێراق و هەرێمی کوردستانیش چارەسەر بکرێت".

قوباد تاڵەبانی دەربارەی دانوستانەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجامی سەردانی شاندی هەرێمی کورستان بۆ بەغدا گوتی: "لەم رۆژانەی دواییدا دانوستانەکان زۆر باش بەڕێوەچوون و لیژنە لاوەکییەکان هەنگاوی باشیان ناوە بە ئاراستەی رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی میکانیزمێک بۆ جێبەجێکردنی یاساکە و لە داهاتوویەکی نزیکدا هیچ بەربەستێک نامێنێت لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسای بوودجەی فیدراڵی".

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی گوتیشی: "حکوومەتی هەرێم نەک هەر بەتەواوی پابەندە بە جێبەجێکردنی یاسای بوودجەوە، بەڵکو گەشبینیشین کە بتوانین هەموو کێشەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەڕێگەی دانوستانەوە چارەسەربکەین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın