سياسەت, جيهان

فەڵەستین: "گەشتەکانی ئەنتۆنی بلینکن ھیچ ئەنجامێکیان نەبووە"

وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستین ڕاگەیاند کە بەداخەوە، تا ئێستا ھیچ کام لە گەشتەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامیان نەبووە.

Qais Omar Darwesh Omar  | 21.03.2024 - نوێکردنەوە : 22.03.2024
فەڵەستین: "گەشتەکانی ئەنتۆنی بلینکن ھیچ ئەنجامێکیان نەبووە"

Ramallah

ڕامەڵڵا ــ AA

وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستین ڕاگەیاند کە گەشتەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھیچ ئەنجامێکیان نەبووە و ئاماژەی بەوەشداوە کە سوپای ئیسرائیل دەستدرێژییەکانی بۆسەر فەڵەستینییەکان چڕتر کردووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستین لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ١٦٧ ڕۆژ بەسەر ئەو شەڕە کۆمەڵکوژییە تێپەڕدەبێت کە سوپای ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە بۆسەر فەڵەستینییەکان لە غەززە ئەنجامی دەدات و ھاتووە: "لەچوارچێوەی شەڕەکەدا، سوپای داگیرکار، سیاسەتی کوشتن، برسێتی و بێ بەشکردنی فەڵەستینییەکان لە غەززە لە ئاوی پاک و دەرمان، پەیڕەو دەکات".

باسی لەوەشکردووە کە لەو کاتەی شەڕی کۆمەڵکوژیی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە دەستی پێکراوە، تا ئێستا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن شەش گەشتی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامداوە کە لە میانیاندا داوای وەستاندنی شەڕی سەر غەززە، ئاڵوگۆڕی بەدیلگیراوەکان و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانی بۆ غەززە کردووە.

ڕاشیگەیاندووە : "بەداخەوە، تا ئێستا ھیچ کام لە گەشتەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامیان نەبووە".

ئەوەش خراوەتەڕوو کە لەگەڵ ھەر یەک لەو گەشتانەی کە ئەنتۆنی بلینکن بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی ئەنجامیداوە، ئیسرائیل دەستدرێژییەکانی بۆسەر گەلی فەڵەستین چڕتر کردووەتەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، ھاتووە: "داوایش لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەین کە لە دانیشتنی ھەمیشەییدا بمێنێتەوە بۆ ڕێککەوتن لەسەر دیدێکی سیاسی یەکگرتوو و دانانی نەخشە ڕێگایەکی ورد بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستی مرۆیی بەپەلە و پاراستنی گیانی ھاووڵاتییانی مەدەنی لە غەززە دابینکردنی پێداویستییە مرۆییە سەرەکییەکانیان مسۆگەر بکات".

ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن لەچوارچێوەی گەشتەکەی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، گەیشتە میسر.

ھەروەھا ئەنتۆنی بلینکن لەچوارچێوەی گەشتەکەی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، سبەی ھەینی سەردانی ئیسرائیل دەکات.

لەو کاتەی لە ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣وە، ھێرشی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە دەستی پێکراوە، ئەمە شەشەھەمین گەشتە کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن بۆ ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامی دەدات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın