سياسەت

فەرسەت سۆفی: "لە دۆخێکی زۆر مەترسیدار و ھەستیارداین چونکە ئەو ڤایرۆسە گه‌یشتووه‌ته‌ ناو کۆمەڵگا"

پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە دوای کۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر چەند بڕیارێکیان تایبەت بە بارودۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان دەرکردووە.

Heman Hussein Yaseen  | 01.04.2020 - نوێکردنەوە : 03.04.2020
فەرسەت سۆفی: "لە دۆخێکی زۆر مەترسیدار و ھەستیارداین چونکە ئەو ڤایرۆسە گه‌یشتووه‌ته‌ ناو کۆمەڵگا"

Arbil

هه‌ولێر - AA

پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە دوای کۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر چەند بڕیارێکیان تایبەت بە بارودۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان دەرکردووە.

فەرسەت سۆفی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: ''ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر بەڕێوەچوو کە ئێمە وەک پارێزگای ھەولێر لە دۆخێکی زۆر مەترسیدار و ھەستیارداین چونکە ئەو ڤایرۆسە جگە لەوانەی کە لە کەرەنتینن ئەوا بەشێکی دیکەیان لەناو کۆمەڵگەدان، بۆیە بەمەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە تا بەناو کۆڵانەکاندا بڵاو نەبێتەوە دەبێت ئەو ١٠ رۆژەش بەرگە بگرین لەگەڵ ئەوەی کە ھەست بە نیگەرانییەکانیش دەکەین بەڵام لایەنی دووەمی مەترسییەکەدا دەبێت لەبەرچاو بگرین و بۆیە داوا لە خەڵک دەکەین ھاوکارمان بن''.

فەرسەت سۆفی راشیگەیاند کە لە کاتژمێر ١ی ئەمشەو تا ٦ی بەیانی رێگادراوە کە ئەوانەی کاری پێویستیان ھەیە، ھاتوچۆ بکەن بەتایبەت ئەوانەی خاوەن کێڵگە و کاری بەخێوکردنی ھەنگ دەکەن دەتوانن ھاتوچۆ بکەن بەڵام داوا دەکەین کە ئەم کاتە بۆ ئەوە بەکارنەھێنن تا خەڵک بچێتە گەشت و سەیران و بە پێچەوانەوە ناچارین بڕیارەکە راگرین، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو خێزانانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە ماڵەکانییان و لە دەرەوەی ماڵەکانییانن، ئەوا دەتوانن لەسەر ماڵپەڕی وەزارەتی ناوخۆ، فۆڕمێکمان داناوە و پڕی بکەنەوە و چاوەڕێی ئەنجامەکە بکەن بۆ ئەوەی رەزامەندییان پێ بدرێت''.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی ئاماژەی بە کردنەوەی نووسینگەی حەواڵە و ئاڵوگۆڕی دراو کرد و رایگەیاند کە رێگایان پێدراوە ھەفتەی دوو رۆژ نووسینگەکانییان بکەنەوە بەڵام دەبێت مەرجی تەندروستیی رەچاوکراوبێت بە جۆرێک نێوان ھەر دوو کەس، سێ مەتر مەودای ھەبێت، بە پێچەوانەوە، شوێنەکە دادەخرێت''.

لەبارەی مووچەی کارمەندانی کەرتی تایبەتەوە، پارێزگاری ھەولێر فەرسەت سۆفی گوتی: '' دەبێت خاوەنکاران مافی کارمەندانیان بدەن و ئێمە جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی گرێبەستەکانی کرێکاران لە کەرتی تایبەت دەکەینەوە''.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فەرسەت سۆفی گوتیشی: ''داوامان لە خاوەن مۆلیدە ئەھلییەکان کردووە کە رەچاوی دۆخی دارایی خەڵک بکەن و بۆ بابەتی کرێی خانووش، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران قسەیان لەسەر ئەو بابەتە کردووە بەڵام جارێ ئەنجامەکەی نازانین چییە''.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın