سياسەت

فازڵ میرانی: "شەراکەتی نێوان پارتی و یەکێتی هەڵناوەشێتەوە"

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی رایگەیاند، لەنێوان حزبەکەی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شەراکەت هەیە و ئەو شەراکەتە هەڵناوەشێتەوە.

Sarmand Hameed  | 13.05.2020 - نوێکردنەوە : 19.05.2020
فازڵ میرانی: "شەراکەتی نێوان پارتی و یەکێتی هەڵناوەشێتەوە"

Arbil

هەولێر - AA

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی رایگەیاند، لەنێوان حزبەکەی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شەراکەت هەیە و ئەو شەراکەتە هەڵناوەشێتەوە.

فازڵ میرانی لە میانی سەردانی بۆ لقی پارتەکەی لە شاری زاخۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەڵسەنگاندنی بۆ چەند پرسێک کرد.

میرانی رایگەیاند، عێراق و هەرێمی کوردستان و جیهان دوای پەتای کۆرۆنا لە بواری سیاسیی و ئابووری و تەندروسیی کەوتووەتە قۆناغێکی دیکەوە، و لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا کەوتنە سەر چۆک چونکە ئەو وڵاتانە سیستەمی سەرمایەدارییان بەپێش سیستەمی تەندروستی خستبوو.

میرانی ستایشی هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و داوای کرد هاووڵاتییان پابەندی ئەو رێنماییانە بن کە لەلایەن حکوومەتەوە دەردەکرێن.

فازڵ میرانی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی گوتی: "ئەوەی من دەیزانم کازمی پشتیوانیی ئەمریکا، رۆژئاوا، ئیران و کەنداو، شیعە و سوننە و کوردی هەیە، ئەمەش چانسێکی باشە بۆ هەر سەرۆکوەزیرانێک، ئەوانەی پیشتر لەم پشتیوانییە بەهرەیان نەبوو، بەرنامە حکوومییەکەی بەرنامەیەکی گشتی و باشە و باسی هەرێمی کوردستانیش دەکات".

میرانی ئاماژەی بەوەشکرد کە باشترە کازمی بایەخ بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بدات.

لەبارەی پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارێکی کوردستان کە بەهۆیەوە وەک باس دەکرێت دانیشتنەکانی پەرلەمان وەستاون، میرانی گوتی: "من لەوبارەیەوە هیچ ناڵێم، سەرۆکی پەرلەمان و جێگر و سکرتێری پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆن هەن، ئەوان بڕیار لەسەر ئەنجامدان یان دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان دەدەن".

سکرتیری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەربارەی پەیوەندییەکانی حزبەکەی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی: "ئێمە و یەکێتی شەریکی یەکترین لەم وڵاتەدا، هەروەها پێکهاتەکانیش لە دەرەوە هاوردە نەکراون، ئەوانیش شەریکن لەم وڵاتەدا، ئێمە و یەکێتی راپەرینمان کردووە و پەرلەمانمان دروست کردووە، لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە باش و خراپ، ئێمە دەڵێین باشمان کردووە. خەڵکانێکیش دەڵێن ئێوە باشتان کردووە، چونکە ئێوە شەریکی ئێمە بوون، هەندیک جاریش دەڵێن ئێوە خراپتان کردووە، چونکە ئەوان بووونەتە ئۆپۆزسیۆن، ئەوانیش ئازادن، بەڵام شتی باشمان کردووە، ئەوەی ئێستا پارتی و یەکێتی کردوویانە، یەکێک لە ئێمە نەیکردووە و ناتوانین ئەو بانگەشەیە بکەین. یەکتربڕی حزبی و جیاوازیی بیروڕا هەن، بەڵام شەراکەت هەڵناگیرێت، چونکە ئەم شەراکەتە بەرژەوەندیی ستراتیژیی بزاڤی ئازادیخوازی کورد و کوردستان لەسەر هەردوو حزب فەرزی دەکات و بەردەوامبوونی، تۆمارکردنی سەرفەرازیی میژوویی خۆیانە".

میرانی لەبارەی ئەنجامدانی کۆنگرەی حزبەکەی گوتی: "بڕیاری کۆنگرەمان داوە، بەڵام بەهۆی کۆرۆنا و پێشهاتەکانی ئەم دواییە وایانکرد دوابکەوێت، بەڵام لەمیانی ئەمساڵدا کۆنگرە دەبەستین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın