عێراق

فازڵ میرانی: "شەممەی داھاتوو پارتی و یەکێتی لە ھەولێر کۆدەبنەوە"

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی: "شەممەی داھاتوو، پارتی و یەکێتی لە بارەگای سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر، کۆدەبنەوە".

Abdulhameed Husseın Karam  | 05.05.2020 - نوێکردنەوە : 08.05.2020
فازڵ میرانی: "شەممەی داھاتوو پارتی و یەکێتی لە ھەولێر کۆدەبنەوە"

Arbil

ھەولێر - AA

شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی سکرتێری مەکتەبی سیاسی، فازڵ میرانی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی مەحمود محەمەد و کاکەمین نەجاڕ و ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی لقی٢، ئەحمەد کانی سەردانی پارێزگای ھەولێریان کرد و لەلایەن پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی پێشوازییان لێکرا.

دوای دیدارەکە سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان فازڵ میرانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "ھاتووین وەک پارتی سوپاس و دەستخۆشی لە پارێزگاری ھەولێر و جێگرانی پارێزگار و قایمقام و بەرێوەبەری گشتیی تەندروستی و ھەموو ئەو تیمە بکەین کە لەگەڵتان کاردەکەن، چونکە ئەو ماوەیە ئێوە بەو ئیمکانیاتە داراییە کەمەی لەبەردەستتان بوو، لە ھێزی خۆتان زیاتر کارتانکردووە، ئەگەر ھەر کەم و کوڕییەکیش ھەبووبێت ئەوا لە ھەموو دونیا کەم و کوڕی دەبێت، یەکیک لەو کەم کوڕییانەی کە دەستی ئێوەی تێدانەبووە پابەند نەبوونی ھاووڵاتییان بووە بە رێنماییە تەندروستییەکان، دووەمیش ئەو ئیمکانیاتە کەمەی دارایی بووە، ئەگەر نا ئێمە بە حکوومەت و پارێزگای ھەولێر سەرفرازین و سوپاستان دەکەین کە کارێکی زۆرباشتانکردووە لەماوەی رابردوودا و بەرھەمی کارەکانیشتان دیارە".

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ھەروەھا گوتی: "حکوومەتی ئێمە دەستپێشخەر بووە، لە بابەتی کۆرۆنا، سەرەتا رێکارەکانی توندی کرد و ئێستاش وردە وردە ئاسانکاری دەکەن. بەو ھیوایەین ئەم کارکردنە بە جیددییەتی حکوومەت بەردەوام بێت و میللەتیش پشتیوانی لە حکوومەت بکەن".

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "شەممەی داھاتوو، پارتی و یەکێتی لە بارەگای سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر، کۆدەبنەوە".

لە بارەی پرسی لامەرکەزییەت کە ماوەیەک بەر لە ئێستا ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە یاداشتێکدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییان کردبوو، داوای پێکھێنانی لیژنەیەکی کاتییان کردبوو کە نوێنەرانی سەرجەم فراکسیۆنەکان بەتایبەت ئەو ئەندامانەی کە پسپۆڕییەکانیان یاسا و دارایی و ئابوورییە بەمەبەستی دووبارە داڕشتنەوە و ئامادەکردنی پڕۆژەیەک بۆ مەبەستی لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی و دابەزینی دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی، فازل میرانی گوتی: "لامەرکەزیەت تەفسیری زۆری ھەیە و ئەوان لێژنەیەکییان پێکھێناوە بۆ ئەو پرۆژەیە و ھەر پرۆژەیەک ئەگەر ئامادە بکرێت دەبێت بێتە ئەنجوومەنی وەزیران و ئەگەر یاساییش پێویست بێت دەچێتە پەرلەمان ناکرێت پێچەوانەی یاسا بێت و ئێمە چاوەڕوانی دەکەین".

ھەروەھا گوتیشی: "ئەو لامەرکەزییەتە ئێمە لە ٢٠٠٩وە لە حکوومەت باسی لێدەکەین و ئێستاش لە گەڵ پارێزگار باسمان کرد ئەگەر بێینە واقیع ھەولێر زیاتر پێویستی بە لامەرکەزییەت ھەیە".

دواتر پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی رایگەیاند: "زۆر سوپاسی پشتیوانی و ھاوکارییتان دەکەین، بەدڵنییاییەوە ئەو ڕێکار و ڕێوشوینانەی کە کراون لەپێناوای پاراستنی بەرژەوەندی خەڵک و گشتی بووە، سوپاسی ھاوکاریکردنیانی ھاوڵاتییان و ھاوشاریانمان دەکەین، بۆ قۆناغی داھاتوو ئەوەیە کە خەڵک خۆی بەرپرسیارییەتی بگرێتە ئەستۆی خۆی و ئێمەش وەکو حکوومەت ھاوکار دەبین بۆئەوەی بتوانین بە سەلامەتی ئەو قۆناغەش تێپەڕێنین، سوپاس بۆ ھەموو لایەنە سیاسیەکانی دیکەش کە لە ھەولێرن ھاوکارمان بوونە و لەگەڵمان بوونە و سەردانییان کردووین، بەدڵنیاییەوە ھەموومان پێکەوە دەتوانین سەرکەوین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın