عێراق

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان: " لە دەستپێکی رێکارەکانی کۆنترۆلی ناوچە سنووریەکان بە ھۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ژمارەیەک قاچاخچی ھەوڵی ھێنان و بردنی چەندین کەسیان لە سنوورى زینی وەرتێ داوە، کە پێچەوانەی ڕینماییە تەندروستییەکانی حکوومەت بووە"

Abdulhameed Husseın Karam  | 17.04.2020 - نوێکردنەوە : 18.04.2020
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

Arbil

ھەولێر - AA

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند پێویست دەکات لە سەر ئەو گرژییانەی لە بارەی زینی وەرتێ لە لایەن کەسانێکی نامەسئولەوە ھاتوونەتە ئاراوە، ڕوونکردنەوە بدەین لە دەستپێکی رێکارەکانی کۆنترۆلی ناوچە سنووریەکان بە ھۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ژمارەیەک قاچاخچی ھەوڵی ھێنان و بردنی چەندین کەسیان لەو سنوورە داوە، کە پێچەوانەی ڕینماییە تەندروستییەکانی حکوومەت بووە.

مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا دەلێت: "ھێزە ھاوبەش و یەکگرتووەکان ھێزی حکوومەتن و حکوومەت خۆی بڕیار دەدات لە چ ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستان جێگیرییان بکات. ئەو ھێزە ھاوبەشانە بە بێ ھیچ ھەستیارییەک لە ھەموو پارێزگاکانی ھەرێمدا بڵاوەیان پێ کراوە".

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە میانی پەیامەکەیدا رایگەیاندووە: "بێجگە لە ھێزی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، ھیچ ھێزێکی حیزبیی دیکە لە زینی وەرتێ جێگیر نەکراوە. ھەروەھا لە کاتێکدا سوپاسی ئەو ھێزە سیاسییانە دەکەین کە نیگەرانیی و پەرۆشی خۆیان بەرامبەر بەم دۆخە نەخوازراوە دەربڕیوە، داوایان لێ دەکەین بڕیار و دەسەڵاتەکانی حکومەت لەگەل ھی حیزبێک بەراورد نەکەن، چاوەڕیی ئەوەیان لێ دەکەین پشتیوانی ھەوڵەکانی حکومەت بن بۆ جێبەجێکردنی یاسا و نەھێشتنی دەسەڵاتی نابەرپرس و گرووپە چەکدارەکانی ژێر دەسەڵاتی شەخسی. داویان لێ دەکەم بڕیارەکانی حکوومەت بە بڕیارەکانی حیزبی نەزانن و چەسپاندنی یاسا بە ململانێی حیزبی ھەژمار نەکەن"

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەلێت: "باسکردنی دوو ئیدارەیی و تۆمەتبارکردنی یەکتری، خزمەت بەو بارودۆخە ناکات، ئەمەی ئێستا ڕوودەدات یاخیبوونی تاقمێکی دیاریکراوە بەرامبەر بە حکوومەت، نەک ململانێی حیزبی. ھیوادارین ئەو لایەنانە بە وریاییە مامەڵە لەگەل ئەم گرژییە بکەن و رۆڵی خێر و کاریگەرییان بەو شێوەیە دەردەکەوێت، کە بەرامبەر بە ناحەقی و پێشێلکارییەکان بوەستنەوە، نەک چاک و خراپ بە یەک چاو سەیر بکەن".

ھەروەھا لە پەیامەکەی مەسرور بارزانیدا ئاماژە بەوە کراوە وەزیرەکان، وەزیری ھەموو حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن و رێنماییەکانیان لە حکوومەت وەردەگرن نەک حیزبەکان، ئەمەش خواست و ئاواتی ھەموو خەڵکی کوردستان بووە.


دەقی پەیامی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان :

حکوومەتی ھەرێم حکوومەتی ھەموو ھەرێمی کوردستانە

دوابەدوای ھەوڵە سەرکەوتووەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئیدارەدانی قەیرانە یەک لە دوا یەکەکان، بە تایبەت لە ئیدارەدان و رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ھەوڵێکی ئاراستەکراو لە دژی حکوومەت دەستی پێکردووە، کە دڵنیام ناتوانێت ڕێگە لە خواستی حکوومەت و خەڵک بگرێت.

پێویست دەکات لە سەر ئەو گرژییانەی لە بارەی زینی وەرتێ لە لایەن کەسانێکی نامەسئولەوە ھاتوونەتە ئاراوە، ڕوونکردنەوە بدەین.
لە دەستپێکی رێکارەکانی کۆنترۆلی ناوچە سنووریەکان بە ھۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ژمارەیەک قاچاخچی ھەوڵی ھێنان و بردنی چەندین کەسیان لەو سنوورە داوە، کە پێچەوانەی ڕینماییە تەندروستییەکانی حکوومەت بووە.

بۆ رێگریکردن لە سەرپێچییەکان، وەک زۆرێک لە ناوچە سنوورییەکانی دیکە، وەزارەتی پێشمەرگە ھێزێکی یەکگرتوو و ھاوبەشی بۆ زینی وەرتێ ڕەوانە کرد، بەڵام بەداخەوە لە کاتێکدا چاوەڕوانی پاڵپشتیی ھەموو لایەنەکان لە حکومەت بووین، تاقمێکی دیاریکراو بە مەبەست و بە نەفەسی حیزبیانە، ھێزی حیزبییان بەرامبەر بە ھێزی حکومەت جووڵاند و بە ئاشکرا دژی حکومەت وەستانەوە، بە بیانووی ئەوەی کە گوایە ئەم سنوورە ھی حیزبێکی دیاریکراوە و حکومەتی ھەرێم ناتوانێت ھێزە ھاوبەشەکانی تێدا جێگیر بکات و بۆ ئەم مەبەستەش کەوتوونەتە تۆمەت ھەڵبەستن وتێکەڵکردنی بابەتی نابەجێ و ناپەیوەندیدار.

ھێزە ھاوبەش و یەکگرتووەکان ھێزی حکوومەتن و حکوومەت خۆی بڕیار دەدات لە چ ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستان جێگیرییان بکات. ئەو ھێزە ھاوبەشانە بە بێ ھیچ ھەستیارییەک لە ھەموو پارێزگاکانی ھەرێمدا بڵاوەیان پێ کراوە. بۆیە لێرەدا ئەم پرسیارە دەخەینە بەردەم ڕای گشتیی کورستان کە بۆچی و بە چ مەبەستێک تەنیا دژایەتی چوونی ھێزی حکوومەت بۆ زینی وەرتێ دەکرێت؟

لێرەدا بۆ ھاووڵاتیانی خۆشەویستمان دووپاتی دەکەمە کە بێجگە لە ھێزی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، ھیچ ھێزێکی حیزبیی دیکە لە زینی وەرتێ جێگیر نەکراوە.

ھەروەھا لە کاتێکدا سوپاسی ئەو ھێزە سیاسییانە دەکەین کە نیگەرانیی و پەرۆشی خۆیان بەرامبەر بەم دۆخە نەخوازراوە دەربڕیوە، داوایان لێ دەکەین بڕیار و دەسەڵاتەکانی حکوومەت لەگەل ھی حیزبێک بەراورد نەکەن، چاوەڕیی ئەوەیان لێ دەکەین پشتیوانی ھەوڵەکانی حکومەت بن بۆ جێبەجێکردنی یاسا و نەھێشتنی دەسەڵاتی نابەرپرس و گرووپە چەکدارەکانی ژێر دەسەڵاتی شەخسی. داویان لێ دەکەم بڕیارەکانی حکوومەت بە بڕیارەکانی حیزبی نەزانن و چەسپاندنی یاسا بە ململانێی حیزبی ھەژمار نەکەن.

باسکردنی دوو ئیدارەیی و تۆمەتبارکردنی یەکتری، خزمەت بەو بارودۆخە ناکات، ئەمەی ئێستا ڕوودەدات یاخیبوونی تاقمێکی دیاریکراوە بەرامبەر بە حکوومەت، نەک ململانێی حیزبی. ھیوادارین ئەو لایەنانە بە وریاییە مامەڵە لەگەل ئەم گرژییە بکەن و رۆڵی خێر و کاریگەرییان بەو شێوەیە دەردەکەوێت، کە بەرامبەر بە ناحەقی و پێشێلکارییەکان بوەستنەوە، نەک چاک و خراپ بە یەک چاو سەیر بکەن.

لە سەرەتای دەستبەکاربوونمان لەم کابینەیەدا بەڵێنی راستگۆیی و خزمەت و چەسپاندنی گیانی یەک ئیدارەییمان بە ھاووڵاتییانی خۆشەویست داوە. بە ھیچ شێوەیەک قبول ناکەین بە ڕوالەت حکومەتی یەکگرتوو ھەبێت و، لە بەشێکی ھەرێم دەسەڵاتداریی دیکە ھەبێت و دژایەتی حکوومەت بکەن.

وەزیرە بەڕێزەکان، وەزیری ھەموو حکومەتی ھەرێمی کوردستانن و رێنماییەکانیان لە حکوومەت وەردەگرن نەک حیزبەکان، ئەمەش خواست و ئاواتی ھەموو خەڵکی کوردستان بووە.

ئێمە لە کاتێکدا کە نوێنەرایەتی ھەموو ناوچەکانی کوردستان دەکەین، ئاوھاش بەرپرسیارین لە چەسپاندنی یاسا و رێنماییەکان لە ھەموو ناوچەکان بە بێ فەرق و جیاوازی. بە ھیچ شێوەیەک رێگە نادەین لە ھەرێمی کوردستاندا چەندین حوکومڕانیی جیاواز لە دەرەوەی یاسا سەر ھەڵبدەن و رێگری لە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی حکومەت بکەن.

ھاوولاتییانی خۆشەویست:

من پشت بە خوا و ئێوەی دڵسۆزی نیشتمان، ئەم ئەرکە قورسەم قبول کردووە. ئێستاش بە پشت بەستن بە خوا و ئێوە ، لە چەسپاندنی یاسا و خزمەتی ھەموو خەڵکی کوردستان، بەبێ جیاوازی بەردەوام دەبین.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın